نیسان 21, 2019

لیلۆز بەشار: لە ڕێگەی فیلمەوە داوای مافی ئافرەتان دەکەم

(لیلۆز بەشار)، ئەو کچە ئەکتەرە بە توانایەیە، کە لە زۆربەی بەرھەمە سینەماییەکانی دا، ھەوڵی داوە مافە ڕەواکانی ئافرەت بخاتەڕوو، بەتایبەت لەو فیلمەی کە لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمای دژ بە تیرۆر لە ھەولێر نیشان درا و، ئەو ڕاشکاوانە بۆ (ھەولێر) دەڵێت: خەونی زۆرم ھەیە لە بواری سینەمادا و دەمەوێ ڕۆژێک وەک ئەستێرەک لە نێو سینەمای جیھاندا بدرەوشێمەوە و تا ئێستاش چەندین ڕۆڵی جیاوازم بەرجەستە کردووە و بەشداربوومە لە چەند بەرھەمێکی ناوازەدا.

(لیلۆز بەشار) لە یەکەم لێدوانی بۆ (ھەولێر)ـدا دەڵێت: ئەگەرچی لە تەمەندا بچووکم، بەڵام خەونی زۆرم ھەیە بۆ پێشکەوتنی سینەما و دەستەبەرکردنی مافی ئافرەت لە ھەرێمی کوردستان، ڕاستە من خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانم و ژیانی ھونەرمەندیش لە ئاوارەییدا سەختە، بەتایبەت بۆ ئافرەتێکی وەک من، کە لە کەمپی دۆمیزەوە لەگەڵ دایکم دەستم بە کاری ھونەری کرد، بەڵام پێموایە دەتوانم لە باشووردا ھەموو خەونەکانم بەدی بێنم و بگەم بە لوتکەی سەرکەوتن و ببم بە ئەستێرەیەک لە نێو سینەمای کوردی و جیھانی دا.
گوتیشی: ھەست بە دڵخۆشیەکی زۆر دەکەم، کە لە میانی نیشاندانی فیلمەکەمان کە لە دەرھێنانی (محەمەد عابدی) بوو، منیش ڕۆڵی سەرەکیم تێیدا بینیووە پێشوازییەکی گەرم لەو بەرھەمە کرا، چونکە پەیوەست بوو بە مافی ئافرەتەوە، جگە لەو بەرھەمەش بەشداریم لە چەند کارێکی دیکەی سینەمایی کردووە، لەوانەش لەگەڵ دەرھێنەر (حوسێن حەسەن) ھتد..

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler