تشرینی دووەم 12, 2019

15ئامۆژگاری بۆ پارێزگاریكردن لە چاوەكانت

چاوەكانت ماندوون و ئەمەش وا دەكات ڕوخسارت خەمبار بنوێنێ، بەڵام ئازاریان هەیە و ئاوساوە، خەرمانەیەكی رەش بەدەوریان دروست بووە، ئەم ماندوبوونەش كاریگەری هەیە لەسەر جوانی ڕوخسارت، پزیشكان 15 رێنوێنیان هەیە بۆ تەندروستی و جوانیی چاوەكان:

1ـ مەساجی چاو بكە، دەتوانیت بە شێوەیەكی نەرم و بە رێكوپێكی هەموو بەیانییەك مەساجی چاوە ماندووەكەت بكەیت بەشێوەیەك لە گۆشەی ناوخۆی چاوە بەرەو گۆشەی دەرەوە بە پەنجە مەساجی بكەیت كە سووڕی خوێن چالاك دەكات.
2ـ كەوچك خستنەسەر چاو: دەتوانیت دوو كەوچكی كانزایی بۆ ماوەی 15 خولەك بخەیتە ناو ساردكەرەوە، پاشان ماوەی 10 خولەك بیانخە سەر چاوەكانت و هەموو بەیانییەك دووبارەی بكەوە ئەوجا دەبینی كە خەرمانەی رەشی دەوری چاوەكانت بە خێرایی لادەچێ.
3ـ پێستی دەوری چاوەكانت شێدار بكە، هەموو شەوێك پێش نوستن دەوری چاوەكانت بە رۆنی باوی چەور بكە و مەساجیان بۆ بكە كە باشترین جۆری رۆنە بۆ شێداریی پێست.
4ـ ڤیتامین ئەی بخۆ، دەزانی كە ڤیتامین ئەی بۆ پارێزگاریی تەندروستیی چاو پێویستە، كاتێك كەمی ئەو ڤیتامینە دەبێتە هۆی وشكبوونەوەی پەردەی دەرەوەی چاو و ناوپۆشی پێڵووەكان و هەوكردنی پێڵوو، بۆیە بۆ خۆلادان لەوە پێویستە ئەو خۆراكانە بخۆیت كە بە ڤیتامین ئەی دەوڵەمەندن وەك تەماتە و بیبەر و سپێناخ و گێزەر و قەیسی زەردێنەی هێلكە.
5ـ خەیار، زۆر سوودی بۆ چاوەكانت هەیە، چونكە ئەو جۆرە سەوزە رێژەیەكی زۆر ئاوی تیادایە و رۆڵی گەورەی لە شێداركردنی پێست هەیە، بۆیە شەوانە پێش خەوتن بۆ ماوەی 10 خولەك قاشی خەیار بخەرە سەر چاوەكانت بۆ حەسانەوەیان و ئەو كارە بەرێكوپێكی ئەنجام بدە و ئەنجامی باشی دەبێت.
6ـ لەسەر پشت بخەوە، نوستنی سەر دیوی پشتی شەوانە هۆكارێكی كاریگەرە بۆ ئەوەی خواحافیزی لە خەرمانەی رەشی دەوری چاو و ئاوسانی ژێر چاو بكەیت، بەڵام ئەگەر نەتتوانی زۆر لەسەر پشن بخەویت كەمێكیش سوودی هەیە.
7ـ چا، رێگەیەكی سادە و كاریگەرە بۆ رزگاربوون لە ئاوسانی ژێر چاو كاتێك كیسی چای رەش یان بابوونج دەتوانی بیخەیتە ناو ئاو و بیخەیتە ناو ساردكەرەوە و دوای ئەوە كیسەكە بۆ بەیانیان دوای لەخەو هەستان ماوەی پێنج خولەك بخەرە سەر چاوەكانت و كاریگەری باشی دەبێت.
8ـ لە خواردنی خوێ و زۆرخواردنەوەی ئاو شەوانە دووربكەوە، پێویستە بزانیت كە خوێ و ئاو تێكەڵێكی كاریگەرە بۆ دروستكردنی ئاوسانی ژێر چاو، بۆیە شەوانە واز لە خواردنیان بێنە و سیستەمی خۆراكت هاوسەنگ بكە.
9ـ چۆنیەتیی لابردنی ماكیاجی چاو، بەهێز و پەستان ناوچەی چاو مەگوشە بۆ لابردنی ماكیاج، بەڵكو بە شێوەیەكی ئاسایی و نەرم بێ پەستان خستنە سەر پێستەكەی یان چاو لای بدە.
10ـ ساردكردنەوە، كڵۆی سەهۆڵ بخەرە ناو پارچەیەك قوماش و بۆ ماوەی 10 خولەك بیخەرە سەر چاو كە زۆر كاریگەرە بۆ كەمكردنەوەی ئاوسانی ژێر چاو.
11ـ ئاوی گوڵ، رێگەیەكی زۆرباشە بۆ لابردنی خەرمانەی رەشی دەوری چاو و چاویش شێدار دەكات، بۆیە پارچەیەك لۆكە بێنە و بیخەرە ناو ئاوی گوڵی دانراو لەناو ساردكەرەوە و بەنەرمی بیخەرە سەر پێڵووی چاوت.
12ـ قاوەی هاڕڕاو یان هەنجنراو، دەتوانیت بۆ ماوەی چەند خولەكێك بیخەیتە سەر چاوەكانت كە چارەسەرێكی كاریگەرە بۆ رزگاربوون لە خەرمانەی رەشی دەوری چاو و ئاوسانی ژێرچاو.
13ـ شیر، بۆ ماوەی 10 خولەك پارچەیەك لۆكەی تەڕكراو بە شیری كەمچەور یان بێ چەوری بخەرە سەر چاوەكان و بۆ نەهێشتنی ماندووبوونی چاو زۆر باشە.
14ـ ڤیتامین سی، بۆ رێگرتن لە هەوكردنی پەردەی پۆشەری چاو پێویست بە خواردنی ڤیتامین سی دەكات كە هەروەها بەرگری لەش و نەهێشتنی هەوكردن زیاتر دەكات.
15ـ نوستن، باشترین رێگەیە بۆ چاوێكی جوان و تەندروست و دەبێتە هۆی حەسانەوەی چاو.

 

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

© 2017 Hawler