تشرینی دووەم 22, 2019

لێڵبینی وەك نیشانەیەكی ئاوی سپيی چاو

ئاوی سپی یەكێكە لە دیارترین كێشەكانی چاو و كار دەكاتە سەر توانای بینین، بۆیە فەرامۆشكردنی و هێشتنەوەی بێ چارەسەری دووچاری كێشەی گەورەت دەكات تا ئاستی مردنی دەماری چاو.

ئەحمەد خەتاب، پزیشكی شارەزای چاو لەو بارەوە ئاماژە دەكات، هاوێنەی چاوی مرۆڤ دەكەوێتە پشت بیلبیلەی چاوەكان و بە كیسێكی شێوەی پلاستیكی روونەوە داپۆشراوە، پێكهاتەی هاوێنەی چاو لە پرۆتین و گەردیلەكانی ئاو پێك هاتووە كە هەموویان روونن، بەڵام ئەگەر كیسەكە كون بوو، ئەو پرۆتینانە شلەی چاودا كارلێك دەكات و پێكهاتەكەی دەگۆڕێت و رەنگی سپی دەبێت و تارمایی لەسەر چاو دروست دەكات، ئەوەش بە ئاوی سپی چاو دەناسرێت.
ئەو پزیشكە روونی دەكاتەوە كە گرنگترین هۆكارەكانی ئاوی سپی چاو بریتییە لە بەتەمەنداچوون، كاتێك بەهۆی تەمەنەوە گۆڕانكاری لە هاوێنەی چاو روودەدات و ئاوی سپی دروست دەبێن، هەروەها شێوانی زكماكی منداڵ، بەهۆی كێشە لەكاتی دووگیانی، جا بەهۆی پەتای میكرۆبییەوە بێت یان خواردنی دەرمانی دیاریكراو بێ راوێژی پزیشك یان بەهۆكاری جینی و بۆماوەیی یان هەر كێشەیەك لە تەندروستیی منداڵ.
هەروەها هەندێك نەخۆشی ئاوی سپی دروست دەكەن وەك شەكرە یان خواردنی دەرمانی كۆرتیزۆل لە شێوەی حەب یان كێشەی تایبەت بە چاو لەوانە هەوكردنی قوزەحییە و بەرزی پەستانی چاو ناسراو بە ئاوی شین. هەروەها بەركەوتنی گورز بە چاو دەبێتە هۆی تەقینی كیسەكە و چوونی شلە بۆناو پێكهاتەی هاوێنە و سپیبوونی، هەروەها برینداربوونی چاو و كۆرنیەم هەمان زیان بە چاو دەگەیەنن. هەرچی جگەرەكێشانە تەنیا ئەگەر هەبێت و لە نەخۆشانی شەكرە نیشانەكانی زیاد دەكات.
ئاوی سپی چاو لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە چارەسەری بۆ دەكرێت بە لێزە یان بە شەپۆلی دەنگییەوە، كە كونێكی زۆر بچووك لە چاو دەكرێت و هاوێنەكە بە شەپۆڵی دەنگییەوە شەق شەق دەكرێت و دەردەهێنرێت و هاوێنەیەكی نوێ دەچێنرێت، هەرچی لێزەرە كونێكی بچووك لە چاو دەكرێت و هەمان شت دووبارە دەكرێتەوە هاوێنەیەكی نوێ دەچێنرێت.
هاوبەندی ئەڵمانیا بۆ پزیشكانی چاو ئاماژەی كرد كە لێڵبینی، واتە كاتێك بینایی چاو وەك ئەوەی لێدێت كە لەناو تەمدا سەیر دەكەیت، رەنگە ئاماژەیەك بێت بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ئاوی سپی كە هەروەها بە "كاتاراكت"، دەناسرێت، واتە تاریكبوونی هاوێنەی چاو.
هاوبەندییەكە ئاماژەی كرد، ئاماژەی تری تووشبوون بە نەخۆشی ئاوی سپی بریتییە لە هەستیاری بۆ رووناكی درەوشاوە و شێوانی بینین، واتە ئاڵبوونی رەنگەكان و نەمانی سنووری نێوانیان، هەروەها هەستكردن بە ماندووبوون لەكاتی خوێندنەوە یان سەیركردنی تەلەڤزیۆندا.
هۆكارەكانی ئاوی سپی چاو زۆرن، دیارترینیان هۆكاری بۆماوەیی و بەتەمەنداچوونە، جیا لە بوونی چەند نەخۆشییەك وەك نەخۆشی شەكرە و هەوكردن و گورزبەركەوتنی چاو و جگەرەكێشانی زۆر و بەركەوتنی زۆری تیشكی سەرووی بنەوشەیی.
هاوبەندییەكە زیاتر گوتی، پێویستە لەو كاتەی هەست بەو نیشانانە دەكەیت راستەوخۆ سەردانی پزیشكی شارەزا بكەیت، چونكە فەرامۆشكردنی چارەسەركردنی نەخۆشییەكە رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە كوێری و ئەو كات ئەگەر بگاتە حاڵەتێكی پێشكەوتوو چارەسەری ناكرێت.

© 2017 Hawler