ئاب 23, 2019

گرنگیی پێشكەشكردنی سیمینار لەلایەن قوتابیانەوە

لەنێو بازنەی پەروەردە و فێرکردندا، زۆرجار مەوداکان فراوانتر دەبن و گۆڕانکاری ئەرێنیان بەسەر دادێ، دوور لەبنەمای کلاسیکی کۆمەڵە گۆڕانکاریەکی تازە دێتە پێش، بەرچاوترین بنەمای سەرەتا بریتیە لە (وانەگوتنەوە لەلایەن مامۆستا و قوتابی گوێگر) لەبەر ئەوەی دەبێت پەروەدە بە گۆڕانکاری سەردەم و فراوانی هەنگاو بنێ، ئەوا گرنگە لەگەڵ گۆڕانکاریەکان هەنگاوی نوێ دەست پێ بکەین.
بەخۆشحاڵیەوە لەم ساڵانەی دوایی هەست بە گۆڕانکاریەکی نوێ و ئیجابی دەکەین لە بەشێک لە ناوەندی خوێندن دا، کە بەپرۆسەی بزاوتێکی گرنگی رۆشنبیری هەژمار دەکرێت، ئەویش(ئەنجامدانی سیمینارە لەلایەن قوتابیانەوە) بۆ هاوپۆڵ و مامۆستایان، لە زۆربەی زۆری بابەتەکان ئەم جموجۆڵە جوانە بەدی دەکەین، بێگومان ئەنجامدانی ئەم جۆرە سیمینارانە خۆی لەخۆیدا بایەخێکی زۆرباشی هەیە لەرووی پەروەردەو فێرکردنی تاک، لێرەدا کرۆک و گرنگیی ئەم بابەتە لەم وتارە پەروەردەییەدا بەچەند خاڵێکی ئیجابی دەستنیشان دەکەین.
١- بەر لەهەموو شتێک ئەنجامدانی سیمینار لەلایەن قوتابیەوە، وەستانی بەرامبەر بە مامۆستا و قوتابیانی هاوپۆڵی، دەبێتە هۆی دروستبوونی (متمامەبەخۆبوون و بوێری )، ئەمەش یەکێکە لەو پرەنسیبانەی پەروەردەو فێرکردن، کە هەمیشە پسپۆڕانی ئەم بوارە دووپاتی دەکەنەوە پێویستە لەسەنتەری خوێندن و پەروەردەدا قوتابی متمانەدارو بوێر دروست بکەین .
٢- لەرێگەی ئەم چالاکیەوە، ئەو قوتابیەی سیمینار پێشکەش دەکات، پێشتر هەوڵی سەرچاوەی بابەت و گەڕان و زانیاری دەربارەی بابەتی دەسنیشانکراو دەدات، ئەمەش دەبێتە باكگراوندێکی زانیاریی سوودبەخش تا لەکاتی سیمیناردا بە وردی و سەرچاوەی زانستی بابەتەکانی پێشکەش بکات و لەبەرامبەریشدا قوتابیی گوێگر هەست بە چێژ و گرنگیی بابەت دەکات.
٣-دروستبوونی دیالۆگی کراوە لە نێوان قوتابیانی هاوپۆڵ و مامۆستای بەشداربوو، ئەمەش یەکێکە لەو خاڵە گرنگانەی کە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگا، رێزگرتن لە بۆچوون و زانست و زانیاریی بەرامبەر .
٤- کاتێ سیمینار پێشکەش دەکرێ، کرۆکی بابەتەکە دەبێتە بابەتێکی لەبیرنەکراو و لە زهنی قوتابی دەمێنێتەوە، کە ئەمەشیان هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە ئاستی فێربوونەوە بچێتە ئاستی تێگەیشتن، تێگەیشتنەکەش بریتیە لە تێگەیشتنی تەواو و لەبیرنەکراو، بۆیە لەو حاڵەتەدا لەکاتی تاقیکردنەوەدا بابەتی دەستنیشانکراو بۆ هەمووان دێتەوە یاد.
٥- لەرووی دەروونی و ژینگەییەوە قوتابی هەست بەگۆڕانکاریەکی ئیجابی دەکات، چونکە لە دانیشتنی پۆڵ و شێوازە تەقلیدیەکە وا لە قوتابی دەکات هەست بە گۆڕانکاری نەکات، بەڵام لەکاتی ئەنجامدانی سیمینار، جا چ لەپۆڵ بێت، یا لە هۆڵی قوتابخانە بێت، دەبێتە گۆڕینی کەشێکی تر و ژینگەیەکی فراوانتری دوور لە دووبارەیی، هەم لەدانیشتن، هەم لە شێوازی گەیاندن، بەڵکو ئەمجارە هەموو ئاراستەکان گۆڕاون بەرەو بازنەی فراوانی و گۆڕانکاری.
ئەم خاڵانەو چەندین خاڵی تر هۆکارێکی گرنگن لە ژیانی قوتابی دا کە هەوڵی ئەوە بدات لەرێگەی ئەم سیمینارانەوە زێتر گرنگی و بایەخ بە وانەو قوتابخانە و پەروەردەو فێرکردن بدات، هەموویانی خۆش بوێت، نەک وەک بازنەیەکی تەسکی دووبارەیی خۆی لەنێو ئەم کەشە بدۆزێتەوە، بۆیە بەپێی بەدواداچوونەکانمان لە قوتابخانەکان و بینینی ئەم جۆرە سیمینارانە لەهەر بابەتێک، دەرەنجام یەکسان بووە بە ئاسوودەیی دەروونیی قوتابیانی بەشداربووی سیمینار و خودی ئەم قوتابیانەی کە سیمیناریان ئامادەکردوە، هەروەها ئامادەباشەیەکی ئێجگار گرنگ و بایەخدارە کە لە قۆناغی زانکۆدا قوتابی بە بوێری و دوور لەترس و شەرم سیمینار پێشكەش بكات، کەواتە ئەم دەروازەیە پێویستە بەرەو فراوانتر بروات و مامۆستایانی سەرجەم بابەتەکات (سیمینار) بکەنە کلیلی سەرکەوتنی قوتابی و پەروەردەو فێرکردن .
لێرەوە دەستخۆشی لەو مامۆستا و کارگێڕی قوتابخانانە دەکەین کە گرنگی بە سیمینار دەدەن بۆئەوەی لەداهاتوو قوتابی و نەوەیەکی زیرەک و بوێر و رۆشنبیر دروست بکەن .

 

ئاری ئاغۆک

© 2017 Hawler