ئاب 26, 2019

شیری دایك ئەگەرەكانی مردنی ساوا كەم دەكاتەوە

شیرپێدانی سروشتی یەكێكە لە گرنگترین ڕێكارەكان بۆ باشكردنی تەندروستی و بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگە، هاوكات پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە پێویستە شیری پوخت بدرێتە ساوا بۆ ئەوەی تەندروست باشبێت و شییری پوختیش بەو شیرە دەوترێت كە دایك بە بێ هیچ زیادكردنێكی جۆرە خۆراك بۆ ماوەی شەش مانگ بداتە ساواكەی.

بۆ زیاتر هاندانی دایكان تاشیری خۆیان بدەنە كۆرپەكانیان، ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی سەرەتای هەموو هەفتەیەكی مانگی ئابی بە هەفتەی هۆشیاری و هاندانی دایكان بۆ شیری سروشتی تەرخان كردوە، پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە پێویستە دایكان شیری خۆیان بدەنە كۆرپەكانیان و چەندین توێژینەوەیان لەسەر سوودەكانی شیرپێدان كردوە.
دكتۆرە ناسكە عەبدولقادر دزەیی پسپۆڕ تەندروستیی كۆمەڵ و بەرپرسی بەشی خۆراك لە بەڕێوبەرایەتیی كاروباری پاراستنی تەندروستی ڕوونی كردەوە كە ئەوان هەڵمەتێكی هۆشیارییان دەست پێكردوە بۆ ئەوەی هانی دایكان بدەن شیری خۆیان بدەنە ساواكانیان بۆئەوەی نەوەیەكی تەندروست باش لەكۆمەڵگە پەروەرد بكرێت.
د. ناسكە دزەیی ئاماژەی بەوەشدا پێویستە لەكاتی شەش مانگی سەرەتای ساوا هیچ جۆرە خۆراكێك و دەرمانێك نەدرێت پێی، تەنها بۆ هەندێك حاڵەتی پێویست دەتواندرێت شروبی پێبدرێت ئەوەش بەڕواێژی پزیشك، دواتر لە دوای شەش مانگ شیرپێدانی بەردەوام دەبێت لەگەڵ زیادكردنی هەندێك خۆراكە تەواوكارەكان، بەمەش ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵی بەڕێژەی 19% كەم دەكاتەوە.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ ساوا:
شیری دایك گونجاوترین پێكهاتەی خۆراكییە كەوا هەمیشە ئامادەیە و ئاسانە بۆ هەرسكردنی ساواكە، جگە لەوەش ئەم سوودانەی هەیە:
*شیری دایك هەموو ئەو پێكهاتە خۆراكیانەی تێدایە كە بۆ گەشەی ساوا پێویستن و بە بڕی پێویست بە ئاسانی هەرس دەبێت و دەست دەكەوتنیشی ئاسانە.
*شیردانی پوخت پاڵپشتی لە سیستەمی بەرگری ساوادەكات، هەروەها لە گەشەی نمونەیی جەستە و ئەقڵی ساوا.
*ئەو منداڵانەی كە شیرپێدانی پوختیان پێدراوە بە ڕێژەی كەمتر تووشی سكچوون و نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە دەبن، بە بەراورد بە منداڵانی تر.
*بەریەككەوتنی پێستی دایك و منداڵ یارمەتی دەدات بە گەرمی بمێنێتەوە و ڕێگری دەكات لە دابەزینی پلەی گەرمی لەشی ساوا.
*یارمەتیی بەهێزكردنی پەیوەندی سۆزداری نێوان دایك و ساواكەی دەكات.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ دایك:
*شیردانی سروشتی سوودی هەیە بۆ كەمكردنەوەی خوێن بەربوونی دوای منداڵبوون و، تووشی بوونی دایك بە كەمخوێنی.
*یارمەتی دوواكەوتنی دووگیان بوون دەدات.
*دایك دەپارێزێت لە قەڵەوبوون، هەوەها گەڕانەوەی لەشی دایك بۆ باری سروشتی بەر لە دووگیان بوون.
*دایك دەپارێزێت لە توشبوون بە شێرپەنجەی مەمك و هێلكەدان.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ خانەوادە:
*لە ڕووی دارایی یارمەتی داهاتی خانەوادە دەدات چونكە پێویست بەكڕینی ناكات.
*یارمەتی كەمبوونەوەی توشبوون بە نەخۆشی دەدات، واتە كەمتر بە كڕینی دەرمان و چارەسەری.
*پەیوەندی خێزانی پتەودەكات.

سوودی شیرپێدانی سروشتی بۆ كۆمەڵگە:
*شیردانی سروشتی یارمەتیی گەشەكردنی نەوەیەكی تەندروست دەدات، لە سەرچاوەی مرۆیی بۆ كۆمەڵگە، هەروەها یارمەتیی گەشەی ئابووری كۆمەڵگەش دەدات.
*هاوڕێی ژینگەیە و هۆكار نییە بۆ پیسبوونی ژینگە.
زیانەكانی دواخستنی زوو پێنەدانی شیری دایك بە ساوا:
*ئەگەر منداڵ لە ماوەی كاتژمێری یەكەمی لەدایكبوونیدا شیری دایكی وەرنەگرێت، ئەوا بێبەش دەبێت لە وەرگرتنی ژەك كە زۆر بە سوودە بۆ ساوا. ژەك جۆرێكی تایبەتی شیری سروشتییە كە لە چەند رۆژی یەكەمی دوای لەدایك بوونی ساوا دروستدەبێت و شیرێكی خەستەو ڕەنگی زەردە پاش چەند ڕۆژێك ئەو ژەكە دەبێتە شیری سروشتی.
*دواكەوتنی لە دەستكردن بە شیردانی سروشتی هەلی تووشبوون بە هەوكردنەكان و مردنی تازەلەدایك بووان زیاتر دەكات.
*دایك لە كاتژمێری یەكەمی منداڵبووندا بە ئاگایە، بۆیە لە توانایدا هەیە شیری خۆی بدات بە ساواكەی، پاشان تۆزێك بحەسێتەوە و دەربازی بێت لە ئازاری منداڵبوون.
*منداڵ لە كاتژمێری یەكەمی لەدایك بوونیدا چالاكە و ئارەزووی شیرخواردن دەكات، بۆیە دواخستنی كرداری شیردان بە ساوا ئەم حەزەی لاكەمدەكاتەوە و ساوا بە مەمكی دایكییەوە نالكێت.
*دواكەوتن لە پێدانی شیری دایك ئەگەری دواكەوتنی وێڵاشی هەیە، و خوێنبەربوونیش زیادبكات.
ئەو خۆراكانەی شیری دایك زیاد دەكەن:
شیری دایك تەنیا بە خواردنی باشی دایك زۆر دەكات و ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەش دۆخی دەروونی دایك لە سەر زۆر و كەمبوونی شیرەكەی گرینگی زۆری هەیە. ئەو خۆراكانەش دەتوانن شیری دایك زیادبكەن:
میوە و سەوزە كاریگەری باشی هەیە بۆ ئەوەی شیری دایك زیاد بكات، هەربۆیە واباشە لە دوای نانخواردنی ئێواران زۆر میوە و سەوەزە بخورێت بۆ ئەوەی بۆشەو شیرێكی زۆر ئامادەبێت بۆ ساواكەت.
ئاو و دۆ: ئاو و دۆ لەو خواردنانەن كە زۆر بە خێرایی شیری دایك زۆر دەكەن و ئەوەش بە تایبەتی لە كاتی شەودا پێش خەوتن بێ گوومان دەبێ دایك چەند پەرداخ ئاو یان دۆ بخواتەوە.
لەگەڵ قازانجی زۆری ئەو خواردنە ساكارانە بۆ سەر شیری دایك خورادنی بەردەوامی گۆشتی ماسی، هێلكە و دانەوێڵەكان وەك نیسك و نۆك، برنج و پەتاتەش دەتوانێ شیری دایك زۆر بكات.


 

ماكوان عيززه‌‌ت - هەولێر

© 2017 Hawler