حوزەیران 24, 2019

لۆگۆی كوردستانم بە زێڕ نەخشــاندووە!

هونەری نەقاشی یەكێكە لەو هونەرە جوانانەی كە بە یەكێك لە كۆنترین هونەرەكان لە جیهان دا هەژمار دەكرێت، كەرەستەی سەرەكیی ئەو هونەرە بەردە، كە شێوەی مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرەكانی سەر ڕووی زەمینی پێدەكێشرێ، یان بە هێڵەكانی ئەو هونەرە ئاماژە بۆ سەرهەڵدانی ڕووداوێكی نەخوازراو دەكرا، ئەمەیش وایكرد، كە برەو بەو هونەرە بدرێت، كە دەتوانێت ڕووداو و بەسەرهاتەكان بە وێنە ئەرشیف بكات،' لەو سۆنگەوەش هونەرمەندێكی نەقاش هەڵدەستا بە هەڵكۆڵینی بەرد و وێنەی چەند كەسایەتیەكی بەرچاویان پێ كێشاوە و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدابێ ئەو وێنەیە هەر ماوە، بە نموونەش وێنەی هەڵكۆڵدراوی (ئیمانی عەلی) بوو، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لە هەرێمی كوردستان بایەخێكی ئەوتۆ بەو هونەرە نادرێت، تەنانەت ئەوانەی لەو بوارەشدا دەستڕەنگینن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، كە بریتین لە چەند كەسێك و لە ماوەی ڕابردووشدا داهێنانی جوانیان پێشكەش كردووە، بەڵام ئەوەی كە هونەرمەند (یەحیا ئیبراهیم هەولێری) پێشكەشی دەكات، تەواو جیاوازە لە كەسانی دیكە، ئەویش هەڵكۆڵینی ئەو هونەرەیە لەسەر زێڕ، ڕابردووش باشترین شایەتحاڵە، كە توانیوویەتی چەندین پێشانگای تایبەت لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان بكاتەوە.

*  چی لە مێژووی ئەو هونەری نەقاشیەوە دەزانن؟
هونەری نەخش بریتیە لە كۆمەلیك خاڵ و هێڵ و شێوەی ئەندازەیی رووەك و وشەی تێكەڵ بەیەك و گونجاو لەگەڵ یەكتردا، كە شێوەیەكی جوان و سەرنج ڕاكێش دەدات، بەكاردێت بۆ ڕازاندنەوەی تەلار و بیناسازی و شوێنە تایبەت و ئاینیەكان و قاپ و جل و بەرگ .
 مێژووی نەخشسازی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش زایین و لە هەموو سەردەمێكدا پێشكەوتنێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە كە بە ئاوێنەی شارستانیەت دادەنرێت كە تێدا ڕەنگدانەوەی وڵاتان وەك نیشاندانی ژیان و گوزەرانیان و زانینی ئاستی زانین و زانستیان و ئاینیان و شارستانیەتیان كە تاكو ئێستا ئاسەواری ئەم نەخشسازییە پارێزگاری لێكراوە لە ئەشكەوتەكان و شوێنە دێرینەكان وەك قەڵای هەولێر كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (4000 ساڵ) پێش زایین.
بەڵام نەخشسازی لە سەردەمی ئاینی ئیسلام گرنگییەكی زۆری بە خۆیەوە بینیوە كە سودیان وەرگرتووە لە شارستانیەتی (ئەغریق و رۆمانی كۆن) و دواتر گۆرانكاریەكی زۆریان بەسەر هێناوە، ئێستا بۆتە مۆركی تایبەتی بە موسڵمانان كە ئەم هونەرەیان زیاتر لە وڵاتی ئێران وەرگرتبوو بۆ ڕازاندنەوەی بەرگی قورئانی پیرۆز و پەڕاوەكانیان، بۆ یەكەمجار فاتمیەكان دەستیان كرد بە ڕازاندنەوەی مزگەوتی (ئەزهەر)، كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی سەدەی چوارەمی كۆچی (دەیەمی زایینی)، كە مزگەوتەكە بە نەخشی هەڵكۆڵین(نحت) ڕازاندراوەتەوە لەسەر (دار و بەرد و بەردی مەرمەر(رخام) و ماددەی ڕەنگاوڕەنگیان تێدا بەكارهێناوە .
زۆر جۆر نەخش هەیە وەك نەخشی ڕووەكی، كە پێك هاتووە لە چەند شێوەیەكی دووبارە كراوی یەكەی شێوەی هێڵكاری و چەمانەوەی سروشتی گەڵا و لقی درەخت و قەد و گوڵی ڕووەك، كە لەوانە گوڵی(قرنفل و گوڵی شلێر و گوڵی نەسرین) دیارترین جۆری ڕووەكن بۆ جۆری نەخشی ڕووەكی، جۆرێكی تری نەخشیش ئەندازەییە كە شێوەكەی وەك چوارگۆشە و بازنە و سێگۆشە و ڕاستەهێڵ.
* دیارترین ئەو كەرەستانەی كەلە هونەری نەقاشی بەكار دێن چین؟
 ئەو كەرەستانەی بۆ نەخشسازی بەكار دێن زۆر جۆرن بە گوێرەی جۆر و شێوەی نەقشەكە دەگۆڕدرێت بۆ نموونە نەقش لەسەر بەرد و شتی ڕەق پێویستی بە كەرەستەی هەڵكۆڵینی و شێوازی ڕەنگاو ڕەنگیش پێویستی بە فلچە و بۆیە و پێنووسی تایبەت هەیە.
*  كەی ئەو هونەرە خۆی خزاندە نێو هونەری كوردییەوە؟
 هاتنی ئاینی ئیسلام، هونەری نەخشسازیی زیاتر ڕەنگدانەوەی بە خۆیەوە بینی و خۆی خزاندە نێو هونەری كوردی و سودیان لەم پێشكەوتنە وەرگرتووە لە ڕازاندنەوەی باڵەخانەكان و نەقش و نیگاری نێو شتومەك و جلی كوردی و كەرەستەی خواردن و فەرش و مافوور.
*  كێ بە مامۆستای نەقاشی خۆت دەزانیت؟
لەبەر ئەوەی زیاتر لە بواری نەقشكردن لە كانزای زێڕ و زیو دا كاردەكەم لەسەرەتای ساڵانی نۆەدەكان هەوڵم داوە بە لاساییكردنەوەی هونەرمەندانی نەخشسازی تایبەت بەم بوارە، دواتر توانیم تاراددەیەك داهێنان بهێنمە نێو بواری تایبەتی خۆم ئەویش پیشەی زێڕنگرییە.
*  ئەوەی تۆ لە هونەرمەندانی دیكە جیا دەكاتەوە چیە؟
لەبەرئەوەی كاری نەقش دەكەم لە پیشەكەی خۆم و هەوڵم داوە كاری نوێ و سەردەمیانە بێنمە ناو وڵاتەكەی خۆم و گەلەكەم بەكاری نەقش و نووسین لەسەر زێڕ و زیودا ئاشنا بكەم بەهۆی بەشداریكردنم لە چەندین پێشانگای خشڵ لە دەرەوەی وڵات.
*  بۆچی زێڕ لە شوێنی بەرد هەڵدەبژێریت بۆ بەرهەمەكانت؟
 كەرەستەی تایبەتی نەقش لە پیشەكەی مندا وەك مشاری تایبەت بە بڕین و (تخریم)كردن و ئامێری هەڵكۆڵین، نەقشكردنیش لەسەر بەرد ئامێری تایبەتی خۆی هەیە.
* كەی بوو لۆگۆی كوردستانتان لە زێڕ دروست كرد؟
دوو ساڵێك بەر لە ئێستا دەستم كرد بە دروستكردنی ناوی (كوردستان) بە زێڕی عەیاری (21)، كە كارەكان كاری دەستی بوون لە ڕاگەیاندنەكان باسی لێوە كراوە.
*  وەزارەتی ڕۆشنبیری تا چەند هاوكاری كارەكانتانە؟
 هیوادارم وەزارەتی هاوكاری تەواوی هونەرمەندان بێت بە گشتی لەبەر ئەوەی هونەر سەرچاوەی شارستانیەتی ئەم وڵاتە و ئاوێنەی پێشكەوتنیەتی.
* بەڵام ئەوەی ئێمە تێبینی دەكەین لە كوردستان هیچ بایەخ بەو هونەرە نادرێت؟
 بایەخدان بە هونەری نەخشسازی بە بەراورد لەگەڵ جۆرەكانی تری هونەر كەمترە لەبەر ئەوەی قوتابخانە یان پەیمانگەیەكی تایبەت بەم هونەرە نییە، بەڵام هۆی سەرەكیش دەگەڕێتەوە بۆ كەمتر بەكارهێنانی ئەم هونەرە، بەڵام بەرەبەرە كرانەوەیەك هەیە بۆ ئاشنا بوونی خەڵكان بەم هونەرە و بەكارهێنەرانی ڕوویان لە زیادبوون كردووە.
*  تا هەنووكە چەند پێشانگای تایبەت و هاوبەشتان كردووەتەوە؟
 لەبەرئەوەی زیاتر لە (26) ساڵە لە بواری خۆشنووسی دا كاردەكەم، چەندین پێشانگام كردووەتەوە، كە تابلۆكان خۆشنووسی و نەخشسازی بوون، و بەشداریم كردووە لە چەندین پێشانگای ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی لەوانە بۆ شەشەمین جار لە وڵاتی توركیا و دووەمجاریش لە ئیماراتی عەرەبی و سعودیە و مالیزیا و (واشنتن/ئەمریكا).
*  سوود لە ئەزموونی كێ دەبینن بۆ پەرەپێدان بە هونەری نەقاشی؟
سوودم لە ئەزموونی هونەرمەندانی ئێران و نەخشسازانی توركیا بینیوە كە زیاتر كار بۆ ڕازاندنەوەی تابلۆ خۆشنووسەكان دەكەن.
*  دەستكەوتەكانت لەو بوارە چیە و تا ئەمڕۆ خەڵات كراوی؟
 سوپاس بۆ خودا دەستكەوتەكانم زۆرن بە تایبەتی لە دروستكردنی مەدالیای زێڕ و زیو بۆ كەسایەتیەكان و هونەرمەندان و ئەدیبان و ئەكتەر و شاعیرانیش وە بۆ چەندین جاریش خەڵات كراوم بە هۆی سەركەوتنم لە چەندین پیشبڕكێ و بەشداریكردنم لە زۆرێك لە پێشانگاكاندا.
* پێویستیمان بەوە نیە دامەزراوەیەكی تایبەت بەو هونەرە هەبێت؟
 پێویستە بەرپرسانی هونەری و ڕۆشنبیری گرنگی بە بواری نەخشسازی بدەن، چونكە پێویستە ئێمەش وەك وڵاتان شێوازی تایبەتیمان هەبێت لەم بوارەدا.
*  بۆچی ئەم هونەرە بە ئەكادیمی ناكرێت؟
لەبەرئەوەی ئەو كەرەستە جل و بەرگ و شتانەی كە كاری نەخشیان لەسەركراوە زیاتریان هاوردە دەكرێن لە وڵاتان، بە ئەكادیمی نەكردنیشی دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمی لایەنی بەرپرسانی هونەری و هونەرمەندانیش خودی خۆیان.
* بیرتان لەوە كردووەتەوە كە خولێكی ڕاهێنان بۆ ئارەزوومەندانی ئەو هونەرە بكەنەوە؟
 بەڵێ ئەگەر داواكاری زۆربێت بۆكردنەوەی خولی نەخشسازی ئەوە بە دڵنیاییەوە بیرمان لێی كردۆتەوە و بە گرنگی دەزانین و هەروەكو چۆن چەندین جارە خولی خۆشنووسیمان كردووەتەوە و تێیدا بەشداربووان سوودمەند بوون.

پڕۆفایل:
خۆشنووس/ یەحیا ئیبراهیم ئەربیلی.
 لە دایكبووی/ 17/7/1977 قەڵای هەولێرە.
دبلۆم لە ژمێریاری/ پەیمانگەی تەكنیكی/هەولێر 2000-2001.
- بكالۆریۆس لە یاسا / مـوسڵ 2009 – 2010
1- پارێزەر 2010 – 2012 .
2-    فەرمانبەر لە (وەزارەتی داد) فەرمانگەی دادنووسی عەنكاوە بە ناونیشانی (یاریدەدەری.دادوەری) و(بەڕێوەبەری كارگێڕی) لە ساڵی ( 2011 – تا ئێستا ).
3/ زێڕنگر (كاری هونەری و نەخشسازی و دروستكردنی میدالیا و تابلۆی خۆشنووسی لە زێڕ و زیو) ( 1994 – تا ئێستا).

ئەندامێتی/
* ئەندامی دەستەی كارگێڕی/ بەرپرسی دارایی كۆمەڵەی خۆشنووسانی كوردستان (2008 – 2010 )
* ئەندامی دەستەی كارگێڕی/ بەرپرسی پەیوەندی رۆشنبیری كۆمەڵەی خۆشنووسانی كوردستان لە (2010 –2011)
* جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی خۆشنووسانی كوردستان....( 2015 تاكو ئێستا).
* ئــەندامی سەندیكای پاریزەرانی كوردستان (2010 – 2012)
* ئـەندامی ســەندیكای پارێزەرانی عێراق.
* ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان.
* ئەندامی سەندیكای ژمێریاران و وردبینانی كوردستان.
* ئەندامی یەكێتی مافپەروەرانی كوردستان.
* ئەندامی كۆمەڵەی خۆشنووسانی كوردستان.
* ئەندامی كۆمەڵەی خۆشنووسانی عێراق.

بەرهەم و چالاكییەكان:
* كاركردن لەبواری هونەری خۆشنووسی و نەخشسازی بازرگانی لەساڵی (1993).
* كردنەوەی پێشانگای خۆشنووسی ونەخشسازی لەقوتابخانەی ئامادەیی كوردستان لەساڵی(1997).
* كردنەوەی نووسینگەی تایبەتی خۆشنووسی ونەخشسازی لەساڵی(1997).
* كردنەوەی خولی فێربوونی هونەری خۆشنووسی لە ساڵی(1997).
* بەشداریكردن لە ڤیستڤاڵی یەكەمی هەولێر بۆ خۆشنووسی و نەخشسازی لەساڵی(1998) / خەڵاتی ڕێزلێنان - بڕوانامەی رێزلێنان.
* بەشداریكردن لە ڤیستیڤاڵی دووەمی هەولێر بۆخۆشنووسی ونەخشسازی لەساڵی(2000 ) /بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لەپێشبڕكێی جیهانی بەناوی خۆشنووس(سید ابراهیم)لەتوركیا/ ساڵی(2000).
* بەشداریكردن لەپێشبركێی حەفتەم ساڵیادی دامەزراندنی كۆمەڵەی خۆشنووسانی كوردستان لەساڵی(2001) /خەڵاتی دووەم/ بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە پێشبركێی جیهانی بەناوی خۆشنووس(میر عماد الحسنی)لە توركیا/ ساڵی(2003).
* بەشداریكردن لە پێشبركێی (یادەكانی ئادار و نەورۆز) لە ساڵی(2005) خەڵاتی دووەم/ بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لەپێشبركیی( قەڵا و منارە) لەساڵی(2006)خەڵاتی دووەم/ بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لەپێشبركێی جیهانی ( البردە)لە(ئیماراتی عەرەبی)ابوظبی/ ساڵی(2006).
* بەشداریكردن لەپێشبڕكێی جیهانی بەناوی خۆشنووس (هاشم محمد البغدادی) لە توركیا/ساڵی(2007).
* بەشداریكردن لەپێشانگای خۆشنووسی ونەخشسازی (كۆڕبەندی هزری ئیسلامی) لە هوتێل (خانزاد)لە هەولێر/ ساڵی(2007) / بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* كردنەوەی پیشانگەی تایبەتی خۆشنووسی ونەخشسازی لەزانكۆی( الحدباء) لە موصڵ لەساڵی(2007)وەرگرتنی بڕوانامەی رێزلێنان لە لایەن ڕاگری كۆلێژ .
* بەشداریكردن لەپیشانگای خۆشنووسی ونەخشسازی لە(ڤیستڤاڵی ئازادی كوردستان)لە كۆلێژی زمان(زانكۆی صلاح الدین) هەولێر/ ساڵی (2008) بڕوانامەی رێزلێنان.
* كردنەوەی خوولی فێركردنی(خۆشنووسی و پیتی لاتینی) لە قوتابخانەی (ئیشقی گوڵان) لە ساڵی (2009)/بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە پێشبڕكێی خۆشنووسی بە ناوی خۆشنووسی كورد (حاجی خلیل زەهاوی) لەسەر ئاستی عێراق لەساڵی (2009)/ بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە پیشبڕكێی خۆشنووسی بە ناوی خۆشنووسی كۆچكردوو(خالد زامدار)لەساڵی(2009) سلێمانی/ بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە پێشانگای خۆشنووسی لە ڤیستیڤالی (مەولانا خالد) لە ساڵی (2009) سلێمانی/ بڕوانامەی ڕێزلێنان..
* بەشداریكردن لە پێشبركیی جیهانی (البردە) لە (ئیماراتی عەرەبی) ابوظبی لە ساڵی (2009).
* بەشداریكردن لەپێشبڕكێی جیهانی بەناوی (بدوی الدیرانی) ساڵی (2009) توركیا.
* كردنەوەی خولی خۆشنووسی بۆ( گیراوانی گرتووخانەی هەولێر) (چاكسازی گەوران) لە ساڵی2010/ بڕوانامەی ڕێزلێنان.
*  بەشداریكردن لەپیشانگەی خۆشنووسی بە (تابلۆی نووسینی زیو) لە ڤیستیڤاڵی حەوتەمی بەدرخان لە (واشنطن) امریكا لە ساڵی( 2010) بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە پێشبڕكێی خۆشنووسی لە سەرئاستی عێراق بەناوی (كۆڕەك) لەساڵی (2010) خەڵاتی ڕێزلێنان وەك ئەندامی دەستەی كارگێری كۆمەڵەی خۆشنووسانی كوردستان / بروانامەی رێزلێنان.
* بەشداریكردن لە پێشبڕكێی خۆشنووسی لە سلێمانی ساڵی 2013 خەڵاتی سێیەم و بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداری لە پیشانگای خۆشنووسی بەبۆنەی لەدایك بوونی (پێغەمبەر محمد)(درودی خوای لەسەربێت) هەولێر 2014.
* بەشداری لە پیشانگاو پێشبڕكێی نێودەوڵەتی لە مەدینەی پیرۆز لە وڵاتی(عەرەبی سعودیە)لە ساڵی 2014.
* بەشداری لە پێشبركێی نێودەوڵەتی لە مالیزیا (2014).
* بەشداری لە پێشبڕكێی خۆشنووسی نێودەوڵەتی (بنك البركە) ئەستەنبول/ توركیا (2015).
* بەشداری لە پێشبڕكێی خۆشنووسی نێودەوڵەتی بە ناوی خۆشنووس (حافظ عثمان) استانبول/ توركیا 2016.
* بەشداری لە پیشانگای خۆشنووسی بە ناوی(دار السلام للخط العربی و الزخرفە) بغداد/العراق 2017.
* بەشداری لە (سمپۆزیۆمی چوارەم بۆ هونەرمەندان)لە هەولێر 2017.
* بەشداریكردن لە (مهرجان الرواد العاشر لفن الخط و الزخرفە) بغداد 2017 بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە (مهرجان القشلە الدولی الاول للحضارە و التراث) لە كەركوك/عێراق 2018 بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە (ملتقی الفنانون العرب) لە وڵاتی (میسر) لە سالی 2018 بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە پیشانگای خۆشنووسی بە ناوی (خامەی ئاین) لە سلێمانی 2018 / بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە پێشانگای (كەرنەڤاڵی ئاشتی و خۆشەویستی)لە سەرئاستی عیراق لە سلێمانی 2018/بڕوانامەی ڕێزلێنان.
* بەشداریكردن لە (سەمپۆزیۆمی) هەولێری نێودەوڵەتی بۆ شێوەكاران 2018/ بڕوانامەی ڕێزلێنان.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler