ئەیلول 21, 2019

پێوەندیی نێوان ژیانی هاوبەش و سەكتەی مێشك چییە؟

خەڵكی بۆ ئەوە ژن دێنن تا بگەن بە ژیانێكی كۆمەڵایەتی خۆش و سەقامگیر، بەڵام هەموو پێوەندییەكی لەو جۆرە سەرناگرێت و سەركەوتوو نابێت، هەندێكجار ئەو پێوەندییە دەبێتە كۆڵەمەرگی و مەترسی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ، وەك توێژینەوە پزیشكییەكان باسی دەكەن.

وەك ماڵپەڕی "فێری ویڵ هێڵس"، باسی دەكات هەندێك كەس لە سۆنگەی پێكهێنانی ژیانی هاوبەشەوە كەمتر تووشی سەكتەی مێشك دەبنەوە و ئەگەر تووشیشی هاتنەوە ئەوە چاك دەبنەوە و دەگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی خۆیان. لە بەرانبەردا هەندێك پێوەندی هاوسەرێتی هەرەس دێنێنت و هاوسەرە جیابووەوەكان دەكەونە ناو گێژاوی خەم و نیگەرانی كە رەنگە بەوهۆیەوە تووشی سەكتەی مێشك یان مردنی كتوپڕ بێنەوە.
ساڵی 2010 رۆژنامەی كۆمەڵەی پزیشكیی ئەمەریكی ئاشكرای كرد، كە خێزاندارەكان زووتر لە سەكتەی مێشك چاك دەبنەوە لەچاو ئەوانەی سەڵتن، بەتایبەتی ئەگەر پێوەندی خێزانی خۆش و پڕ لە چاودێری و گرنگیدانیان هەبێت. لەوكاتەی بەشێك لە پێوەندییە خێزانییەكان گۆڕانكاری نەرێنیان تێدا روودەدات دوای تووشبوونی یەكێك لە هاوسەران بە سەكتەی مێشك، چونكە قۆناغی دوای چاكبوونەوە ئاسان نابێت و ئەو كەسەی چاك دەبێتەوە ئەگەری تووشبوونی بە خەمۆكی و گۆڕانی كەسایەتی و لەدەستدانی سۆزداری و هەستكردنی بە ئێرەیی لا دروست دەبێت.
لە توێژینەوەیەكی سوویدی پێشتر دەركەوتووە كە كۆتاهاتنی پێوەندیی ژنومێردایەتی، مرۆڤ زیاتر تووشی ئەگەری سەكتەی مێشك دەكات، چونكە هاوسەرانی جیابووەوە زۆرجار دووچاری تەنیایی و نیگەرانی و خەم دەبن. لە ژیانی هاوبەشدا، ژنان زیاتر تووشی سەكتەی مێشك دەبن لە چاو پیاوان و ئەوەش بۆ منداڵەكان راستە ئەوانەی لەگەڵ باوانێك دەژین بەدەست كێشەی خێزانییەوە دەناڵێنن.
بەپێی ئەوەی باس كرا مەترسیی سەكتەی مێشك پشت بە سروشتی پێوەندیی هاوسەران و ژیانی هاوسەری دەبەستێت، بەشێوەیەك ئەو هاوسیەرانەی لە خۆشیدان و ژیانیان سەقامگیرە لە رووی تەندروستیشەوە سوود دەكەن و، كەمتر تووشی نەخۆشی دێنەوە، هەرچی ئەوانەن كە سەركەوتوو نابن لە هەڵبژاردنی یەكتر وەك هاوبەشی ژیان، ئەوان زیاتر تووشی مەترسیی تەندروستی دەبنەوە.

 

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

© 2017 Hawler