ئەم پەڕەیە چاپ بکە

رۆماتیزمی خوێن و نیشانەكانی

رۆماتیزمی خوێن نەخۆشییەكی مەترسیدارە و كار دەكاتە سەر دڵ و مێشك، نەخۆشییەكی بڵاوە كە زۆرجار بە زەحمەت دەستنیشان دەكرێت، هەروەها بە تای رۆماتیزمی ناو دەبرێت و یەكێكەو لە نەخۆشییەكانی پێوەست بە سیستەمی بەرگری كە لە دوای تووشبوون بە هەوكردنی قوڕگ رووی تێ دەكات.

رەنگە رۆماتیزمی خوێن ببێتە هۆی هەوكردنی شانە جیاجیاكانی لەش وەك بەستەرە شانە و دڵ و لوولەكانی خوێن و ئەندامەكانی ژێرێست، پێش داهێنانی پەنسلین نەخۆشی رۆماتیزمی خوێن هۆكارێكی سەرەكی گیانلەدەستدانی منداڵ و تووشبوونی گەورەكان بوو بە نەخۆشی دڵ و چەندان كاریگەریی ئەو نەخۆشییە هەن كە كار دەكەنە سەر دڵ و جومگە و مێشك.
هۆكارەكانی تووشبوون بە رۆماتیزمی خوێن؟
پێوەندییەكی روون لە نێوان تووشبوون بە میكڕۆبی چیلكەیی قورگ و رۆماتیزمی خوێنەوە هەیە بە شێوەیەك هەوكردنی قورگ بەو جۆرە میكڕۆبە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی رۆماتیزمی خوێن، كە نیشانەكانی لە ماوەی دوو تا سێ هەفتە پەرە دەستێنێت دوای پێكهاتنی ئەو میكڕۆبانە و یەكەم نیشانەش بۆ تووشبوون بریتییە لە دروستبوونی ئازار لە جومگەكان.
نیشانەكانی تووشبوون بە رۆماتیزمی خوێن؟
*هەوكردنی دڵ، كە لە 60%ی نەخۆشانی رۆماتیزمی خوێن دروست دەبێت، لە گرنگترین نیشانە ترسناكەكانە كە رەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە شێوانی بەردەوامی زمانە یان ماسولكەی دڵ یان شانەكانی دەوروبەری.
*هەوكردنی جومگەكان، هەوكردنی جومگە یەكێكە لە نیشانەكانی تووشبوون بەو نەخۆشییە، بەتایبەتی هەوكردنی جوگەی چۆك یان ئانیشك یان پاژنە و مەچەك.
*دروستبوونی گرێ لەژێر پێستەوە، دروستبوونی بارستەی بچووك لەژێر پێست زۆرجار ئازاری نییە بەتایبەتی لە ناوچەی باسك و قۆڵ و چۆك كە دەكرێت لە 2%ی نەخۆشەكان دیار بكەوێت.
*تای ماردینی، ئەو جۆرە تایە بە دروستبوونی پەڵە و سوورهەڵگەڕانی پێست بێ دروستبوونی ئازار یان خوران و زۆرجار لە ناوقەدی مرۆڤەوە دەست پێ دەكات و بەرەو پەلەكانی بڵاو دەبێتەوە و كار ناكاتە سەر دەموچاوە.
*شێوانی جوڵەی لەش، واتە دروستبوونی جوڵەی لابەلا و كۆنترۆڵ نەكراو لە دەموچاو و باسك و رەنگە شێوانی هەڵسوكەوت و رەفتار و سۆزداری بێ هۆكاری لەگەڵدابێت.
هەروەها لە پشكنینی تاقیگە چەند نیشانەیەك دروست دەبێت وەك زیادبوونی ئاستی خڕۆكە سپییەكانی خوێن و تێكڕای نیشتنی خڕۆكە سوورەكانی خوێن و بەرزبوونی ئاستی " CRP "، و گۆڕانكاری روون لە لێدانی دڵ.
چارەسەری رۆماتیزمی خوێن؟
لە گرنگترین هەنگاوە چارەسەرییەكان بۆ رۆماتیزمی خوێن لەناوبردنی بەكاریای چیلكەیی قورگە كە كێشە لە وەڵامدانەوەی سیستەمی بەرگری لەش دروست دەكات و ئەوەش لە رێگەی پەنسلینەوە دەبێت. بۆ ئەوانەشی بەدەست هەستەوەری بۆ پەنسلین دەناڵێنن، دەتوانن ئارسرۆمایسین یان سیفالۆ سبۆرین بەكار بێنن.
هەروەها ئەسپرین و ئەو دەرمانانەی لەو دروستكراون بۆ چارەسەری ئازاری جومگە بەكار دەهێنرێت، هەروەها چالاككەرەكان بۆ چارەسەری هەوكردنی دڵ بەكار دەهێنرێت، بەڵام زیاترین نیشانەكانی بەزەحەت چارەسەر دەكرێت بریتییە لە جوڵە خۆنەویستەكان كە زۆر جار لە رێگەی دەرمانی دژە خەمۆكی كۆنترۆڵ دەكرێت لەوانە هالۆبیریدۆڵ.
مەترسییەكانی رۆماتیزمی خوێن.
لە گرنگترین مەترسییەكانی رۆماتیزمی خوێن گۆڕانی كاری سروشتی دڵە كە رەنگە هەوكردنی دڵ بۆ كێشەیەكی بەردەوامی كاركردنی پەرە بستێنێت، زۆرجاریش زمانەی ئەبهەری یان تاجی كاریگەر دەبێت و رەنگە پێویست بە گۆڕینی زمانەكە بكات ئەگەر بە دەرمان چارەسەری نەبوو، هەروەها رەنگە تووشی لەرزینی گوێچكەڵەی دڵ یان پەككەوتنی دڵ بێتەوە.

 

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر