تشرینی یەکەم 17, 2019

چۆن خۆت لە شێرپەنجەی مەمك دەپارێزی؟

مانگی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك مانگی هۆشیاركردنەوەیە لەبارەی شێرپەنجەی مەمك و هەڵمەتێكی هۆشیاركردنەوەی جیهانییە بەمەبەستی وریاكردنەوە و بڵاوكردنەوەی زیاترین زانیاری لەبارەی دووەم بڵاوترین جۆری شێرپەنجە لە ژناندا.

كۆمەڵەی شێرپەنجەی ئەمەریكایی پێشبینی دەركەوتنی 271270 حاڵەتی نوێی شێرپەنجەی مەمك لە ساڵی 2019 دەكات كە 99%ی لە ژندا دەستنیشان دەكرێت، لەوكاتەی ناتوانرێت هەندێك لە هۆكارەكانی شێرپەنجە وەك بۆماوە و تەمەن دەستكاری بكرێت، دەتوانرێت ژمارەیەك رێوشوێنی خۆپارێزی بۆ كەمكردنەوەی شێرپەنجەی مەمك وەربگیرێت لە رێگەی پاراستنی تەندروستی گشتی مرۆڤ.
سەنتەری كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان و پاراستن لێیانەوە رێنوێنی دەدات بۆ خۆپاراستن لەو حاڵەتە پێویستە پارێزگاری لە كێشی تەندروستی بكرێت و وەرزشی رێك ئەنجام بدرێت، جیا لە گفتوگۆكردن لەبارەی رێگرەكانی دووگیانبوون لەگەڵ پزیشك و رەنگە شیردانی سروشتی یارمەتی پاراستنی ژن بدات لە شێرپەنجەی مەمك.
ناوەندەكانی تایبەت بە شێرپەنجەی مەمك هەروەها رێنوێنی دەدەن بە كەمكردنەوەی خواردنەوەی مادەی كحوول كە هەرچەند زیاتر بخورێتەوە مەترسی تووشبوون بەو جۆرە شێرپەنجە زیاتر دەبێت، بەپێی ناوەندی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییەكان رەنگە هەندێك هۆكاری وەك پیربوون و بازدانی بۆماوەیی و چارەسەری پێشتر بەهۆی تیشكەوە و مێژووی خێزانی تووشبوون بەو نەخۆشییە، مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد بكەن.
ژنان فێری ئەوە دەكرێن كە چۆن بەدوای دروستبوونی گرێ لە شانەكانی مەمكیان بگەڕێن و خۆیان پشكنین بكەن، هەروەها گرنگە ئەوان ئاشنا بكرێن بە شێوانیتر ئەگەر هەبێت. بەپێی سەنتەری چارەسەری شێرپەنجە لە ئەمەریكا رەنگە سوورهەڵگەڕان و ئاوسانی پێست و گۆڕانی شێوەی مەمك و هاتنی كێم لە گۆی مەمك و ئازاری مەمك و گرژبوونی پێستەكەی لە نیشانە وریاكەرەوەكانی ئەگەری هەبوونی شێرپەنجەی مەمك بن.
بەڵام هێشتا ئەو نیشانانە دووپاتی دروستبوونی نەخۆشیەكە ناكەنەوە، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشكی شارەزا بكرێت بۆ دووپاتكردنەوە و وەرگرتنی رێنوێنی تایبەت بە خۆپارێزی و چارەسەری.
لای هەندێك ژن دوای دەركەوتنی ئەو نیشانانە شێرپەنجەی مەمك دەستنیشان دەكرێت دوای دەركەوتنی نیشانەی تریش، بەڵام زۆرێك لە ژنانی تووشبوو بەو نەخۆشییە هیچ نیشانەیەكی دیاریكراویان نییە، بۆیە پێویستە وێنەی تیشكی بۆ مەمك بگیرێت بە تیشكی سینی و بەشێوەیەكی رێكوپێك. هاوكات ژنان لە تەمەنی 40-50 ساڵ رێنوێنی دەست پێكردنی گرتنی وێنەی تیشكی دەكرێن بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی نەخۆشییەكە و وەرگرتنی رێنوێنی خۆپارێزی.

 

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

© 2017 Hawler