ئاب 26, 2019

ڤیتامین دی جووڵە و كاردانەوەی مرۆڤ خاو دەكاتەوە

زۆرێك وای بۆ دەچن كە خواردنی ئەو خۆراكانەی هەموو پێكهاتە حۆراكییەكان لەخۆ دەگرن بریتییە لە بنەمای سەرەكیی خۆراكی تەندروست، بەڵام ئەوە بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی هەموو مادە پێویستەكان وەك ڤیتامین دی.

ڤیتامین دی بە هاوشێوەی هەر پێكهاتەیەكی خۆراكی تر ئەگەر لە لەشدا كەم یان زیاد بكات كاریگەری دروست دەكات، ڤیتامین دی بەهۆی سوودە زۆرەكانی ئەگەر لە پێویستی لەش كەم بێت كاریگەری نەرێنی هەیە، بە هەمان شێوە زیادبوونی، یان هاوكات كاریگەری ئەرێنی و نەرێنی دەبێت، لە نیشانەكانی كەمی ڤیتامین دی:
یەكەم/ ئازار لە ئێسك و پەلەكان، شارەزایان ئاماژە بۆ زەحمەتی جووڵەكردن و رەقبوونی لەش و بەشێكی دەكەن دوای لەخەوهەستان، بەتایبەتی لە زستان كە رەنگە هۆكارەكەی كەمی ڤیتامین دی بێت.
دووەم/كێشی زیادی لەش، زیادبوونی چەوری لەش رەنگە كاریگەری نەرێنی بۆ سەر ئاستی ڤیتامین دی هەبێت لە خوێندا، چونكە ئەو ڤیتامینە لە چەوریدا دەتوێتەوە.
سێیەم/ پێستی تاریك، جیاوازی دیمۆگرافی كار دەكاتە سەر كەمی ڤیتامین دی، چونكە بۆیەی پێست وەك پارێزەر لە تیشكی خۆر كار دەكات كە سەرچاوەیەكی ڤیتامینەكەیە، بۆیە ئەوانەی خاوەن پێستی تاریكن پێویستە زیاتر خۆیان بەر تیشكی خۆر بدەن بۆ دەستكەوتنی.
چوارەم/ ئارەقەكردنی زۆری سەر، یەكێكە لە نیشانەكانی باوی كەمی ڤیتامین دی.
پێنجشەم/ كێشە لە ریخۆڵە، ئەو كەسانەی بەدەست هەوكردنی ریخۆڵەوە دەناڵێنن، زیاتر نیشانەكانی كەمی ڤیتامین دیان بەسەر دیار دەكەوێت، كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی مژینی چەوری كە هۆكاری توانەوەی ڤیتامین دییە.
لەوكاتەی شارەزایان باس لە گرنگی و سەرچاوەكانی دەستكەوتنی ڤیتامین دی دەكەن بە چوونە بەر خۆر لە سەعات 10ی بەیانی تا سێی دوای نیوەڕۆ، توێژینەوەیەكی نوێی ئەمەریكی دەری دەخات كە راستە زیادبوونی رێژەی ڤیتامین دی لە لەشی مرۆڤ دەبێتە هۆی باشتربوونی بیرهاتنەوە و یادەوەری مرۆڤ، بەڵام لە بەرانبەردا هۆكاریشە بۆ سستی و خاوی كاردانەوەی.
توێژینەوەكە كە لەلایەن زانایانی زانكۆی رۆتجرزی ئەمەریكایی ئەنجام دراوە دەری دەخات كە وەرگرتنی بڕێكی زۆری ڤیتامین دی رەنگە بەسوود بێت بۆ باشتركردنی بیرهاتنەوە و یادەوەری مرۆڤ، بەڵام هۆكارە بۆ خاوی و سستی كاردانەوەی و لە توێژینەوەكە ژمارەیەك ژن لە تەمەنەكانی 50-70 ساڵ بەشدار بوون.
ئەو ژنانە كرانە سێ گرووپ یەكەمیان رۆژانە 600 یەكەی نێودەوڵەتی ڤیتامین دیان پێ دەدرا بۆ ماوەی ساڵێك و گرووپی دووەم دوو هەزار یەكە و گرووپی سێیەم چوار هەزار یەكە، توێژەران بۆیان دەركەوت لە گرووپی دووەم توانای مێشكیان باشتر بووە، بەڵام سستییەك لە كاردانەوەیان دروست بووە، لەو كاتەی لە گرووپی سێیەم ئەو سستییە زیاتر بوو بە بەراورد بە گرووپی دووەم.
توێژەران پێیان وایە كە ئەو سستبوونە بەتایبەتی لە كەسانی بەتەمەن، كێشەیەكی گەورەیە و كاریگەری هەیە بۆ سەر كاردانەوەی لەشیان بەتایبەتی كاتێك دەیانەوێت چالاكی ئەنجام بدەن لەوانە رۆیشتنی ئاسایی و گرتنەوەی شتێك كە بۆیان بهاوێژرێت.

© 2017 Hawler