شوبات 16, 2019

ئەمرۆ پێشانگەی فۆتۆگرافی "زمانی چاو" لە قەڵای هەولێر دەكرێتەوە

لە درێژەی چاڵاكیەكانیدا ناوەندی (كانی) بە هەماهەنگی كۆمیسۆنی باڵای بوژانەوەی قەڵا پێشانگەیەكی هاوبەش بۆ (5) فۆتۆگرافەری دەست ڕەنگینی كورد دەكاتەوە، لە ڕێی چاوی پێنج فۆتۆگرافەرەوە، بە جیاوازی زمانی دەربڕینتان ئاشنا دەكات، هاتنتان پشتگیری كردنە لە بوژاندنەوەی هۆشیاری و ڕۆشنبیری میللەتێك.

شایەنی ئاماژە پێدانە:-ئەم پێشانگەیە‌ لە قەڵای هەولێر- لە سەنتەری ڕۆشنبیری قەڵا، كاتژمێر (10)ی بەیانی ئەمرۆ دوو شەممە بەرواری 11ی شوباتی 2019، دەكرێتەوە، هەروەها ڕۆژانی 12 و 13ی شوباتیش بەردەوام دەبێت و لە سەعات 10ی بەیانی تا 5 ی ئێوارە.
جێگەی باسە:- فۆتۆگرافەرە بەشداربووەكان پێك هاتوون لە "یوسف حەمە ڕەشید، ئازا یوسف، تارا قادر، چۆلی فایەق و فریاد نانەكەلی"، هەر یەك لەو فۆتۆگرافەرانە بە شێواز و ستایلی تایبەت بە خودی خۆیان نمایشی فۆتۆیی دەكەن، كە هەر یەكێكیان بە (9) فۆتۆ بەشدارن و بە وێنەكانیان زمانی دەربڕینی وێنە نمایش دەكەن.
ڕۆژنامەی هەولێر بە پێویستی زانی ڕوومالی ئەم پێشانگایە بكات و لە بارەی ناوەڕۆكی پێشانگەكەوە، ڕێكخەر و فۆتۆگرافەری بەشداربوو "فریاد نانەكەلی" بهێنێتە ئاخاوتن:- "ئێمە هەر یەكێكمان بە (9) فۆتۆ بەشدارین، ویستوومانە لەم پێشەنگەیەدا هەریەكەمان بە بابەتێكی هونەری فۆتۆگرافی نمایشی كارەكانمان بكەین و بیگەینینە چاوی بینەر".
گوتیشی:- "ئامانجی من لەم پێشانگەیە ناساندن‌ و نمایشكردنی شوێنە كلتوری و گەشتیاریەكانی كوردستانە بە ڕووی گەشتیارانی پایتەخت كە ئەمیش بە وێنەی سروشت و ناوچە گەشتیاریەكان بەشدارم، هەر بۆیەش قەڵاتمان هەڵبژارد چونكە ڕۆژانە گەشتیارێكی زۆر سەردانی دەكەن وەك شوێنێكی كلتوری و ڕەمزی پایتەخت".
هاوكات "عبدالجبار كانی" سەرۆكی ناوەندی (كانی) بۆ برەودان بە هۆشیاری و ڕۆشنبیری كۆمەڵگا، بە (هەولێر)ی ڕاگەیاند:- "لە دڕێژەی چاڵاكیەكانماندا بە پێویستمان زانی كە پێشانگەی (زمانی چاو) بێنینە گۆڕەپان، هونەرێكی جوان و ناوازە و جیاواز پێشكەش بكەین، نیشانی كۆمەڵگاكەمان بدەین و ئەوە بسەلمێنین كە دەست و پەنجەی فۆتۆگرافەرانی ئێمەش هیچ جیاوازیێكی نییە لەگەڵ وڵاتاندا" .
گوتیشی:- "ئەم پێشانگەیە بە هەماهەنگی كۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر و بە بەشداری (5) فۆتۆگرافەری لێهاتوو تێیدا (45) فۆتۆ پێشان دەدەن، كە هەریەكەیان ووشەیێكی قەتیس بە چیرۆك و دەربڕینێكە و جوانی و ڕازاوەیی تێدا بەرجەستە دەبێ و دڵنیام كەشێكی هونەری زۆر ناوازە و جیاواز دەبێت ".
لە كۆتاییدا گوتی:- "دەمەوێت زۆر سوپاسی كۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوە قەڵای هەولێر بكەم، كە هەماهەنگ و هاریكاربوون لەگەڵمان، وە سوپاسی تایبەت بۆ هەر پێنج فۆتۆگرافەر كە ئامادەبوون بۆ كارێكی ئاوا جوان بەشداربن و سوپاسی ستافی ناوەند و هەموو ئەوكەسانەش دەكەم كە یەكە یەكە دەستی هاوكاری و یارمەتیان بۆ درێژكردین".
ئەوەی ماوەتەوە بڵێین:- ناوەندی (كانی) ناوەندێكی سەربەخۆ و قازانج نەویست و نوێخوازە، كار و چاڵاكییەكانی لەسەر بنەمای هۆشیاری و ڕۆشنبیرییە بۆ كۆمەڵگاكەمان، ناوەندێكە ڕەچاوی ویست و پێداویستییەكانی كۆمەڵگای كردووە و بە دوای پڕكردنەوەی كەلێن و بۆشاییەكاندا بۆ چارەسەر گەڕاوە، لە ڕابردووش چەندین چاڵاكی لە بواری جیا جیا ئەنجامداوە .

 

سەرهەنگ غەریب- هه‌ولێر

© 2017 Hawler