نیسان 21, 2019

شانۆیی (ئافرەت لە دۆزەخدا)، لە دەربەندیخان و سلێمانی دوو جار نمایش كرا

بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی هەولێر، بەرهەمی شانۆیی (ئافرەت لەدۆزەخدا)، دوای ئەوەی لەمانگی رابردوودا، بۆ ماوەی (3) رۆژ لە هەولێری پایتەخت نمایشكرا،لە هەفتەی رابردوودا لە رۆژانی (5 و 7/ شوباتی 2019) لە هەردوو شاری دەربەندیخان و سلێمانی (2) دوو جار نمایش كران. ئەو دوو نمایشە لە هەردوو شارەكەدا لەلایەن بینەرانی شانۆ و هونەرمەندانەوە پێشوازییەكی گەورەی لێكرا.

شانۆیی (ئافرەت لە دۆرزەخدا) كاری (نووسین، دەرهێنان و سینۆگرافیا) لەلایەن هونەرمەندی شانۆكار (هیوا سوعاد) ئەنجام دراوە، ئەو كارە شانۆییەلە ئەو ساڵدا یەكەم بەرهەمی شانۆی بەڕێوەبەرایەتیی هونەری شانۆی هەولێر هەژمار دەكرێت، لەماوەی كەمتر لە بیست رۆژ توانیی بینەر لە (3) شاری جیاواز لە دەوەری خۆی كۆ بكاتەوە!، دەرهێنەری شانۆگەرییەكەش ئەوە رادەگەیەنێت، پێشوازی گەرمی خەڵكی هونەردۆستی دەربەندیخان و سلێمانی لە بەرهەمەكەیان بە نیشانەی پێشكەوتنی شانۆییە لە هەولێر دادەنێت!.
هونەرمەند (هیوا سوعاد) لەمیانەی لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" تیشكی خستەسەر ناوەرۆكی بەرهەمە شانۆییەكەی گوتی: "ئەو كارە شانۆییە خۆم كاری نووسینم ئەنجامداوە، ناوەرۆكەكەی باس لەخەم ناسۆرییەكانی ئافرەتان دەكات، بەتایبەتی ئەو هەموو توندو تیژیەی بەناوی ئاین و بەناوی جۆراو جۆر رووبەروویان دەبێتەوە، بۆیە هەوڵمداوە لە رووی ناوەرۆكەوە، دەقی شانۆییەكە فرۆمێكی تەواو ئاوێتەبوون بە پرسی ئافرەت و، پرسی ئەو هەموو رووداوە توندڕەوانەی لەو سەردەمەدا بەرامبەر بە توێژی ئافرەتان ئەنجام دەدرێت بیخە بەرچاوی بینەر".
لەبارەی ئەو پرسەی هەڵیبژاردووە بۆ دەقە شانۆییەكەی دەرهێنەری شانۆیی (ئافرەت لە دۆزەخدا)، روونتر گوتی: "پرسەكان بەتەنها ئەو پرسانە نین كە لەوڵاتی خۆمان رووی داوە، ئەگەرچی من هەر لەسەردەمی كوشتنی (دۆعا) كچێكی یەزیدی بوو، ئەو كاتە بەو شێوەیە ئەو ئافرەتە كوشتنەكەی بووە بە پرسێكی یەكجار دیار و دڵتەزێن، تا دەگاتە ئەو كچانەی كەوتنە دەستی داعش و ئەو هەموو كارەساتەیان بەسەرهات، هەروەها ئەو كچە مەسیحیەی لەرووداوی تەقینەوەكەی ناوچی كەرادەی شاری (بەغداد) چی بەسەرهات، ئینجا باسی (سارا كان) دەكەم، كاتێك باوكی دەسترێژی كردە سەرو پاشان خۆی كوشت، هەموو ئەو پرسانە دەخەمەروو، كە ئەوە مرۆڤەكانن لە هەر شوێنێك بن ئەو رووداوانەیان بەسەر ئافرەتان هێناوە، ئینجا زۆر جار مرۆڤەكان ئاین دەكەن بە بیانوویەكی باوەڕنەكراو بۆ ئەوەی تاوانەكانیان حەشار بدەن".
هونەرمەند (هیوا سوعاد) لەبارەی ئەو ئەكتەرانەی بەشدارییان كردووە لەو كارە شانۆییەدا گوتی: "كۆمەڵێك خانم لەو بەرهەمە شانۆییە بەشدارییان كردو، هیچ ئەكتەرێكی پیاو رۆڵی نەبینی، چونكە ویستومان پەیامەكە بە تەنها ئافرەتان بیگەنینێت، چونكە خۆیان هەڵگری چیرۆكەكانن بۆیە بە پێویستم زانی تەنها ئەو خانمانە رۆڵ ببینن، كە پێكهاتبوون لە (كەژاڵ حەسەنی، شەیما فریاد، سۆنیا هیوا، ئەژین سارمەمی، ئەسەل ئەحمەد)، دیارە ئەوانەی بەرهەمە شانۆییەكەیان بینی شایەتحاڵی ئەوە بوون، ئەو خانمە ئەكتەرانە كارێكی زۆر ناوازەیان پێشكەش كرد، كە جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشی ئێمە لە ئێستادا خاوەنی ئەو ئەكتەرە باشانەین!".
(هیوا سوعاد)ـ دەرهێنەری شانۆگەری (ئافرەت لەدۆزەخدا) لەبارەی نمایشەكانی لە دەربەندیخان و سلێمانی روونی كردەوە: "دیارە دوای ئەوەی بەرهەمەكەمان لەمانگی رابردوودا بۆ ماوەی (3) رۆژ نمایشی بۆ كرا لە هەولێری پایتەخت، لەلایەنی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری دەربەندیخان بانگهێشتیان كردین، لە هەفتەی رابردوو (5/2/2019) لە هۆڵی رۆشنبیری دەربەندیخان، بەشێوەیەكی سەركەوتوو بەرهەمەكەمان پێشكەش كرد، كە تێیدا جەماوەرێكی یەكجار بەجۆش و خرۆش ئامادەی بینینی نمایشەكە بوون، ئێمەش سوپاسگوزاری ئەو پێشوازییەی ئەوان بووین، پاشان لە هەمان هەفتەدا لە رێكەوتی (7/2/2019) لە هۆڵی (بەدیعە دارتاش) لە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی سلێمانی نمایشی بەرهەمەكەمان ئەنجامدا، جەماوەرێكی زۆر، كە پێكهاتبوون لە هونەرمەندان و رۆشنبیران و لە هەمان كاتدا، ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرۆدستان، ئامادەیی نمایشی شانۆگەرییەكە بوون، كە جێگەی دڵخۆشی هەمووكاستی شانۆگەرییەكە بوو".
لە كۆتایی قسەكانی دا (هیوا سوعاد)ـی هونەرمەند لەبارەی پێشوازی جەماوەر لە بەرهەمەكەیان لەو دوو شارە ئەوەشی گوت: "ئامادەبوونی جەماوەر و بینەر بۆ هەر بەرهەمێك جێگەی دڵخۆشیە بۆ خاوەنەكەی، هەروەها من وای دەبینم پێشوازیی گەرمی خەڵكی هونەردۆستی دەربەندیخان و سلێمانی لە بەرهەمەكەمان نیشانەی پێشكەوتنی شانۆییە لە هەولێری پایتەخت، من بەناوی خۆم و كاستی شانۆكارانی بەشداربووی بەرهەمی شانۆی (ئافەرەت لە دۆزخەدا) سوپاس و پێزانینم بۆ هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری لە دەربەندیخان و سلێمانی هەیە، هەروەها سوپاس بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆ سلێمانی سەرجەم هونەرمەندان و هونەردۆستانی ئەو دوو شارە دەكەم، هیوادارم هەموومان لە داهاتووی كارەكانمان بەو ئاڕاستەیە سەیری بەرهەمی یەكتری و رێز لە هەوڵ ماندووبوونی یەكتری بگرین!".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هه‌ولێر

© 2017 Hawler