تەمموز 16, 2019

لێكۆڵینەوەپزیشكییەكان ئاماژە بەوەدەدەن كە مەلەكردن هۆكارێكە بۆ دواخستنی‌ پیری‌‌و ڕێگریكردن لەمردنی‌ پێشوەختە زۆرینەی پزیشكان جەخت دەكەنەوە كە مەلەكردن یەكێكە لە وەرزشە بەسوودەكان بۆ جەستەی مرۆڤ. هەروەها ڕاشیدەگەیەنن پێویستە لە ئاوی خاوێن و تەندروست مەلە بكەن.

مەلەكردن باشترین وەرزشە بۆ نەهێشتن‌و تواندنەوەی‌ كالۆری‌، بەڵام بۆ ئەوەی‌ كالۆرییەكان بەباشی‌ بتوێنەوە، باشتر وایە ناوە ناوە لەكاتی‌ مەلەكردندا پشو وەربگرن لێرەدا بە حەوت خاڵ سوودەكانی مەلەكردن بۆ جەستە دەخەینە ڕوو.
یەكەم: ماسولكەكانی دڵ بەهێز دەكات، ئەگەر هەفتەی 3 تا 4 جار هەر جارەی كاتژمێرێك مەلە بكەن، دەبێتە هۆی ئەوەی ماسولكەكانی دڵ خوێنی زیاتر و بەخێرایی زیاتر بۆ ئەندامەكانی جەستە بنێرن، ئەم خێرایی دەرپەڕاندنی خوێنە دەبێتە هۆی نەهێشتنی چەوری نیشتوو لە نێو لوولەكانی خوێن و ئەمە جگەلەوەی وەرزشێكی باشیش دەبێ بۆ ماسولكەكانی دڵ و دەبێتە هۆی بەهێزبوونیان، كە ئەمانەش بەرێژەیەكی زۆر مەترسی تووشبوون جەڵتە و وەستانی دڵ دوور بكەونەوە.
دووەم: سووتانی یەكەی گەرمیی لەش، مەلەكردن باوترین و بەهێزترین جۆرەكانی وەرزشە بۆ سووتاندنی یەكەی گەرمی‌، چونكە لەكاتی چوونە نێو ئاو و مەلەكردن هەموو ئەندامەكانی جەستە دەكەونە جووڵە و بەمەش یەكەكانی گەرمی بە رێژەیەكی زۆر بەكار دەبرێ و كێشی لەشتان رێك دەخات و رێگر دەبێ لە زیادبوونی كێش.
سێیەم: زیادبوونی نەرمی ماسولكەكان، وەرزشكردن لە یانەكانی وەرزشی بەتایبەت یاری ئاسنین دەبێتە هۆی رەقبوون و پتەوبوونی جەستە، بەڵام مەلەكردن دەبێتە هۆی بەهێزی ماسولكە بەبێ ئەوەی رەقبوونی هەمیشەیی بەخۆیەوە ببینێت، بەپێچەوانەوە نەرمی و گونجانی تەندروستانە لە نێو خانەكانی ماسولكە بەدی دێنێت.
چوارەم: بەهێزكردنی ماسوولكەكانی جەستە، جووڵەكردنی جەستە لە نێو هەوادا ئاساییە، بەڵام لە نێو ئاودا 12 جار لە جووڵەكردن لە نێو هەوادا قورسترە، بۆیە راهێنانی جەستە و جووڵە پێكردنی لە نێو ئاودا زۆرترین سوود بە ماسولكەكان دەگەیەنێت و كێشەكانی لاوازی ماسولكە و خێرا شەكەتبوون ناهێڵێت، بەجۆرێ هەفتەی 3 جار كەمتر نەبێ.
پێنجەم: جووڵەی ماسولكە و جومگەكان بەبێ كەوتنەوەی زیان، جووڵەكردن لە رۆیشتن و جۆرەكانی تری وەرزش زۆرجار دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە جومگە و ماسولكەكان، بەڵام لە رێی مەلەكردنەوە هیچ فشارێك و ئازارێك لەسەر جومگە و ماسولكەكان دروست نابێ و توانای كشانی ماسولكەكان و بەرگەگرتنی دۆخە قورسەكان زیاتر دەبێت.
شەشەم: مەترسی تووشبوون بە شەكرە ناهێڵی، یەك خولی مەلەكردن لە مەلەوانگەیەكی 100 مەتری 500 یەكەمی گەرمی دەسووتێنێت، بەمەش جگەلەوەی چەوری دەتوێنێتەوە دەبێتە هۆی دەردانی زیاتری هۆڕمۆنی ئەنسۆلین كە رێژەی شەكر لە خوێندا رێك دەخات، بۆیە بە مەلەكردن دەتوانن رێگری لە تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە بكەن و ئەوانیش كە تووشی شەكرە بوون دەتوانن لە رێی مەلەكردنەوە مەترسییەكانی نەخۆشی شەكرە لە سەر تەندروستیان نەهێڵن.
حەوتەم: رێژەی كۆلیسترۆڵ كەم دەكاتەوە، زۆرێك لە خەڵكی بەدەست كێشەی زۆربوونی رێژەی كۆڵیسترۆل لە نێو خوێن و لەژێر پێستیان دەناڵێنن، ئەمە هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكان، بەڵام ئەوانەی بەبەردەوامی مەلە دەكەن، رێژەی كۆلیستڕۆل لە جەستەیاندا كەم دەبێتەوە بەشێوەیەكی تەندروستانە و دوور دەبن لە تووشبوون بە هەر نەخۆشییەك كە لە رێی زۆربوونی چەوری لە جەستەدا دروست دەبێ، پزیشكان رێنماییمان دەكەن كە كەمكردنەوەی چەوری لەش لە رێی مەلەوە زۆر تەندروستتر و باشترە لە رێی خۆپارێزی لە نەخواردنی خواردنە چەورەكان.

© 2017 Hawler