ئاب 18, 2018

هەندێ لەو دیاردانەی ژینگە ناشیرین دەكەن

ژینگە لە هەموو كات و سەردەمێكدا لایەنێكی هەرە دیار و گرنگی ژیانی مرۆڤە بە جۆرێك لێی جیا نابێتەوە، بۆیە دەبێ بە هەموو لایەكمان هەوڵی جیدی بۆ بدەین و بەرەو پێشەوەی ببەین و نەهێڵین كێشە و گرفتی زەقی هەبێت، بەڵام بەداخەوە لێرە و لەوێ هەندێ دیاردە هەن كە ژینگە ناشیرین و قێزەون دەكەن و سیما جوانەكەی دەشێوێنن یان هەر نایهێڵن، بۆیە لێرەدا بەپێی توانا هەندێك لەو دیاردانە دەخەینە ڕوو بەو ئومێدەی هەموومان هۆشیار بینەوە و سوودی لێ ببینین و جارێكی دیكە دووبارەیان نەكەینەوە، چونكە زەرەر و زیان بە هەموو لایەكمان دەگەیەنێت:-
- زۆربەمان وا ڕاهاتووین زۆر بە كەمی بە تەنگ پاك و خاوێنی ژینگەی شارەكەمانین و پێمان وایە ئەو كارە دەبێ لایەنە پەیوەندارەكان جێبەجێی بكەن، كەچی بۆ ماڵی خۆمان وا نین، بۆیە دەست بۆ هیچ شتێك نابەین كە سوود و قازانج بە ژینگەی شارەكەمان بگەیەنێت، ئەوەشیان كارێكی چەوتە و دەبێ لەمەودوا ئێمەش لەلایەن خۆمانەوە هاوكاری سەركەوتنی ئەو پرۆسەیە بین و

ژینگەی دەرەوەش بە هی خۆمان بزانین و كاری بەردەوامی بۆ بكەین.
- هەندێ جار كەسانی نابەرپرس لەسەر جادە و شەقامەكانی شاردا مۆز دەخۆن پاشان زۆر بێ باكانە و بە ڕۆژی ڕووناك توێكڵەكەی فڕێ دەدەن بێ ئەوەی حیساب بۆ ئەوە بكەن كە ئەو دیاردەیە زۆر چەوتە لە چەندین ڕووەوە زەرەر و زیانمان پێ دەگەیەنن، یەكەمیان دیاردەیەكی تا بڵێی ناشارستانیە و لەگەڵ سەردەمی ئەمڕۆی پێشكەوتن و تەكنەلۆژیادا ناگونجێ و دووەمیان شار و وڵاتەكەمان پیس دەكەن و جوانیەكەی ناهێڵن و سێیەمیان هاووڵاتیان لەسەریدا هەردەخلیسكێن و تووشی زەرەر و زیانی جەستەیی دەبنەوە و لەشیان تووشی شكست دێت، بۆیە وا چاكە ئەو

پەلكە مۆزانە بخرێنە شوێنی تایبەتیەوە یان تەنەكەی زبڵەوە.
- جاران سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە دەبێ هەموو ماڵێك دارێك یان نەمامێك لەبەردەم ماڵەكەیدا بڕوێنێ بۆ ئەوەی ڕێژەی سەوزایی زیاد بێت و هەموو لایەك لێی سوودمەند بێ، كەچی دەبینین ئەمڕۆ ئەو دیاردەیە بەرەو كەمی چووە یان هەر نەماوە، بۆیە دەبێ خۆمان هەست بە بەرپرسیەتی بكەین ئیدی بایەخ بەو بیرۆكەیە بدەین و دار و نەمام

بڕۆێنین و شار و وڵاتەكەمان جوان و ڕازاوە بكەین.
- ئەگەر تەماشا بكەین دەبینین ئەمڕۆ باخچە و پاركی گەڕەكەكانی نێو شار بە گشتی پیسن و سیمایەكی شارستانیان پێوە دیار نیە و زیاتر بوونە گۆڕەپانی وەرزش و یاری تۆپێنی منداڵان و خەریكە دەبێتە وێرانە و كەسیش دەنگ ناكەن، بۆیە دەبێ هەموومان لەو كارە بێینە دەنگ و لەوە زیاتر ماوە نەدەین جوانی ئەو باخچانە تێك بچن، چونكە بە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر هاتوونە

بەرهەم و پارەیەكی زۆریشی تێدا خەرج كراوە، سەرباری هەموو ئەوانەش هەموو لایەك لێی سوودمەند دەبێت و تێیدا دادەنیشێت.
- ماوەیەك لەمەوبەر لە چەندین گەڕەكی شار یاریی وەرزشیان دانا بۆ ئەوەی هاووڵاتیان سوودی لێ ببینن و لە كاتی زیادەی خۆیان وەرزشی لەسەر بكەن و ببنە خاوەن تەندروستیەكی باش، كەچی لە ئێستادا دەبینین زۆربەی ئامێرەكان شكاون و وەك خۆیان نەماون، بەڕاستی ئەوەیان غەدرێكی زۆر گەورەیە كە لە سامانی نیشتمانیدا دەكرێ بێ ئەوەی كەس خۆی لێ بە خاوەن بگرێ، بۆیە دەبێ ئەو ڕاستیە بزانین ئەگەر هاتوو ئەو ئامێرانە بە تەواوی لە كەڵك كەوتن لایەنە پەیوەندارەكان ئامادە نین جارێكی دیكە ئەو كارە بۆ ئەو گەڕەكە بكەنەوە كە قەدریان نەزانیوە.
- دیاردەیەكی زۆر ناشیرین لە شوێنە تایبەتی و گشتیەكاندا بوونی هەیە و بگرە لە زیادبووندایە، ئەویش فڕێدانی توێكڵە گوڵە بەڕۆژە و جۆرەكانی دیكەی چەرەزاتە، بۆیە دەبێ لە پێناو پاك ڕاگرتن و جوانكردنی شارەكەمان واز لەو خووە خراپە بهێنین و لە جیاتی ئەوە با هەموومان هەوڵی پاك و خاوێنی شار و وڵاتەكەمان بدەین و بەو كارە وێنەیەكی جوان و شایستە پێشانی دەوروبەر بدەین.
- ئەوانەی سەرەوە كە بە خاڵ باسمان لێوە كردن هەموو ئەو دیاردە ناشیرینانە نین، بەڵكو گەلێك دیاردەی دیكە هەن كە ژینگە پیس دەكەن، بۆیە ئەگەر تەمەن بمێنێ لە دەرفەتێكی دیكە ئەوانی دیكەش بە خاڵ دەخەینە ڕوو بەو ئومێدەی هەموومان سوودی لێ ببینین و بە شێوەی كردار كاری جیدی و دڵسۆزانەی بۆ بكەین.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

 

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.