ئاب 18, 2018

شێرپەنجەی مەمك یەكێكە لە شێرپەنجە باوەكان لە ئافرەتان، لەگەڵ بەناوساڵكەوتن و پیربوون ڕوو لە زیادبوون دەبێت. لە پیاوانیش ئەو شێرپەنجەیە لە هەموو تەمەنێك ڕوو دەدات! ئەگەر زوو دەسنیشان كرا، ئەوا: چارەسەركردنی زۆر ئاسانە. هەتا ئەمڕۆ زۆر لە پیاوان ئەگەر گرێ لە مەمكیان پەیدا بێت هەتا گرێیەكە زۆریان لۆ نەهێنێت سەردانی پزیشك ناكەن؟! بگرە هەندێكیشیان هەر شەرم دەكەن هەر باسی بكەن. بە زوو دەسنیشانكردنەكەی، لەوانەیە زووتر چاك بێتەوە و بنەبڕ بكرێت.

*نیشانەكان:
1-بوونی گرێیەكی بێ ئازار و بێ ژان لە مەمك.
2-گۆڕان لە پێستی مەمك، وەك:گڕنی گڕنیبوون (dimpling)، لوولبوون (puckering) و سۆربوونەوە و كڕێش كردن (scaling).
3-گۆڕان لە گۆی مەمك و سۆربوونەوە و داڕووشان و بەناوداچوونی گۆی مەمك.
4-كێم و خوێن و خیزاو هاتن لە گۆی مەمك.

*هۆكارەكانی تووشبوون:
هەتا ئێستا هۆكاری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك نەزانراوە!؟ هەموو پزیشكان لەو باوەڕەدان كە بە هۆی ناڕێكی لەدابەشبوون لەخانەكانی مەمك كە لە دەست دەردەچن و زیاتر لە خانە ساغەكان دابەش دەبێت و زۆر دەبێت. ئەو خانە شێرپەنجانە بەناو شانەكانی دەوروپشتیان دەچن و دەچنە گرێ لیمفیەكان و بەشەكانی تری ئەندامەكانی لەش. مرۆڤ هەر كە لە دایك دەبێت بڕێكی كەمی لە شانەی مەمكی هەیە كە لەو ڕژێنانەی شیر دەردەكەن و جۆگەكانی شیر(كاریان گواستنەوەی شیرە بۆ گۆی مەمك) و چەوری پێك دێت. ئەو شانانە دوای خۆناسین لە ئافرەتان گەورە دەبن و زۆر دەبن بەڵام لە پیاوان ئەو گۆڕنكاریانەیان بەسەر دانایەت. شێرپەنجەی مەمك لە پیاوان لەو بڕە شانەی مەمك، كە؛ مرۆڤ لە منداڵیەوە هەیەتی دێت.

*جۆرەكانی شێرپەنجەی مەمك لە پیاوان:
1-شێرپەنجەی جۆگەكانی شیر: باوترین جۆریانە.
2-شێرپەنجەی ڕژێنەكانی شیر: زۆر دەگمەنە.
3-شێرپەنجەی بڵاوبۆوە بۆ گۆی مەمك: بە نەخۆشیی (پاچیت)ی گۆی مەمك دادەنرێت.

*هۆكارەمەترسیدارەكانی تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمك لە پیاوان:
1- پیربوون و بەناوساڵكەوتن: شێرپەنجەی مەمك لە پیاوان لە نێوانە تەمەنی (60 - 70 ساڵی) زۆر باوە.
2- زۆر خواردنەوەی مەی و خواردنەوە كحوولیەكان.
3- وەرگرتنی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین (هۆڕمۆنی مێینە) لە كاتی وەرگرتنی ئەو شورنقانەی كە ئیسترۆجینیان تێدایە، كەوەك چارەسەری هۆڕمۆنی بۆ شێرپەنجەی پڕۆستات بەكار دێت؛ ئەگەری تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات.
4-بوونی شێرپەنجەی مەمك لە خانەوادە (Family History):بوونی كەسێكی نزیك تووشی شێرپەنجەی مەمك بووبێت، ئەگەری شێرپەنجەی مەمك لە پیاوان زیاد دەكات.
5-دیاردەی كلاینفلتەر (Klinefelter): ئەو دیاردەیە كە نێرەمووكیە؛ لە ئەنجامیبوونی (كرۆمۆسۆمێكی X)ی زیاد لە پیاوەكە،كە: دەبێتە هۆی ناڕێكی لەكاری گوونەكان. ئەمەش هۆكار دەبێت لە كەمبوونی هۆڕمۆنی نێرینە (ئەندرۆجین) و زیادبوونی ئاستی هۆڕمۆنی مێینە (ئیسترۆجین).
6- نەخۆشیەكانی جگەر: نەخۆشیەكانی جگەر، وەك: دۆن چۆڕانی جگەر (التشمع) دەبێتە هۆی كەمبوونی ئاستی هۆڕمۆنی نێرینە و زیادبوونی ئاستی هۆڕمۆنی مێینە، بەمەش ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات.
7- قەڵەوی: قەڵەوی هۆكارێكە لە پیاوان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك، ئەمەش بە هۆی زیادبوونی خانەچەورییەكان لە لەش كە هۆكار دەبێت لە گۆڕینی هۆڕمۆنی نێرینە (ئەندرۆجین) بۆ هۆڕمۆنی مێینە(ئیسترۆجین). بەمەش ئاستی هۆڕمۆنی مێینە لە لەش زیاد دەبێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمك زۆر دەبێت.
8-بەركەوتن بە تیشك: ئەگەر مرۆڤ بەر تیشك بكەوێت، وەك: ئەو كەسانەی شێرپەنجەی سییەكانیان هەیە و تیشك بۆ چارەسەركردن بەكار دێنن. ئەو تیشكە ئەگەری تووشبوون بەشێرپەنجەی مەمك زیاد دەكات.

*دیاریكردن و پشكنینەكان: كاتێك پزیشك مەزەندەی بۆ شێرپەنجەی مەمك دەچێت. چەند پشكنینێك بۆ نەخۆشەكە دەكات، لەوانە:
1- پشكنینی مەمك بە دەست: پزیشك بەسەری نەرمانی پەنجەكانی مەمكی نەخۆش دەپشكنێ. بۆ زانینی هەر گۆڕانێك بەسەریدا هاتبێت. قەبارەی گرێیەكە بزانین چەندە؟ تا چەند لە پێست نزیكە؟ پەیوەندیی لەگەل گۆشت (ماسولكەكان) چییە؟ پزیشك هەموو لەشی نەخۆشەكە دەپشكنێ، بۆ زانینی: ئایا جگەری ئەستوور بووە یان گرێیە لیمفەكانی گەورە بووە؟.
2- تیشكی ڕەنگاو ڕەنگی مەمك (Mammogram).
3- تیشكی مەمك بە ڕێگای سۆنار: بۆ زانینی ئەو ناڕێكیانەی كە بە پشكنین بەدەست وتیشكی ڕەنگاوڕەنگ دەردەكەون.
4- پشكنینی دەردراوەكان لە گۆی مەمك: لە ژێر ووردبین بۆ خانە شێرپەنجەكان لەناو ئەو دەردراوانە.
5-وەرگرتنی نموونەیەك لەگرێیەكە بە شورنقە: لە ڕێگای شورنقەیەك، نووكی شورنقەكە دەبرێتە ناو ئەو گرێیە، كە مەزەندەی شێرپەنجەی لێدەكرێت. پارچەیەك لە خانە و شانەكانی ئەو گرێیە وەردەگیرێت بۆ پشكنین لە ژێر ووردبین. دیاریكردنی جۆری شێرپەنجەكە، ئەگەر زانرا گرێیەكە شێرپەنجەیە.
6- زانینی ئایا شێرپەنجەكە پەلوپۆی هاویشتووە؟ كاتێك پزیشك گرێیەكەی دیاریكرد كە شێرپەنجەیە. هەندێك پشكنین بۆ نەخۆشەكە دەكات بۆ زانینی پلەوپایەی بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەكە چونكە چارەسەركردن بەگوێرەی پەلوپۆپ هاویشتنی شێرپەنجەكە دەگۆڕێت.ئەمەش بەهۆی پشكنینەكانی خوێن و تیشكی ئاسایی مەمك و تیشكی تەندووریی و تیشكی موگناتیسی بۆ ئەو مەبەستە بەكار دێت.

* چارەسەركردن:
چارەسەركردنی شێرپەنجەی مەمك لە سەر چەند هۆكارێك بەندە، بۆ نموونە: قۆناغی نەخۆشیەكە و تەندروستی گشتی نەخۆشیەكە و نەخۆشەكە چ چارەسەرێك داوا دەكات، بەزۆری گرێیەكە بە نەشتەرگەری دەردەهێنرێت؛ هەندێك جاریش ڕێگای تر بەكار دێت.

ڕێگاكانی چارەسەركردنیش، ئەمانەن:
1. نەشتەرگەری: بەلابردنی گرێیەكە بە تەنیا یان لابردنی گرێیەكە لەگەل گرێیە لیمفیەكانی دەوروبەری. جاری وا ھەیە تەنیا یەك گرێی لیمفی دەردەهێنرێت و دیراسەی لە سەر دەكرێت.
2.چارەسەركردن بە تیشك.
3.چارەسەركردن بە ماددە كیمیاویەكان: بە بەكارهێنانی چەند دەرمانێك، بە ڕێگای خوێنهێنەر یان دەم بەیەكەوە دەدرێت.جاری وا ھەیە دوای نەشتەرگەری دەدرێت بە نەخۆشەكە.
4.چارەسەركردن بە ھۆڕمۆن: بۆ ئەو شێرپەنجانەی كە بە هۆڕمۆنەوە بەندن.
5.چارەسەركردنی ئامانج دیار (المعالجەالهدفیە،Targeted Therapy): ئەو جۆرە چارەسەرە بۆ جۆرێكی دیاریكراو لە شێرپەنجەكان بەكاردێت، خانە شێرپەنجەییەكان پڕۆتینێكی دیاریكراو دروست دەكەن كە یارمەتی گەشەكردنی شێرپەنجەكە دەدن دەرمان دژی ئەو پڕۆتینە دەدرێت یان بۆ كەمكردنەوەی ئەو فاكتەرانەی كە بووەتە هۆی شێرپەنجەكە.

*خۆپاراستن:
1-كەمكردنەوەی خواردنەوەی مەی و كحوولیەكان.

2- قەڵەو نەبوون و خۆلاوازكردن و ڕاگرتنی كێشی لەش لە بارێكی تەندروست بە وەرزشكردن و بەكارهێنانی خۆراكی دروست، كە؛ سەوزە و میوەی زۆر تێدا بێت

 

د.ئازاد مەنتك

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.