ئەیلول 21, 2019

ئه‌ندازیارانی ئیسپانیا درۆنێكی ماڵییان داهێناوه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان

ئه‌ندازیارانی ئیسپانیا له‌ زانكۆی به‌رشه‌لۆنه‌ په‌رده‌یان له‌سه‌ر درۆنێكی بچووك لادا، كه‌ ئه‌نتێنایه‌كی بێته‌ل و هه‌سته‌وه‌رێكی زۆر هه‌ستیاری بۆ گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت.

ئه‌م درۆنه‌ رێگه‌ به‌ چاودێری دامه‌زراوه‌ پیشه‌سازییه‌كان ده‌دات له‌ ناوه‌وه‌، له‌ بارێكدا ئه‌گه‌ر رووداوێك روو بدات به‌ر له‌ هاتنی كارمه‌ندانی فریاگوزاری.
له‌ راگه‌یاندراوێكی زانكۆكه‌دا هاتووه‌، درۆنی "SNAV"، كێشه‌كه‌ی ته‌نیا 35 گرامه و‌ له‌سه‌ر بنه‌مای درۆنی "Crazyflie 2.0 "ی تایبه‌ت دروستكراوه‌.
ئه‌م درۆنه‌ هه‌سته‌وه‌‌رێكی زۆر هه‌ستیاری بۆ گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان تێدایه،‌ كه‌ رێگه‌ به‌ ناسینه‌وه‌ی دزه‌كردنی گازه‌ ژه‌هراوییه‌كان ده‌دات هه‌رچه‌ند بڕه‌كه‌ی كه‌م بێت.
درۆنی "SNAV" ده‌توانێت ئۆكسیدی كاربۆن، گازی میسان، ئیسانۆل، ئه‌سیتۆن و به‌نزین بناسێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌توانێت سه‌رچاوه‌ی گازه‌كه‌ بدۆزێته‌وه‌ و چاودێری رێژه‌ی چڕی گازه‌كه‌ بكات له‌ هه‌ر شوێنێكی ژووره‌كه‌دا بێت.
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاسان نییه‌ له‌نێو دامه‌زراوه‌ و ژووره‌كاندا پشت به‌ سیگناڵه‌كانی "GPS" ببه‌سترێت، بۆیه‌ ئه‌و درۆنه‌ خۆكار له‌ ژوورێك ده‌چێته‌ ژوورێكی تر و پشت به‌و ئامێرانه‌ی وه‌رگرتن و ناردن ده‌به‌ستێت كه‌ له‌و ژوورانه‌دا هه‌ن. بچووكی قه‌باره‌كه‌شی رێگه‌ی پێده‌دات له‌نێو بۆرییه‌كانی هه‌وا و بۆشاییه‌ ته‌سكه‌كاندا هاتوچۆ بكات كه‌ مرۆڤ ناتوانێت به‌ ئاسانی پێیاندا تێپه‌ڕببێت.

© 2017 Hawler