ئاب 23, 2019

لە شانۆگەریی ئافرەت لە دۆزەخدا فرمێـسکی گەرمم بۆ ئازار و ئەشـکەنـجەدانی ئافرەتانی وڵاتـەکەم ڕشت

ئێوارەیەکی جوان بوو، کاتێک ژوانێکی ھونەرییمان لەگەڵ ئەکتەرێکی بەرچاوی شانۆ و سینەما و وشەی جوان بەست، ئەو تەنیا ھونەرمەندێکی شانۆکار نیە، بەڵکو لە شیعر نووسینەوە دەستی پێکرد و حەز و خوولیاکانی خۆشی لە نێو ھونەردا بینیەوە، تەنانەت خەونی زۆری ھەیە بۆ گەشەسەندنی ھونەری سینەما و شانۆ، دەرچوون لە قاڵبی لۆکاڵ دا، بۆیە (ئەژین ئەبوو بەکر سارمەمی)، کە لە نێوەندی ھونەری و دنیای شیعردا بە (ئەژین بێلاف) ناسراوە، ڕاشکاوانە تیشک دەخاتە سەر کارە ھونەرییەکانی و بەشێک لە ژیانی تایبەتی خۆی و گەورەیی شانۆگەرییەکەی (ئافرەت لە دۆزەخ)ـی (ھیوا سوعاد)ـدا، کە بوو بە ناونیشانی سەرکەوتن لە ژیانی ئەودا.

• یەکەم ئەزموونی ھونەری تۆ لە کوێوە دەستی پێکرد؟
لە یەکەم وێستگەدا لە فیلمی (بیر) بەشداریم کرد، کە لە نووسین و دەرھێنانی نووسەر و ڕووناکبیر (د.فەرھاد پیرباڵ) بوو، کە ئەمە بوو بە زەمینە خۆشکەرێک بۆ ھاتنە نێو بزووتنەوەی ھونەر و دۆزینەوەی تواناکانی خۆم لە نێو ھونەردا.

• وەک ئەکتەرێک بە ئەزموون لە سەر تەختی شانۆی ھەولێردا بینرای، بەشداربوونت لە شانۆگەریی ئافرەت لە دۆزەخدا لەسەر داوای کێ بوو؟
دیارە، مامۆستا (ھیوا سوعاد)، ھەمیشە وێڵە بە دوای توانا شاراوەکان و ھێنانە پێشەوەی ئافرەت بۆ نێو شانۆ، بۆ ئەو شانۆگەرییە، کە چەند ڕۆژێکی کەمی مابوو، ھونەرمەند (لەیلا مەجیدی) منی بۆ ئەو ڕۆڵە پێشنیارکرد، منیش بە خۆشحاڵییەوە ڕەزامەندی خۆم دەربڕی و لەگەڵ ئەو دەرھێنەرەدا چەند ڕۆژێک لە مەشقدا بووم، تا بتوانم جوانترین شت پێشکەش بکەم، ھەرچەندە لە سەرەتادا ترسم لەوەدا بوو، کە ڕۆڵەکەم لاوازی پێوە دیار نەبێ، چونکە بەڕاستی شانۆگەرییەکە جەماوەرێکی بەرچاوی ھەبوو، لەو نێوەندەشدا کاری ئەکتەر سەختتر دەبێ، ھەر بۆیەش دەبێ زۆر بە ژیرانە بچێتە نێو ڕۆڵەکە و بە تەواوی کەسایەتی ئەو کەسە بەرجەستە بکات، کە بۆت دیاریکراوە، سوپاس بۆ خوا کە توانیم بە باشی بچمە نێو قوڵایی بەرھەمەکە و وەک یەکێک لە کارەکتەرە دیارەکانی نێو شانۆگەرییەکە ببمە جێی سەرنجی بینەری شانۆگەرییەکە.
• لەو شانۆگەرییەدا ڕۆڵی کچە نووسەرێکتان ھەبوو، ھیچت لە بارەی چیرۆکی ئەو نووسەرە خوێندبۆوە؟
بێگومان، ھەمیشە حەز بە خوێندنەوەی کتێب و چیرۆکە تراژیدی و ڕۆمانەکان دەکەم، بۆ ئەوەی زیاتر لە ژیان ببیستم و فێری وانەکانی ژیان ببم، بەتایبەت ئەوانەی کە لە ژێر حوکمی ئازار و چەوسانەوەدا خۆیان دروست کردووە و بوون بە کەسایەتیەکی جوانی نێو کۆمەڵگا، بۆیە چیرۆکی ئەو کچە نووسەرەم لەلا ڕوون بوو، کە باوکێک دڕندا دەستدرێژی دەکردە سەری و خەونی کچێنی ئەو کچەی لە باربرد.

• ترست لە شانۆدا نەبوو؟
بڕوای تەواوم بەخۆم ھەیە، بۆیە ھیچ ترسێکم لە کامێرا و ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکدا نیە، بەڵام ئەوەی کە ترسی لە دڵم دروست کرد بوو، ئەوەبوو کە لەسەر تەختی شانۆگەرییەکەدا کە ٣ ڕۆژ بوو، بەھۆی منەوە بۆشاییەک دروست نەبێ و لە ڕۆڵەکەمدا لاوازییەکم پێوە دیار بێت، ئەمەش بۆ خۆم نا وەک ئەکتەر، بەڵکو کڕچ و کاڵ نەبوونی بەرھەمە شانۆییەکەی (ئافرەت لە دۆزەخ)ـدا.

• ھونەر لە ھزری تۆدا چ مانایەک ھەڵدەگرێت؟
ھونەر، خۆشەویستیە، ژیانە و خاڵی کردنەوەی ئازارەکانی ڕۆحی مرۆڤە، بێ ھونەریش ئەستمە ھەنگاو بۆ پێشکەوتن بنێین و خۆشیەکانی خۆشم بە تەواوی لە نێو ھونەردا دەبینمەوە.

• شارەزاییت لە نووسینی تێکستی شانۆییدا ھەیە؟
بەڵێ، چونکە بەر لەوەی ببم بە ھونەرمەندێکی شانۆکار، یان فیلمساز، ھەمیشە سەرگەرمی نووسینی شیعر بووم، بەردەوامیش بەدوای دەقی جوان دەگەڕێم و لە ڕووی زمانەوانیشەوە سوودی لێدەبینم.

• چ ھەستێکت ھەبوو، کە ڕۆڵی ئافرەتێکی مەزڵومت دەبینی لە شانۆگەرییەکەدا، یان تەواوی ئەو شانۆگەرییە سەربوردەی ئافرەتە بێتاوانەکانی دەگێڕایەوە؟
نایشمارمەوە، بەتەواوەتی چووبمە نێو قووڵایی بابەتەکانەوە، ئازار و ئەشکەنجەی ئەو ئافرەتانەش فرمێسکی گەرمی پێ ڕێشتم، چونکە زۆر بە وردی لەوە تێگەیشتم کە ئافرەتی کورد چەندە بە ئازارەوە قۆناغەکانی ژیانی تێپەڕاندووە.

• نهێنی سەرکەوتنی خۆت لە کوێدا دەبینیەوە؟
بە بڕوا و متمانە بە خۆبوون دەتوانم بگەم بە خاڵی سەرکەوتن و ھەموو ئامانجەکانم بپێکم و بگەم بە ھەموو ئەو خەونانەی کە لە خەیاڵمدا گوزەر دەکەن.

• بە کام لە ئافرەتە شانۆکارەکان زۆر سەرسامی؟
(تەلار ھیرانی)، کە ھەم مامۆستایە و ھەم شانۆکارێکی جوان و بە ئەزموونە، دەتوانم سوود لە ئەزموونی ئەو ئافرەتە بوێرەدا ببینم، کە ژیانی خۆی پێشکەش بە شانۆ کردووە.

• کێ ھاوڕێ و دۆستی نزیکی تۆیە لە نێو ھونەردا؟
مامۆستایان (ڕێبوار عەبدوڵا)ـی دەڤژەن، (خالید ڕەشید)، (ئاری محەمەد)ـی گۆرانیبێژ و (ڕێبین جەمال)ـی موزیکژەن، کە وەک ناوێکی جوان لە دڵی مندا دەمێننەوە.

• چی تۆ و ڕێبوارعەبدوڵا کۆدەکاتەوە؟
جگە لە سینەما و شانۆ، من قوتابیەکی مامۆستا (ڕێبوار عەبدوڵا)ـم، کە ھەمیشە ماندووە لەگەڵم بۆ فێربوونی ژەنینی (دەڤ)، کە ئەویش یەکێکە لە حەزەکانی من.

• ڕوخسار تا چەند ڕۆڵ دەبینێ لە نێو شانۆ و سینەمادا؟
لام وایە، ئەم بۆچوونە ھەڵەیە، کە دەگوترێت، جوانی بووەتە بەشێک لە وەرگرتنی شانۆکار یاخوود سینەماکار بۆ بەرھەمەکان، نموونەشم بۆ ئەو قسەیە ئەوەیە، کە مامۆستا (ھیوا سوعاد)، ھەمیشە پێم دەڵێت: شپڕزەییەکەت لەوە جوانترە کە بە ماکیاژ دەرکەویت و ڕوخساری خۆت بە جۆرێکی تر نیشان بدەی.
• لە دوای ئەو شانۆگەرییە بۆ ھیچ بەرھەمێکی تر داوایان لێنەکردووی ڕۆڵ ببینی؟
دوای نمایشی ئەو شانۆگەرییە، (گەرمیان گلی)، بۆ بەرھەمێکی نوێ داوای لێکردم، کە وەک ئەکتەرێک ڕۆڵ ببینم، بەڵام ھێشتا بڕیارم لەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام ئەو وەک گەنجێک خاوەن ڕوئیایەکی جوانە و ھەمیشە بە دوای نوێگەریی دا دەگەڕێت و ھەمیشە دەیەوێت کارێکی ناوازە پێشکەش بکات.

• ھەست بە بوونی کەمی بینەری ئافرەت ناکەیت؟
بەداخەوە، کە پێ دەنێیتە نێو ھەر شانۆگەرییەک یان کارێکی ھونەری، بە زوویی ھەست بە نەبوونی ئافرەت و ڕێژەی کەمی بەشداربوونی ئافرەت دەکەیت، کە ئەمەش جێگەی داخە، ئەگەر بمانەوێ ڕۆڵی ئافرەت لە کارەکان دەرخەین دەبێ بەشداری زۆرمان ھەبێ لە ھەموو پرسەکاندا نەک تەنیا ھونەریش.
ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، لە میانی پێشکەش کردنی شانۆگەرییەکەدا، چەند ئافرەتێک ئامادەی بینینی ئەو شانۆگەرییە بوون، کە ئەوانیش ھەر خۆیان ھونەرمەندی شانۆ بوون!.

• خۆت زیاتر حەز بە چ ڕۆڵێک دەکەیت؟
خەونی من ئەوەیە، کە فرسەتێک بڕەخسێ بەشداربم لە کارێکی سینەمایی ترسناکدا، کە ھەر خۆم سینارست و پاڵەوانی بەرھەمەکەش بم، بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم بەرھەمی سینەمایی ترسناکی کوردی، لە ئاستێکی باڵادا ببینرێت.

• پێت وایە سەردەمی زێڕینی شانۆ گەڕایەوە؟
نەک گەڕایەوە، بەڵکو شانۆ جارێکی تر ھەم و کۆت و بەندەکانی شکاند و ھەموو ئەو قسە ڕووتانەشی لە گۆڕنا، کە گوایە شانۆ لە ھەولێر مردووە، بە شانۆگەریی (ئافرەت لە دۆزەخدا)، ئەو قسانە ھەموو پێچەوانە بوونەوە و سەردەمی وەچەرخانی شانۆی نوێ لە دایک بوو.

• شیعر بۆ کێ دەنووسی؟
بۆ خۆشەویستی و عەشق و جوانی و نیشتمان.
• کێ ھاوکاری بەرھەمە شیعرییەکانت بووە؟
بە پلەی یەکەم باوکم، کە ھاندەرێکی باش بووە بۆ نووسینی تێکستەکانم، لە دوای ئەویشدا (سابات و ساوێن و بەرھەم)، کە وایان لێکردووم درێژە بە نووسینی شیعر بدەم.

• شیعرێک ھەیە بۆ ھاوژینەکەت نووسی بێ؟
بێگومان، بە خۆشەویستیەوە ژیانی ھاوسەرگیریم لەگەڵ (بەرھەم) پێکھێنا، ئەوەش وایکرد، کە وشەی جوان بۆ خۆشەویستی ئەو لە ھۆنراوەکانم دا دەربڕم، ھەمیشەش خامەکەم بۆ جوانی ژیان و خۆشەویستی بەکاردێنم.

• ئەی کێ نازناوی بێلافی خستە پاڵ تۆ؟
سەرسامیم بە شیعر و ھۆنراوە جوانەکانی (عەبدولڕەحمان بێلاف)ـی شاعیر وای لێکردم، کە ئەو نازناوە بە ناوەکەی خۆمەوە بلکێنم، چونکە لام وایە، بە ناوی کەسایەتیەکی جوانی شیعرییەوە نووساوە، ھاوکات بە خۆشەویستیەکی زۆریشەوە شیعرەکانی (سەرکەوت ڕەسوڵ) دەخوێنمەوە، کە پڕن لە عەشق و جوانپەرستی.
•    ئەو وشانە زۆر بە کورتی پێناسە بکە شانۆ، دایک، عەشق، نیشتمان، خۆشەویستی، موزیک و گۆرانی، شانۆ، سینەما، ئافرەت، ھەولێر؟
دایک، ھەموو ژیانمە، عەشق بەردەوام بوونی ژیانە، نیشتمانیش ھەموو شتێکە، خۆشەویستی، ھەم دەردە و ھەم دەرمانە، شانۆ، متمانە بەخۆ بوونە، موزیک و گۆرانی ژیانیان جوانتر کردووە، سینەما ھەنگاوێکە بۆ مانەوەی ژیان، ھەولێر، مەڵبەندی خۆشەویستی و جێ شانازیمە، ئافرەت کۆمەڵگەیە.
•    ئە
و ناوانە لە ژیانی تۆ چۆن وەسف دەکرێن فەرھاد پیرباڵ، تەلار ھیرانی، ھیوا سوعاد؟
 تەلار ھیرانی، مامۆستایەک بۆ تەختی شانۆ، فەرھاد پیرباڵ، مامۆستا و قوتابخانەیەک بۆ تێگەیشتن لە کەسە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە، ھیوا سوعاد، ھێندە گەورەیە بە ھیچ شتێک پێناسەی ناکرێت و تەنیا ئەوە دەڵێم بۆ من بوو بە کێوێک!.

• لەگەڵ وەرزشدا پێوەندیت چۆنە؟
وەرزش بەشێکی گەورەیە لە ژیانی مندا، بەتایبەت لەشجوانی، کە ئێستا وەک قوتابیەک بەشدار دەبم لە خوولێکی ڕاھێنان بۆ لەشجوانی، چونکە وەرزش ڕوخسارێکی دیکەمان پێدەبەخشێ، جگە لە تەندروست بوونی مرۆڤ و بە گرنگیەکی زۆریشی دەزانم بۆ ئافرەتان.

• شەرمنی نەبووەتە ھۆکارێک بۆ لاوازی ڕۆڵی ئافرەت؟
شەرمنی یەکێکە لە خاسیەتە جوانەکانی ئافرەت، بەڵام بەڕێژەیەک، کە نەبێتە ھۆکارێک بۆ لەدەست دانی خواستەکان، چونکە ھەندێ جار پێویستیمان بەوە ھەیە ئەو شەرمەنیە بشکێنین بۆ بەرجەستەکردنی ڕۆڵەکان و بەدیھێنانی خەونەکانی ئافرەت.

• ڕقت لە کێ دەبێتەوە؟
لەو کەسانەی کە بەبێ ئەوەی لە نزیکەوە بمناسن بڕیار لەسەر ژیانم دەدەن و بە ویستی خۆیان ھەڵمدەسەنگێنن.

• قەد تووشی تانە و توانج بوویتەوە؟
زۆرجار تووشی توانجی گەنجان بوومەوەتەوە، بەڵام کەسایەتی من، لە ئافرەت ناچێ، چونکە ھەمیشە شەڕاوییم و دەگەڕێمەوە و بە چەند قسەیەک وەڵامی ئەو توانجانەیان دەدەمەوە.

• ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ شانۆ و بپرسم تۆ ھەوڵداوە سوود لە کام ھونەرمەندی نێوخۆیی و جیھانی ببینیت؟
لە کوردستان دەمەوێ ببم بە (بەیان زەریفی)ـیەکی تر و لە ئاستی جیھانیش، (ئەفسانە پاکروو، گول شفتەی فرھانی)، کە کەسایەتی گەورە و فرە جوانن لە دنیای ھونەر و سینەمادا.

• کەی واز لە ھونەر دێنی؟
ھەرگیز ناتوانم لەو دنیایە جوانە دابڕێم، مەگەر مەرگ دوورم بخاتەوە، ئەگینا بڕیارم داوە تا دوا ھەناسە لە ھونەرەکەم بەردەوام بم.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler