تەمموز 18, 2019

ئاوی شووتی هەر ئەوەندە نییە بڵێین خواردنەوەیەكی خۆش و باشی وەرزی گەرمایە، بەڵكو بۆ شكاندنی ژان و ئازار و هێوركردنەوەی ماسوولكەكانیشمان زۆر بەسوود و كاریگەرە. بەپێی راپۆرتێك كە لە گۆڤاری كیمیای كشتوكاڵ و خواردندا لە ئەمریكا بڵاو كراوەتەوە، پسپۆڕانی لەشساغی دەڵێن: ئاوی شووتی پڕە لە ئانتی ئۆكسیدان و پرۆتینیی نێو ماسوولكەكان پتر دەكار و خواردنەوەیشی یارمەتیدەری چالاكیی وەرزشكارانە. ئاوی شووتی لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئازارەی وەرزشكاران دەشكێنێ كە پاش جووڵەی قورس لە یانە وەرزشییەكاندا لەشیان دادەگرێت. ئەو پێكهاتە سرووشتیانەی لە ئاوی شووتیدا هەن زۆر زوو لەبەریەك بڵاو دەبن هەربۆیە زۆر لە شووشەدا خۆ ناگرێت و لە فرۆشگاكاندا نافرۆشرۆشرێ. ئەگەرچی هەندێ لە كارگەكان لە قوتووی دەكەن و دەیفرۆشن. بەو حاڵەشەوە هەموو تایبەتمەندی و خاسیەتەكانی ئاوی شووتی لە تازەبوونەكەیدایە كە لە كاڵەوە زۆر خێرا و سووك و ساكار دروست دەكرێ.

پینج سوودی ئاوی شووتی:

1. كالۆرییەكی كەمی هەیە
ئاخۆ لە نێو جەمەخواردنەكاندا شیرینی دەخۆن؟ ئەرێ لە نیوەی شەوێدا برسێتی بەربینگتان پێ دەگرێ؟ جێگرەوەی ئەو خواردنانە ئاوی شووتییە ئەویش بەبێ ئەوەی شەكری تێ بكەن، لەبەر ئەوەی ئاوی شووتی كالۆرییەكی كەمی هەیە و بۆ ئەوانەی كۆلیسترۆڵیان بەرزە زۆر بەسوودە و چەوریی تێدا نییە و گەدەش پڕ دەكا و برسێتی دەشكێنێ.

2. ژانی ماسووڵكە دەشكێنێ
 تۆژینەوەكان سەلماندوویانە، پاش وەرزشكردن لە یانە وەرزشییەكاندا كە ماسوولكەكانی لەشی وەرزشكەر دەكوترێن، ئاوی شووتی چارەسەریان دەكات و وەك خۆیان لێ دەكاتەوە و دەیانحەسێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا ترپەی دڵ پاش وەرزشكردن رێك دەخاتەوە و یەك ریتم رایدەگرێ و شەكەتیمان دەردەكات. ئەگەر بەر لە وەرزش بیخۆین یارمەتیدەری دەمارە خوێنبەرەكان و گەڕیانی خوێن دەبێ، لەبەر ئەوەی ئەسیدئامینەیەكی بەناوی ئەل سیترۆلین تێدایە. جەستەمان سیترۆلین بە شیوەی سرووشتی لە شووتی وەردەگرێ و لە شێرپەنجەیش دەمانپارێزێت. لێكۆڵینەوەكان سەلماندوویانە كە ئاوی شووتی لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك ئانتی ئۆكسیدانی وای رادیكاڵە ئازادەكان پووچەڵ دەكەنەوە، ئەوا رادەسپێرن لە خواردنەوەی بەردەوام بین. لەگەڵ ئەوەیشدا پێشی شیرپەنجەی پرۆستات و ریخۆڵەگەورەمان دەگرێ.

3. وزەبەخشە
 زۆربەی پسپۆڕەكان لەسەر ئەو بڕوایەن ئەگەر بەیانیان لە خورێنی ئاوی شووتی بخۆینەوە وزەیەكی زۆرمان دەداتێ. ئەو ئاوە زۆر و شەكرە سرووشتییەی تێیدایە پێداویستییەكانی وزەی جەستەمان دابین دەكات بۆیە ئەگەر بۆمان لوا، با رۆژێ هەرنەبێ پەرداخێك ئاوی شووتی بخۆینەوە.

4. ئێسقانەكان پتەو دەكات
ئاوی شووتی چارەسەری زۆربەی ئەو نەخۆشیانەیە وا ئێسقانەكانمان دەتەنن وەك: ئاوسانی جومگەكان، جا لەبەر ئەوەی كالسیۆمی تێدایە یارمەتیدەر و پتەوكەری ئێسقانەكانە.

5. بۆ دەمار و دڵ بەسوودە
ئەگەر دڵت ناڕەحەتە و هەست دەكەی تەواو نییە، دڵنیا بە لەوەی خواردنەوەی ئاوی شووتی لە زۆربەی دەرمانەكان باشترە. ئاوی شووتی ئانتی ئۆكسیدانێكی بە ناوی لئكۆپن تێدایە كە هەموو ئەو چڵك و چەپەڵەی وا لە نێو دەمارە خوێنبەرەكاندا دەبنە هۆی جەڵتە و راوەستانی دڵ و پەستانی خوێن و شەكرە، رادەماڵێت و لەناوی دەبات و دەمارەكان خاوێن دەكاتەوە.

 

ڕەسوڵ سوڵتانی

© 2017 Hawler