ئایار 25, 2019

9ئامۆژگاریی پزیشكان بۆ ڕۆژووگرتنێكی تەندروست

خواردنی خورما، جوڵە و پیاسەكردن، یەكێكن لە باشترین كردارەكان كە نابێت ڕۆژووگر پشتگوێی بخات، هەروەها چەند ڕێنماییەك بۆ ئازاری چاو و نەخۆشانی شەكرە بۆ ڕۆژگران لێرەدا بەچەند خاڵێك دەخەینە ڕوو:

یەكەم: بەهۆی كەمخەوی و تێكچوونی كاتەكانی خەو ڕۆژوەوانان چاویان ماندوو دەبێت، بۆیە دەتوانیت بۆ پشوودان بەچاوت، چاوەكانت دابخەیت و چەند پارچە سەهۆڵێك بخەیتە سەری، بەمەش سوڕی خوێن لە چاوەكانتاندا چالاك دەبێت و چارەسەرە بۆ سووربونەوەی چاوەكان. یانیش خەیار بخەرە ناو بەفرگرەوە هەتا دەیبەستێت و دواتر بیخەرە سەر چاوەكانت بۆماوەی نیو كاتژمێر بەمەش پشوویەكی باش بە چاوەكانت دەبەخشیت.
دووەم: بۆ بەربانگ گیراوەی شووتی و نەعنا، بەخێرایی جەستە لە وشكبوونەوە رزگار دەكات و ئەندامانی جەستە تەڕ دەكاتەوە. یانیش گیراوەی فراولە و سێو و مۆز، ئەو گیراوەیە زۆر دەوڵەمەندە بە دژە ئۆكسید و قەرەبووی جەستە دەكاتەوە لە كەمبوونی ئاو و شلەمەنییەكان لە جەستەدا و بەهای خۆراكی زۆریشی تێدایە.
سێهەم: لە مانگی ڕەمەزاندا پێویستە ڕۆژوەوان خۆی بپارێزێت لە خواردنەوەی چای سەوز، ئەم خواردنەوەیە لە مانگی رەمەزاندا كە جەستە تووشی كەم ئاوی دەبێتەوە، هۆكارە بۆ ئەوەی میزی مرۆڤ لە رادەبەدەر خەست بێت، ئەمەش مرۆڤ رووبەڕووی كێشەی گورچیلە دەكاتەوە، بەوهۆیەشەوە خەستیی میز ئەگەری تووشبوونی مرۆڤ بە بەردی گورچیلە زیاد دەكات.
چوارەم: خورما سوودی هەیە بۆ ڕۆژوەوانان بەهۆی بوونی رێژەیەكی زۆری ئاسن لە پێكهاتەكەیدا، یارمەتیدەرێكی بەهێزیشە بۆ نەهێشتنی نەخۆشی كەمخوێنێ و چارەسەركردنی و رێگرتن لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ. بەهۆی دەوڵەمەندی بە پۆتاسیۆم دەبێتە هۆی ئەوەی كۆنتڕۆڵی پەستانی خوێن بكات و شلەمەنییەكان لە خوێندا بە هاوسەنگی رابگرێت.
پێنجەم: كاركردن لە ماوەی بەڕۆژوبوندا هۆكارە بۆ چالاكبونی جەستەی مرۆڤ و سووتانی چەوری زیاددەی جەستە، هەروەها هۆكاریش دەبێت بۆ ئارامبونەی مێشك و كەمكردنەوەی بیركردنەوە لە برسێتی و تینوێتی وچەند ئارەزویەكی دیكە.
شەشەم: دوای خواردنی ژەمی ئێوارە، جەستە و گەدەتان زیاتر لە جاران قورس دەبێت، هەر بۆیە جووڵە و پیاسەكردن، پێویستە و ئەم كارە كۆئەندامی هەرس لە چالاكی ناوەستێنێت، باشترین كاریش بەشداریكردنە لە نوێژی بەكۆمەڵی تەراویح یانیش لەماڵەوە خۆت ئەو نوێژە ئەنجامبدە.
حەوتەم: پزیشكان ڕێنمایی دەدەن بە تووشبووانی شەكرە دووربكەونەوە لەڕاهێنانی وەرزشی قورس یان كاری قورس پێش بەربانگ، ئەگەر ڕۆژووەوان لەچەند سەعاتی یەكەمی بەڕۆژوو بووندا ڕێژەی شەكرەكەی دابەزی و گەیشتە ( 60 -70 ) یانیش لەدوای بەربانگ ڕێژەی شەكرەكەی بەرزبویەوەو گەیشتە (300) ئەوا دەبێت واز لەڕۆژوو بهێنێت تاوەكو دەگەڕێتەوە دۆخە سروشتیەكەی و پێویستە ڕاوێژ بكات بە پزیشكەكەی.
هەشتەم: لە ئەگەری توشبوونت بە با یان ئازاری گەدە خواردنی نەعنا و زەنجەفیل بخۆن، یانیش ئەگەر حەزت پێنەكرد یان دەستت نەكەوت رازیانە بجوە بۆ ئەوەی لەم گرفتانە دوور بكەوێتەوە. هەروەها دارچینیش رۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی ئازارێك كە لەدەرەنجامی بای گەدەدا دروست دەبێت.
نۆیەم: بۆ هاوسەران لەم مانگەدا جووت بوون سوودی هەیە و میزاجی مرۆڤ باشتر دەكات بەتایبەتی ئەگەر بەویستی هەردوولا بێت. هەروەها سووڕی خوێن چالاكتر دەكات و ئەگەر حەسانەوەی پێویستی بەدوادابێت ئەوە مرۆڤ بەگشتی ئارامتر و چالاكتر دەبێت.
 

 

ئەژین عەبدوڵڵا-هەولێر

© 2017 Hawler