ئاب 22, 2019

ژینگەی جیهان لە ڕووی پیس بوونی خاك و ئاو و هەواوە لەژێر هەڕەشە و گووشارێكی زۆر دایە

دار چاندن و بایەخدان بە ڕێژەی سەوزایی لە هەر شار و وڵاتێك كارێكی چاك و بەرچاوە و نیشانەی ژیاری و پێشكەوتنە، چونكە هەموو مرۆڤێك ڕاستەوخۆ سوودی لێ دەبینێ و دەبێتە خاوەنی ژینگەیەكی پاك و خاوێن و دوور لە دەرد و نەخۆشی، پاشان زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی دەروونی هەموو مرۆڤێك ئاسوودە دەكات و وای لێدەكات لە ناخەوە هەست بە ئەوپەڕی ئاسوودەیی بكات، هەر بۆیە دەبینین ڕێژەی سەوزایی بەپێی پێوەرە جیهانیەكان كە بۆ سەوزایی دانراوە نابێ رێژەی سەوزایی 20% كەمتر بێت، بەڵام ئێستا شارێكی وەك هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە و شارێكی قەرەبالغ و جەنجاڵە و بەپێی قسە و ئاماری ژینگە پارێزان و ئەوانەی لەو چوارچێوەیەدا كار دەكەن، ڕێژەكەی 15% تێپەڕ ناكات، هەر بۆیە بەرپرسانی ژینگە بە هاوكاری و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندارەكان ڕۆژانە و بە شێوەی بەردەوام و بە جیدی و مەیدانی كار بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی سەوزایی دەكەن بەچەندین ڕێگا وەك چاندنی نەمام و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پاراستنی ژینگە و زۆر كاری دیكە تا ئومێد و ئاواتەكەیان بێتە دی و لە ئایندەیەكی نزیكدا شارێكی تەواو سەوزایی ببینین و لە سێبەریدا هەموو لایەك بحەسێتەوە، چونكە بەڕاستی كەمی سەوزایی لە شارەكاندا دەبێتە هۆی پیس بوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا كە خەڵكی زیاد لە وەرزەكانی دیكە هەست بە بێزاری و گەرما دەكەن و هەمیشە لە شوێنێك دەگەڕێن كە سەوزایی لێ بێ تا هەوایەكی ساف و بێگەرد هەڵمژن و جەستەی ماندوو و شەكەتیان بحەسێننەوە، بۆیە هاووڵاتیانیش وەك مافێكی سروشتی خۆیان داوای زیادكردنی ئەو ڕێژەی سەوزاییە دەكەن، بەڵام دەبێ خۆشیان بەشێكی گرنگ بن لە چارەسەرییەكان و هەر كەسەو لەلای خۆیەوە هەنگاوی جیدی بهاوێ تا كارەكان وردە وردە بەرەو پێشەوە دەچێت، بەڵام نابێ ئەوەش لەیاد بكەین كە سەرچاوە زانستیەكانی ژینگەش لە ڕۆژی ژینگەدا ئەو ڕاستیە بەرچاو دەخەن كە ژینگەی جیهان بە گشتی لە ڕووی پیس بوونی خاك و ئاو و هەواوە لەژێر هەڕەشە و گووشارێكی زۆر دایە و دەبێ بە كۆمەڵ و هەماهەنگی و جیدی كاری بەردەوامی بۆ بكرێت.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler