ئاب 23, 2019

بەدەر لە عاتیفە، بەدەر لە هەڵچوون نزیک لە ڕاستی، نزیک لە ویژدان، ئەگەر لە کەسایەتی (نێچیرڤان بارزانی) بدوێی، دەبێت لە نزیکەوە وەها وێنەی بکێشیت کە ئەو پیاوە ئەزموونێکی نوێیە لە حوکمڕانی و دەسەڵات، کە ڕەنگە ئەو کەسایەتییە تایبەتە بە ئاسانی نەتوانرێت حەقی خۆی پێبدرێت، چونکە زیاتر لە خەسڵەتێکی هەیە، کە بۆ ئەمڕۆ و ئاییندە دەکرێت متمانەی پێبکرێت، بۆ بەدیهاتنی خەونە دوور و نزیکەکان، کە خەونی مرۆڤی کوردە، ئەو مرۆڤە ماندووەی کە وێڕای هەموو ئاستەنگێک هێشتا بێ هیوا نیە بەرامبەر بە پاشەڕۆژ.

کەسێکی تایبەت
(نێچیرڤان بارزانی) لە خێزانێکی خوێندەوار لەدایکبوو، کە لە ناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد نوێخوازبوو، شەھید (ئیدریس)ـی باوکی لەو سەردەمە مرۆڤێکی ڕێچکە شکێن بوو، مرۆڤێکی عەقڵ کراوە بوو، خاوەن ئەزموون و ئەجێندایەکی نوێ بوو، خوێندەوارێکی ژیری ئەو سەردەمە بوو، هاوڕێی هەمیشەی کتێب و مەعریفە بوو، بڕوای بەوە هەبوو، کە گوێڕایەڵی هەڵوێستی بەرامبەر بێت، بە جیاوازی بیروبۆچوون، ئەمەش لەو سەردەمە کرانەوە بوو، لە ڕووی سیاسەتی کورد، شەھید (ئیدریس)ـی بەوە ناساند، کە لە هەڵوێست و لێکدانەوەیدا بە گەشبینی دەڕوانێتە ئایندە، نەک تەنیا ڕوانین، بەڵکو کارکردن و شەونخونی بۆ ڕەشکردنەوەی نائومێدی لە دڵی تاکی کورد، کە زۆرجار تووشی جۆرێک لە شکست و ڕووخان دەبۆوە.
لە مێژووی کورد (ئیدریس) وەک پیاوێکی ئاشتیخواز و ئازادی خواز دەرکەوت، زیاتر لە ڕووخسارێکی لە کەسایەتی ئەو دەرکەوت، کە هێما بوو بۆ داڕشتنی ئەو دواڕۆژەی کە ئەمڕۆ (نێچیرڤان) پیادەی دەکات و تەواوکەری ئەو عەقڵیەتە ژیرانەیە، کە لە (ئیدریس)ـی باوکیەوە بۆی بەجێماوە، خۆشی ماندووکرد بۆ ئەوەی لە مێژوودا کەسایەتی باوکی بە زیندوویی بمێنێتەوە، لەوانەش سیفەتی بوێری و جووڵە، کراوەیی، خۆجیانەکردنەوە لە پێشمەرگە، ڕەنگدانەوەی بەسەر کەسایەتی (نێچیرڤان)ـدا هەیە. (نێچیرڤان) لە باوەشی کتێب لە دایکبوو، بە ووشەی جوان لە کتێبخانە خنجیلانەکەی باوکی گەشەی کرد، زۆر لە منداڵی لە ناو کتێبی (شیرازی) و (خەیام) چەکەرەی کرد، جگە لەو هەزاران بەیتە شیعرەی کە شەوانە (ئیدریس) بە گوێیدا دەچرپاند و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، کە ڕێز لە کتێب و مەعریفە دەگرێت، ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە ئەو بە خۆشەویستی ووشە پەروەردە بوو.

ڕووخسارێکی نوێ
تەمەنێکی کورتە لە قەدەر ئەو ئەزموونەی دروستی کرد، بەڵام لەوەدەچێت هەنگاوەکانی کورت کردبێتەوە، ئەمیش دەرکەوتنی وەک بەرپرسێکی ڕووحسووک، کە بەبوێری و جورئەت عەقڵیەتی تەقلیدی شکاند و، بۆچوون و هەڵوێستی بەدەربوو لە سواوی و دووبارەبوونەوە، بۆیە هاتنەپێشەوەی هەنگاوێک بوو بۆ بەشداربوون لە بزووتنەوەی سیاسی لە قۆناغێکی زۆر هەستیار، ڕاستە لە چوارچێوەی حیزبێکی سیاسی کاری جیدی کرد، بەڵام جگە لەوە وەک کوردێک ڕەفتاری لەگەڵ ژیان دەکرد، نەک چوارچێوە دانان یان ڕەفتارکردن لەگەڵ حیزبێک، تەنانەت حیزبی بۆ ئەوە هەڵبژارد کە ببێتە فاکتەرێک لە ڕۆحی جەماوەر و نەخشە داڕشتنی بەرنامەیەک، کە کورد بتوانێت ببێتە خاوەن پێگەی خۆی، لەمەشدا بە ویژدان بڵێین، پیاوێکی دوور لە کلیشە بوو، بڕوای بە قسەی بریقەدار و کورسی دەوار نەبوو، بە قەد ئەوەی پەنجەرەیەکی نوێی لەخۆی کردەوە، بۆ خەونە دوور و نزیکەکان، بۆیە دەتوانین بە ئاسانی دان بەوەدابنێین، کە (نێچیرڤان بارزانی) بوێرانە تەوقێکی شکاند، بە کردەوە دەریخست کە بەرپرسیارێتی بریتیە لە شەونخوونی، لە ڕێگەی کردارەوە، زەمەنی کابینەکانیشی بەڵگەن بۆ ئەوەی گوتمان.
گەنجێکی پڕ سەلیقە
چونکە خەڵک بە حەسرەتەوە چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد، کە گەنجێک بتوانێت لەسەر هەردوو پێیەکانی خۆی بوەستێت و، لە ئەزموونێکی نوێ کوردستان پێناسە بکات، (نێچیرڤان بارزانی) وەڵامی ئەو خەونەی دایەوە و لە ماوەی چەند ساڵێکی کورت، توانی پێگەیەکی قایم لە ئاستی نێوخۆی و نێودەوڵەتی مسۆگەر بکات، ئەمەش سەرەتایەکی نوێ بوو، لە حووکمڕانی مۆدێرن، کە کوردستانی لە حاڵەتێکی تەقلیدیەوە گەیاندە ئەو قۆناغەی کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی وەبەرهێنانی نەوت و وزە بکات.

ئەندازیارێکی پڕ خەون
بنەمای هەموو گەلێک بوونی ئابوورییەکی پتەوە، بۆیە ئەگەر بتەوێ زەمانەتی ئایندە پێناسە بکەیت، دەبێت لە ئابووری ئەو وڵاتەوە دەستپێبکەیت، چونکە شادەماری ژیان بەبێ بوونی ستراتیژیەتێکی نوێ بۆ ئابووری وڵات ناتوانی هیچ دیوارێک بڕوخێنێت و هیچ هەڕەشەیەک بکات بەڕووی کرانەوە، (نێچیرڤان بارزانی) ئەو خەونەی هێنایەدی و، بۆڕیە نەوتەکان لە نێوان کوردستان و وڵاتان موژدەی ئەوەبوو، کە ئیدی کورد لەو قۆناغە دەرچوو، کە بڕوای بەخۆی نەبێت، تەنانەت هەموو دنیا کە باس لە کوردستان دەکەن، باس لە ڕێگەی دەسەڵاتی پڕ لە خەونی کورد دەکەن، دەیکەن بە نموونەیەک بۆ حوکمڕانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ مێژووش دەنووسرێت، کە (نێچیرڤان بارزانی) ئەڵقەیەکی هەرە گرنگی پەرەسەندنی ئەو ئابوورییە بوو کە لە کوردستان ڕاگەیەندرا و، لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا کوردستان بەخیلی پێدەبردرێت.

دەسەڵاتێکی پڕ ئەزموون
(نێچیرڤان بارزانی) بۆ پڕۆپاگاندە و دروشمە بریقەدار دەسەڵاتی وەرنەگرت، بۆیە ئەو چەند جارەی بوو بە سەرۆکی حکوومەت پێگەی کوردی بەهێزکرد، بە ڕۆحێکی گەرمی کراوە مامەڵەی لەگەڵ سیاسەت کرد، هونەری هەرە گەورە ئەوەبوو، کە توانی زمانێکی مۆدێرنیزمانە بەکاربێنێت بۆ دیالۆگێکی کراوە لەگەڵ هەمووان بەبێ جیاوازی بیروبۆچوون، تەنانەت ئێستا نەیارەکان زیاتر لە پارتی دەست بە (نێچیرڤان)ـەوە دەگرن، ساڵانی کارکردنیان لەگەڵ ئەو پیاوە بە ساڵانی زێڕین ناودەبەن، چونکە (نێچیرڤان بارزانی) هەموو دەرگاکانی کردەوە، بەڕووی هەمووان زەمەنێکی جوانی دروستکرد لە پێکەوەژیانی کە دروشمی هەرە سەرەکی بەرنامەی ژیان و کارکردنی بوو.

جیاواز لە بیرکردنەوە
فەلسەفەی (نێچیرڤان بارزانی) لە دەسەڵات ئەوەیە، کە دەبێ کوردستان لەسەر نەخشە ڕێگایەک بڕوات، کە ببێتە فاکتەرێکی زیندوو لە گەشەسەندنی ئابووری، بەڵگەش بۆ ئەوە زۆرە، لەژێر سێبەری نێچیرڤان کوردستان گەشایەوە، پڕۆژەکانی ئاوەدانی و کەرتی تەندروستی و پەروەردەیی و وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و جڤاکی ئەوەی دەرخست، کە ئەو پیاوە بۆ چرکەیەک نەوەستاوە، دبلۆماسی لەناوەوە و دەرەوە، دژی مرۆڤ کوشتن و ژن کوشتن وەستا، هونەر لەژێر سێبەری ئەودا گەشایەوە، چونکە خۆی هاوڕێ ڕۆح سووکی ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران بوو، خەمخۆری داهێنان بوو، بەتایبەت لە بواری ھونەر بە گشتی و سینەما بەتایبەتی، کە ھەر خودی خۆی دەستپێشخەر بوو لە دامەزراندنی دەزگای سینەما لە پایتەخت و ئێستاش پەلی بۆ ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان ھاوێشتووە، بۆیە کاتێک دەڕوانیتە ئەو سەردەمە ئەوەی بەرچاوت دەکەوێت، هەزاران قوتابخانەیە، هەزاران هوتێلی جوانە، هەزاران پردی نوێیە، هەزاران کتێبە، ئەمە ئەدرێسی حکومەتێکە کە وێڕای هەموو ئاستەنگەکانی ناوەوە و دەرەوە هەر بەردەوامە، بۆیە گومان لەوە ناکرێت، کە ئەو کەسایەتییە بێخەم بێت لە ئاست کارکردنی ئاییندە، کوردیش زۆر چاوی لە (نێچیرڤان بارزانی)ـیە، کە بیگەیەنێت بە دوورگەی ئارام، وێڕای هەموو ئاستەنگێک هێشتا هەر خەونی جوان دەبینێت.

 

شاخەوان مستەفا

© 2017 Hawler