تشرینی یەکەم 17, 2019

چۆن خۆت لە چەوریی جگەر دەپارێزیت؟

چەوریی جگەر بریتییە لە كۆبوونەوەی چەوریی لە خانەكانی جگەر تا ئاستێكی ناسروشتی و تووشی 30%ی خەڵكی دەبێت و زیاتر لە كۆمەڵگەی رۆژئاوا بڵاوە، تا كاتێكی نزیك وا دەزانرا كە چەوریی جگەر كێشەیەكی ئەوەندە مەترسیدار نییە، بۆیە ئەوان رێنوێنی دەكران بەوەی تەنیا كێشیان دابەزێنن بێ ئەوەی پێویست بە چاودێریی پزیشك بكات.

رێژەی بڵاوبوونەوەی لەناو خەڵك بە گشتی 30%یە و لەناو قەڵەوەكانیش دەگاتە 60% و 20%یان دەگەنە ئاستی درێژخایەن و پێنجیەكی ئەوانەش نەخۆشییەكە دەگاتە ئاستی بەریشاڵبوونی جگەر یان گرێی جگەر كە بەرەو پێویستبوون بە چاندنی جگەر دەكات.
زۆرینەی نەخۆشەكان نیشانەیەكی دیاریكراویان نییە و زۆرێكیان ئاگەداری بوونی نین، هەندێكجار هەست بە ماندووبونی زۆر دەكەن یان بە بێزاری و ئازار لە لای راستی سكیانەوە، دەركەوتووە كە هۆكارەكانی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی دڵ و لوولەكانی خوێن لە شەكرە و پەستانی خوێن و زیادبوونی چەوریی خوێن، هەروەها دەبنە هۆكار بۆ پەرەسەندنی چەوریی جگەر.
ئەوكەسانەی بەدەست زیادبوونی كێشیان و نەخۆشی شەكرەوە دەناڵێنن، سێ تا چوار جار زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی چەوریی جگەر هەیە بە بەراورد بەوانەی لاوازن و شەكەریان نییە، هەروەها ئەوانەی چەوریی جگەریان هەیە لە دوارۆژدا زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی شەكرە و بەرزی پەستانی خوێن و قەڵەوی و زیادبوونی چەوریی خوێن هەیە كە ئەوانە هۆكارن بۆ تووشبوون بە نەخۆشی دڵ.
بەو پێیەی قەڵەوی هۆكارێكە بۆ تووشبوون بە چەوریی جگەر، منداڵانیش تووشی قەڵەوی دەبنەوە، بۆ نموونە پێنجیەكی منداڵان بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن، كە چەوریی جگەر هۆكارێكی قەڵەوییە، بۆیە بۆ خۆپاراستن لە چەوریی جگەر پێویست لە دەمی منداڵییەوە دەست پێ بكرێت و لە منداڵییەوە پێڕەوی سیستەمێكی خۆراكی تەندروست و هاوسەنگ پێڕەو بكرێت، جیا لە هێشتنەوەی كێشی لەش بە ئاسایی، هاوكات گرنگییەكی زۆر هەیە بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە لە كاتێكی زوو بۆ خۆپاراستن لە نەرێنییەكانی لە داهاتوودا.
چارەسەركردنی چەوریی جگەر پشت بە سێ رێنوێنی دەبەستێت، یەكەم/ چارەسەركردنی هەموو نیشانە و نەخۆشییەكانی هاوەڵی نەخۆشیەكەن و چارەسەركردنی هۆكارەكانیتری وەك هاوسەنگكردنی نەخۆشی شەكرە و كەمكردنەوەی ئاستی چەوریی خوێن، دووەم/ كەمكردنەوەی كێش و زیادكردنی چالاكی جەستەیی. كەمكردنەوەی كێش پشت بە سیستەمێكی گونجاوی خۆراك دەبەستێت بەپێی كێشی نەخۆشەكە و دۆخی تەندروستی و شێوازی ژیانی، سیستەمی خۆراكیش خۆراكی كەمكالۆری دەگرێتەوە یان كەم كاربۆهیدرات و چەوریی.
توێژینەوەكان دەریان خستووە كە پێویستە دابەزاندنی كێش بەهەنگاو و كەمكەمە بێت، واتە هەفتانە نیو تا یەك كیلۆگرام، چونكە دابەزاندنی بەپەلەی كێش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەكە، بۆیە رێنوێنی دەكرێت بە كەمكردنەوەی رۆژانەی 500-هەزار كالۆری.
سێیەم/ دانی چارەسەری دەرمان بەو نەخۆشانەی تووشی مەترسی بوونەتەوە، تا ئێستە چارەسەرێكی دیاریكراوی چەوریی جگەر نییە كە بتوانێت كۆبوونەوەی ترشە چەورەكان لە جگەر كەمبكاتەوە و زیانی بەئۆكسیدبوون لەناو لەش كەمبكاتەوە، بەڵام بەهۆی مەترسیداری و بڵاوی نەخۆشییەكەوە زۆر گرنگە بەپەلە دەستنیشان بكرێت، كە لە رێگەی شەپۆڵەكانی سەرووی دەنگەوە ئاشكرا دەكرێت، یان بوونی نیشانەی سەرەتایی نەخۆشیەكە.
بەڵام پێویستە بزانرێت كە لە زۆر حاڵەتەكان گۆڕینی شێوازی ژیان و خواردنی تەندروست و وەرزش و چالاكی جەستەیی رێگری لە پەرەسەندنی نەخۆشییەكە و كاریگەرییەكانی وەك بەرزی پەستانی خوێن و شەكرە و زیادبوونی چەوریی كە بەرەو نەخۆشی دڵ و لوولەكانی خوێنت دەبەن، ئەوانە دەبنە بەربەست بۆ پاراستن و دوورخستنەوەی نەخۆشییەكە.

 

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

© 2017 Hawler