حوزەیران 17, 2019

بەم خۆراكانە پلەی گەرمی لەشتان دابەزێنن


پلەی گەرمی لەش بەشێوەیەكی ئاسایی 37 پلەیەی سیلیزیە ئەم گەرمییە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆرێت، بەڵام پلەی گەرمی لەش لە هەموو كات و وەرزێكدا هەمان پلەیە و نزم نابێتەوە و جێگیرە جگە لە حاڵەتی نەخۆش كەوتن. كاتێك پلەی گەرمی لەش بە شێوەیەكی خیرا بەرز دەبێتەوە ئەوە چەندان حاڵەتی تەندروستی لە لەشدا روودەدات.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش زیاتر لە وەرزی هاویندا دروست دەبێت ئەمەیش دەبێتە هۆكارێك بۆ زیادبوونی تا، بۆیە باشتر وایە زیاتر بایەخ بە خواردن و خواردنەوەی خواردنی سارد بدرێت، پزیشكان ئاماژە بەوە دەدەن كاتێك پلەی گەرمی لەش بەرز دەبێتەوە چەندان نیشانە دەردەكەون وەكو ئازار، زیپكە، زیان گەیاندن بە ئەندامەكانی ناوەوە، هێڵنجدان و گێژبوونی سەر، بۆ ئەوەی لەشمان سارد ببێتەوە لە وەرزی گەرمادا پێویستە ئەو خۆراكانە بخورێت كە دەبنە هۆی ساردبوونەوەی لەش كە ئەمانەن.
یەكەم: لیمۆ، ڤیتامین سی تێدایە لەگەڵ چەندان تایبەتمەندی تر كە لەش بە شێداری دەهێڵێتەوە، لیمۆ یەكێكە لەو خواردنانەی كە پێویستە لە خۆراكی رۆژانەدا هەبێت، چونكە یارمەتی ساردبوونەوەی لەش دەدات، باشتر وایە لە ئاوی رۆژانەدا زیاد بكرێت بۆ ئەوەی بە درێژایی رۆژ بخورێتەوە.
دووەم: دۆ، ئەو ژنانەی كە لە سووری مانگانە دەوەستن دەچێتە تەمەن خۆیان، ئەوا پلەی گەرمی لەشیان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە باشتر وایە لەم كاتەدا دۆ بخورێتەوە، چونكە یارمەتی كەمكردنەوەی پلەی گەرمی لەش دەدات یان ئەو پیاوانەی میتابۆلیزمیان خێرایە و دەبێتە هۆی گەرمبوونی لەشیان پێویستە دۆ بخۆنەوە، چونكە یارمەتی ساردبوونەوەی لەش دەدات و رێگە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەگرێت.
سێیەم: شووتی، یەكێكە لە میوە هاوینییەكان كە كاریگەرییەكی باشی هەیە لە كەمكردنەوەی پلەی گەرمی لەش، چونكە برێكی زۆر ئاو لە پێكهاتنیدا هەیە و هەروەها دەوڵەمەندە بە لیكۆپەین و پێست دەپارێزێت لە تیشكی خۆر و زیانەكانی تیشكی خۆر.
چوارەم: خەیار، یەكێكی تر لەو خۆراكانەی یارمەتیی ساردبوونەوەی لەش دەدات لە وەرزی هاویندا خەیارە، چونكە رێژەیەكی زۆر ئاوی تێدایە و لەش بە شێداری دەهێڵێتەوە لە هەمانكاتدا لەش سارد دەكاتەوە. دەتوانرێت لەگەڵ ئاو تێكەڵ بكرێت یان لە شێوەی زەڵاتە بخورێت. ئەگەر بتەوێت هیلاكی چاوەكانت كەم بكەیتەوە ئەوە دووقاش خەیار بخەرە سەر چاوەكانت و چاوت دابخە بۆ ماوەی 10 خولەك بەم شێوەیە هیلاكی چاوەكان كەم دەكاتەوە و رێگە لە رەشی بازنەی دەوری چاوەكان دەگرێت.
پێنجەم: توور، یەكێكە لە باشترین سەرچاوەكانی ڤیتامین سی. كە جۆرێكە لە دژەئۆكسید و توانایی كەمكردنەوەی گەرمی لەشی هەیە، پێویستە هەموو كەسێك بایەخ بە خواردنی توور بدات وە لەسەر سفرەكانتان فەرامۆشی مەكەن، توور یارمەتی كەمكردنەوەی گەرمی لەش دەدات، وە یەكێكی تر لە سوودەكانی توور ئەوەیە كە تایبەتمەندی دژە هەوكردنی هەیە و فشاری گەرمی لەش كەم دەكاتەوە.

 

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

© 2017 Hawler