شوبات 16, 2019

لەو نزیكانە چاوەڕوانی ڕێزلێنانی ئەو هونەرمەند بەرزە بن

لە میانی دیدار و بەسەركردنەوەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بۆ شاری كۆیە، دكتۆر سالار عوسمان بریكاری وەزارەت لەگەڵ شاندێک ، کە پێکهاتبوو لە فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و جەمال حسێن بەڕێوەبەری گشتیی لاوان و محمد نەوزاد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت سەردانی ماڵی هونەرمەندی میوزیكڤانی خاوەن ئەزموون (سەردار ئەحمەد)ـیان كرد، كە ساڵانێكی دوور و درێژە خزمەت بە هونەری میوزیك دەكات بە تایبەتی لە تیپی باواجیی كۆیە، بەڵام بەداخەوە ئێستا باری تەندروستیی لەبار نییە و نەخۆشە، هەر بۆیە بریكاری وەزارەت لەو سەردان و بەسەركردنەوەیەدا بە چەند وشەیەكی جوان و ناسك وەسفی ئەو هونەرمەندە دەكات و دەڵێ: بەو نزیكانە چاوەڕوانی ڕێزلێنانی هونەرمەند (سەردار ئەحمەد) بن، چونكە ئەو هونەرمەندە كەسێكی ئەكادیمییە لە بوارەكەی خۆیدا و كەسایەتییەكی سەنگینی هەیە لە نێو كلتووری كوردیدا و خزمەتێكی زۆری كردوە و ئێستا نەخۆشە، لێ بە ئیرادەیەكی بەهێزەوە لە ژیان و هونەر و جوانی دەڕوانێ، كە لەگەڵ هاوكارانم چووینە كۆیە سەردانی ماڵەكەیمان كرد و پێمانگوت بە نیازین ڕێوڕەسمێكی ڕێزلێنانت بۆ ساز بكەین، جگە لە خۆشحاڵی گوتی: ئەوەندە تەمەنەی ماویشمە هەر لە خزمەت هونەردا تەرخانی دەكەم.
هەوەها بریکاری وەزارەت گوتی : لەو نزیكانە بە شانازییەوە لەگەڵ هاوكارانم لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان بۆ ئەو هونەرمەندە دڵسۆز و بێنازە ساز دەكەین و لە دڵەوەش هیوای چاكبوونەوەی بۆ دەخوازین.
هەر لە میانی دیدار و بەسەركردنەوەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاواندا بۆ شاری كۆیە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ـ یان لە کۆیێ: بەسەرکردەوە و شاندەکە، جگە لە دەستخۆشی، باسیان لە کار و بزاڤ و هەنگاوەکانی داهاتوو کرد و بەڵێنێنیان دا بەردەوام بن لە سەردان و جڤین و گوێگرتن لە ستافی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەت.
پاشان شاندی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان سەردانی گۆڕستانی کۆیەیان کرد و چەپکە گوڵی وەفایان لەسەر گۆڕی (دڵدار) ی شاعیر دانا و دواتر چوونە حزووری گیانی پڕ لە گوڵی سەربەستیی ( تایەر تۆفیق) و لەوێشەوە نرکەی ڕۆحی وەیلێ سەحەرەی (سێوێ) یان بەسەرکردەوە و دواتر بە شکۆوە لەبەردەم گڵکۆی پڕ نووری (عەونی) ی نیشتیمانپەروەردا وەستان و لەوێشەوە سەردانی گیانی بێداری (جەلال جۆبار) یان کرد.

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler