ئاب 23, 2019

سکاڵای ھونەرمەند دەگاتە کوێ؟

• لە جيهاندا ھونەرمەند، ئەو ناونیشانە باڵایەیە، کە ھەموو دنیا بە گەورەیی باسی لێوە دەکات، تەنانەت زۆرجاریش بەبۆنەی ئەو ناونیشانەوە تووشی سەدان گرفت دەبێتەوە، جگە لەوەی کە ھونەرمەند ژیانی بۆ بوارە ھونەرییەکەی تەرخان دەکات، تا ڕادەیەکی زۆر دادەبڕێت لە خێزان و خانەوادەکەی، ئەمەش مانای دڵسۆزی ئەو زاتە دەگەیەنێ، کە تێنووی خزمەت و داھێنانە لە نێو ھونەرەکەی خۆی دا.
• کاتێک، کە ئاوڕ لە ڕابردوو یان ئێستای ھونەرمەندانی دنیا دەدەیتەوە، دەبینی، کە ھونەرمەندانی ئەوروپا و جیھان بە گشتی بوونەتە بالێوز، یان گەورە بازرگانی دنیا، تەنانەت ساڵانە حکوومەت باجی ئەو دەوڵەمەندییەیان لێوەردەگرێت، کە لە نێو ھونەردا بە دەستیان ھێناوە، خۆ دزینەوەش لەو باجەی حکوومەت جارێکی تر دەبێتە ڕووپەڕی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی جیھان..، جار واش ھەیە، کە ئەو ھونەرمەندە پایە بەرزانە خودا حافیزە لە ژیان دەکەن، جل و بەرگ و کەرەستەکانیان دەبێتە سەرمایەکی نیشتمانی و بە زۆرترین نرخ دەفرۆشرێن، یان ھەندێ جار حکوومەتی ئەو وڵاتە ڕێگە نادات، پاشماوەی ئەو ھونەرمەندە لە دەست بچێت و دەیکات بە کەرەستەیەکی گەورە بۆ مۆزەخانەکان، تا نیشانی ھەموو وڵاتانی بدات، کە ھونەرمەند، سەرمایەی وڵاتەکەیەتی و، تا لە ژیانیش دابووە موڵکی خۆی نەبووە، بەڵکو موڵکی نیشتمانە!.
• بە پێچەوانەی ئەوان، ئێمە چینێکی ھەژاری ئەو کۆمەڵگەیەین، چونکە ھەتا ھەنووکەش لە گەورەیی ھونەر و ھونەرمەند تێناگەین و نازانین کە ناو و ناونیشانی (ھونەرمەند) چەند گەورەیە، بۆیە گوناھێکی گەورەشە بە ھەموو کەسێک بگوترێت (ھونەرمەند)، کە چەند خاسیەتێکی تایبەتی تێدا نەبێ، وەک ئەوەی کە لە کوردەواری جوانیان فەرمووە تەڕ و وشک بەیەکەوە نەسوتێ!.
• لەو سۆنگەوەش، دەمەوێ بپرسم، کە ئاخۆ کێ گوێ لە سکاڵای ھونەرمەند دەگرێ و کێ ھەیە بتوانێ نازی ئەو ھونەرمەندانە ھەڵگرێت، کە ساڵانێکی زۆرە لەسەر تەختی شانۆ و سینەمادا بەوپەڕی لەخۆبووردەی خزمەتیان بە ھونەری ئەو وڵاتە کردووە، یان ئەگەر نەخۆش کەوتن و پێویستیان بە ھاوکاری ئێمە بوو، دەستی ھانا بۆ کێ ببەین، لە کاتێکدا کە ھەموو دەرگاکانی ئەو وڵاتە بە ڕوویان داخراوە، تەنانەت زۆرجار لە مردنیشیان دا بێنازن و بەبێ نازی بەرەو گۆڕستانی (کەسنەزان!!) بەڕێ دەکرێن.

 

شیڤان شێرزاد

© 2017 Hawler