ئاب 23, 2019

خاوەنی یەڵڵا شوفێر بێ چایەكەی مام عەبد هەڵناكا

ماوەیەكی زۆر بوو هونەرمەندە بەئەزموون و دەنگخۆشەكەی شاری هەولێر محەمەد ئەحمەد ئەربیلی خاوەنی گۆرانی بەناوبانگی یەڵڵا شوفێر بەهۆی نەخۆشیەوە لە نێو جێگا كەوتبوو، ڕۆژانە خەڵكە بە ئەمەك و هونەردۆستەكە لە هەموو لایەكەوە بۆ ئاگەداربوون لە باری تەندروستی و هاوخەمی خۆیان سەردانیان دەكرد و نزای چاكبوونەوەی بە پەلەیان بۆ دەكرد، خوا هەڵناگرێ لە ڕووی ماددیەوەش لەسەر ئاستی باڵا پشتگیرییەكی زۆریان كرد تەنیا بۆ ئەوەی ئەو هونەرمەندە بكەوێتە سەر پێ و جارێكی دیكە باوەش بە هونەردا بكاتەوە، چونكە بەڕاستی ئەو هونەرمەندە سەروەتێكی زۆر گەورەیە بۆ هونەر و گۆرانی و ئاواز و مەقامی كوردی بە شێوەیەك هەموو كەسێك سوودیان لە گۆرانی و ئاواز و ئەزموونی ئەو مەزنە مرۆڤە وەرگرتوە، ئەو سێشەممەیە من و هاوپیشەم حاجی عیماد قادر بۆ پشوویەكی كورت و خواردنەوەی چایەكی گەرم چووینە چایخانەكەی مام عەبد لە شەقامی باتای هەولێر، بەڕاستی دڵمان زۆر خۆش و ئاسوودە بوو بەوەی ئەربیلی وەكو جاران دانیشتوە و چای گەرم فڕ دەكات و باری تەندروستی بەرەو باشی چووە، هەر بۆ خۆشی ئەو دیمەنە من و زۆرانێكی وەك من خۆشحاڵی خۆمان بۆ باشی باری تەندروستی دەربڕی و چەندین وێنەمان لەگەڵیدا گرت و ئومێدی تەندروستی زیاتر و باشترمان بۆیی خواست، ئەوەی من لە نزیكەوە ئاگەداری بم ئەو هونەرمەندە هەر كاتێ بێ گرفت بێ ئەوا بێ چایەكەی مام عەبد هەڵناكات و دەبێ لەوێدا وچانێك بگرێ و هەڵوەستەیەك بكات و لەگەڵ ئازیزان و خۆشەویستانی بكەوێتە گفتوگۆ و خەمی ڕۆژگار بەبا بكات، بۆیە جارێكی دیكەش ئومێدی لەش ساغی و تەندروستیەكی باش بۆ محەمەد ئەحمەد ئەربیلی و هەموو هونەرمەندانی دیكە دەخوازین، چونكە هەموو ئەوانە سەرمایەیەكی گەورە و لەبن نەهاتووی ئەو میللەتەن.  

 

محەمەد سەعید كوردە - هه‌ولێر

© 2017 Hawler