ئاب 23, 2019

محه‌مه‌د ئەحمەد ئەربیلی، ناسنامەی ره‌سه‌نایه‌تی

دەنگ:
ئەربیلی شالوورێکی سەرمەستی گوڵزاری گۆرانیە، پیری موغانی مەیخانەی قۆریاتە،خاوەن ڕێچکەو دەنگی خۆیەتی، دەنگی کەسانی ئاسایی چێژی لێ وەرناگرن وبەدەنگەکی زۆر ئاسایی دەدەنە قەڵەم، لێتان ناشارمەوە بەخۆم یەکێک بووم لەوانە، بەڵام کە چەندی بەرەو هەورازی تەمەن هەڵدەکشێم و لەهونەر تێدەگەم ئەوسا لە خۆڕسکی ئەو دەنگە تێدەگەم،ئەربیلی دەنگی بە بۆماوە (ویراسەت) بۆ ماوەتەوە، لە هەولێرێ ناویان بەسێ برایە دەنگ خۆشەکە ڕۆیشت بوو، جەلال حەردان دەنگی تیژ بوو، تینۆر بوو، جەبار ئەحمەد، ئەربیلی
ئەربیلی خودان دەنگێکی شیرین و نەشئە بەخشە، زۆر لێزان و وەستایانە گۆرانیەکانی دەچڕێت، بەبێ هیچ تەسەنوعێک و خۆماندووکردنێک پێچەوانەی هەندێک دەنگبێژان کە وا خۆیان سەخلەت دەکەن لە ئەداکردنی گۆرانی، دەماری ملیان دەردە پەڕێت، وادەزانن چەندی بە تۆنی بەرز گۆرانی بچڕن، بەتواناتر هەژمار دەکرێن، ئەوە ش بۆ ئەوخاڵەی دەگەڕێتەوە کە لێزان و وەستایە لە ئەدا کردن، گۆرانی بە قوڕگی ناڵێت، قوڕگ تەنها ئامرازی گەیاندنی ئەدایەکەیە، گۆرانی بە جۆشانی نێودڵی دەڵێت، بەدڵ دەچڕێت بۆیە بەهاسانی دەچێتە نێو دڵ.، لەزۆربەی مەقامە کان ئەسپی خۆی تاو داوە بەڵام لە هەموان زێتر هۆگری مەقام بەیات بوو، کە مەقامێکی ڕاقیە، کە لە پەیژەی مۆسیقی ڕێ بۆ ڕێ، یە(لە پەیژەی می) کاربیمۆلی وەردەگری، لە پەیژەی (سی)، (بیمۆل) وەردەگرێ.

ئاوازدانەر:
لەگەڵ ئەوەی ژەنیار نیە، بەڵام ئاوازدانەرێکی تژی لە هەستە، ئاوازەناوازەکانی گەواهین بۆ بۆچونەکەم،ئەو بەهرە خۆڕسکە خواییەیە کە بوە هۆی ئەوەی تخوبی تەسکی ناوچەیەکی دیاری کراوی بەرتەسک ببڕێت و ئاوازەکانی بپەڕنەوە بۆوڵاتانی دەوروبەرو دوورتر، کێ هەیە لە ئێمە گۆرانیە بەناوبانگەکانی (سۆلیمە، یاڵڵا شوفێر و ئەوانی تر) کە گۆرانی بێژ ئیبراهیم تاتلیساس چڕیویەتی، لە میمۆری یادەکانی خەزن نەبێت، تۆ بڵێی گەر ئاوازەکانی نەچوبنە نێو دڵی تاتلیساس کە ئەوکات لە لوتکەی شۆرەت بوو، وەریبگرتبایەوم و بیگوتبایە؟

ئەربیلی و گۆرانیی کوردی :
ئەربیلی هەرگیز نکوولی لە کوردبوونی خۆی نەکردوە، کە بە ئەسل خۆشناوە، بەڵام لەو کۆچەی لە گوند بۆ شار کراوە، ئەوان لە هەولێر نیشتەجێ بوونە، فێرە تورکمانی بوونەو لەگەڵ تورکمانەکان تواونەتەوە، کێ هەیە لە ئێمە گۆرانی (کیژەکەی کافرۆش) لە یادەوەری وجودی نەبێت، کە تێکستەکە و ئاوازەکە کە مەقام بەیاتە، دەچنە خانەی سەهلی مومتەنیع، زوو لەنێو سینەی گوێگر خەزن دەبێت، زۆر کەس ئەو گۆرانیەیان چڕیوە، بەڵام ئەوەی کە زۆر خۆش چڕیویەتی شەهید جەمال موفتی بوە، هونەرمەند میکایلیش ئەو گۆرانیەی جوان ئەدا کردوە، کە باسی گۆرانیە کوردیەکانی دەکرێ ناکرێ باسی گۆرانی (یاڵڵا شوفێر نەکەین) کە نەمر حەسەن زیرەک چریویەتی،تاتلیسازیش تورکیاندیتی، گۆرانی (لێرەمە لە هەولێرێ) یەکێکە لە گۆرانیە لەبیرنەکراوەکانی هونەرمەند، گۆرانی (زێڕینگەر) گۆرانیەکی سەرکەوتووە لەناو گوێگرەکانی، (لەپاش مەرگم) هی هونەرمەند مشکۆ، ئەربیلی بەرۆحیەتەکی جیاواز ئەدای کردوە، کە چێژی لێ دەتکێ، هەر لە زیهنی گوێگر ئامادەگی هەیە، زۆر لە گۆرانی سەرکەوتوو ی تر کە خەرمانی ڕەوسەی هونەری کوردی زەنگینتر کردوە.

قۆریات:
یەکێ لە ستایلە تایبەتیەبەهەرمێنەکانی تایبەت بە برا تورکمانەکانمانە لە شاری هەولێر و کەرکوک، کە زیاتر بە مەقام بەیات دەگوترێ، دەگەڕێتەوە سەر ئەو قۆریات بێژەی کە بە کارامەیی ئەو شێوازە دەچڕێت، ئەوەی کە باو بوو لە لای تورکمانەکان یەکەم جار مەولودێکی نەبەویان دەکرد، دوایی زێتر خۆبەخۆ یی وخزمە نزیکەکان دەمانەوە، زۆر جاران نێرینەومێینە پێکەوە چێژیان لە دەنگە خۆشەکان وەردەگرت، ئەگەر کەسانی بێگانەی زۆری لێ ببوایە، پیاوەکان بەتەنها، ئافرەتەکانیش بەدەم کولیچەوپاقلاوەئامادەکردن گوێچکەی خۆیان بە قۆریات وبەستەی تورکمانی زاخاو دەدا، یەکەک لە بەستە هەرە بەناوبانگەکانی ئەگلەنجەکان، بەستەی(قەلعانی دی بندە بردە شۆڵایدی) بوو، کە وەکو سەلامی جمهوری ئەگلەنجەکان بوو، کاتی خۆی لە ئەگلەنجەکان ناوە دیاروعیملاقەکانی قۆریاتی بەشداریان دەکرد، ئەوەی زۆر لێهاتوو نەبوایە ئەو جورئەتەی نەدەکرد لەگەل ئەو زاتانە بەشداری ئەگلەنجەکان بکاتن، لەوانە(مشکۆ، حەیدەر بەقاڵ، ئەربیلی شالوورەکی یەکەک بوو لەناوە دیارەکان)
کەسایەتی:
ئەربیلی خاوەن کەسایەتیەکی خۆسەپێنەرە، ئەوانەی لێی نزیکن دەلێن خاوەن عیزەت نەفسێکی زۆر بەرز بوو، لە ئەکلەنجەیەک یەکێ لە خوا پێداوە کان دەیەوێ پارەی بەسەری دا بکات وەک شاباش، یەکسەر وەستابوو لەقۆریات چڕین، گوتبووی گەر ئەو کارە دوبارەبکەیەوە ئاهەنگەکە بە جێدەهێڵم، کە تاتلیساس داوەتی کردبوو بۆ تورکیا، پێی وتبوو بەس دەمت لێک کەوە چت دەوێ وە بزانە فانۆسی سیحریت لەپێشە، داخوازیەکانت جێبەجێکراون، گوتبووی من هیچم ناوێت، لەخودا بەزیاد بێت لە هیچم کەم نیە، لەبەرچاوی تاتلیساس گەورەتر بوو لەگەل ئەوەی ئەوکات باری ئابووری باشیش نەبوو،.

من و ئەربیلی:
چەند جارێک بەخزمەتی گەیشتیمە، بەڵام لەیەکێک لە سەفەرەکانم بۆ کوردستان لە هۆلی گەل چوومە لای هاوڕێیانی هونەرمەند، لەکاتی ڕۆیشتنم لەبەر دەرگا بە پێیان دەڕۆیشت فرسەت بوو بۆمن، گوتم مامۆستا دەلێی بە پیاسە دەرۆی وەکو من؟ گوتی من زۆر حەز بە ڕۆیشتن بە پێیان دەکەم، بەیەکەوە بەپێش ئامادەیی ڕزگاری بۆ سەر پردی سەیداوە، دوایی بۆ ناو شێخەللا دوایی بۆ گازینۆ مەچکۆی، لە ڕێگا گفتوگۆی هونەریمان کرد، بەڕاشکاوی ڕووبەروو پێم گوت بەرێزت هونەرمەندێکی زۆر گەورەی تاکە تێبینیم لەسەر بەرێزت ئەوەیە، کە لەتەک ئەو ئاوازە خۆشانە، گەر شیعری شاعیرانی دیکەت بەکارهینابوایە، گۆرانیەکانت چەند نەمرن، نەمر تر دەبوون، ئەو بۆ هەندێ گەڕاندەوە کە جاری ئەوها هەیە کت وپڕ ئاوازی وەک ئیلهام بۆدێت، هیچ تێکستێکی لەبەر دەست نیە، لەبەر خۆیەوە دەندەنەی دەکات، دوایی تەواوی دەکات، باسی مەقامی لەپاش مەرگم مان کرد کە مەقامی بەیاتە، گوتی ئەو مەقامە هەند گوتراوە، سواوە، دەمەوێ تێکستێکم دەست کەوێت هەمان مەغزای هەبێ، ئەوە بوو پێم گۆت ئەوە من دەتوانم بۆت دابنێم، تێکستێکی دانا، بە دەنگە مامناوەندیەکەی خۆم بە مەقام بەیات کە نەکهەوچێژەکی تورکمانانیم پێبەخشی بوو، ئێستاش لامە، سالێک دەبێت برایەکی هونەرمەند بەحوکمی ئەوەی ئەو لەوێیە ئەمن لێرە، گوتی ئەمن دەچمە لای و تۆماری دەکەین، هەر خەمساردی لێکرد، پشتی خۆت بەخۆت نەخورێنی کەس بۆت ناخورێنێ، هیوادارم چاک بێتەوە، بتوانێت ئەو مەقامە بە دەنگە بە سۆزەکی بچڕێ تێکستەکە بەناوی (وەسیەت) دەڵێ:
وەسیەت
ئه گه ر مردم، تکایه، نه یه سه ر قه برم
که له دونیا نه بووی به سابات و که پرم
بۆمن هه ڵمه ڕێژه، فرمێسکی خه ماوی
له پێناوت به فیڕۆ چوو عومری لاوی
که تۆ نه هاتیه سه ردانم له نه خۆشی!
دوای مردنم، بۆچی جلی ڕه ش ده پۆشی
به من چی! تاجه گوڵینه ی سه ر گڵکۆ
هه ی بێ مروە ت،ئۆباڵی منت به ئه ستۆ
له ئینجانه ی خه راباتی ڕۆح، هه ڵوە ری
له گه ڵ تۆ چیم دی! جگه له ده رده سه ری؟
دوماهی:
ئەربیلی ژمارەیەکی خوێندراوەیە لە کێلگەی بەپیتی هونەر، شەمامەیەکی بۆنخۆشی بێستانی نۆتە و مۆسیقایە، پاپۆڕێکی بەئازوقەیە لە ناو دەریای نەغمەوبەستە.

 

کەمال ڕێناس

© 2017 Hawler