حوزەیران 24, 2019


لەچوارچێوەی چالاکیەکانی پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەڵەتیی ھەولێر بۆ شانۆ کۆمەڵێک شانۆییمان دی و سمینار پێشەکەش کران، کە بەڕێوەبەرایەتیی شانۆی ھەولێر و سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان لقی ھەولێر قۆڵیان لێ هەڵماڵی، شانۆی "کەسێک ھەر دێ" یەکێک بوو لە نمایشە سەرنجڕاکێشەکانی فیستفاڵەکە.. دەمەوێت لە دوو توێی ئەم نووسینەمدا ڕووناکیی بخەمە سەر.
تیپی ھونەری ڕۆژ
شانۆیی کەسێک ھەر دێت لە نووسینی یۆن فۆسە و وەرگێڕانی لە نەرویجیەوە ھاودەنگ ساڵح و دەرھێنانی مەھدی حەسەن و نواندنی ھەر یەک لە یوسف عوسمان و چاوان خەلیل و دڵشاد شەھاب... بەرھەمھێنانی بەڕێوەبەرایەتی شانۆی ھەولێر و لقی ھەولێر بوو..
دەق و نووسەر
دەقی ئەو شانۆییە لە دوو توێی کتێبێک بڵاو کراوەتەوە کە دەزگای ئاراس و بەژمارە 15 زنجیرەی شانۆی بیانی بە چاپی گەیاندوە من نامەوێت لەسەر دەق و نووسەر بدوێم، بە قەد ئەوەی دەمەوێت دەربارەی نمایشەکە سەرنجەکانم بخەمە ڕوو، لە سەردێری نووسینەکەمدا دەڵێم گومان لەشانۆ مەکە مەبەستمە بڵێم نووسەر کە زیاتر وەک شاعیر ناوی ھەبوو بە گومان بوە لەوەی کە شانۆ مەرامی ئەو بێنیتەدی، بەڵام کە تێکەڵاوی لەگەڵ نووسینی دەقی شانۆیی پەیدا دەکات دەبینێ کە شانۆ دەبێتە ھۆکارێکی بە بڕشت بۆ بەدی ھێنانی مەرامەکانی ئەو گومانە دەرەوێتەوە و ناو و ناوبانگی بۆ پەیدا دەکات بۆیە ھەرگیز گومان لەشانۆ مەکەن کە مینبەرێکی کاریگەرە بۆ گەیاندنی ھرز و ئایدیا بە شێوازێکی قەناعەتپێکراو لەشێوەو ئاکارێکی پڕ جوانی چێژبەخش..
لە لایەکی تریش دەڵێم لە شانۆدا بە گومان بە مەبەست ئەوەیە کە لە چارەسەری ئاریشەکان و ململانێکانی نێو دەق و نمایش گومانەکانت بەکار بێنە بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی باوەڕپێکراو مۆڵەت مەدە بەوەی کە گومانەکان درز بخەنە خشتە بنیادنەرەکانی ئەنجامی بەدەسھاتوو بۆ کۆتاییھێنان بە شکست و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن
ئەوەی بنیادی دەقی لەسەر کراوە لە دەقی کەسێک ھەر دێت تەنیا گومانە گومانی نێر لە مێ. گومانی مێ لە نێر. گومانی ھەردووکیان لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و تاکەکان بە یەکتری. ئەو دڕدۆنگییە شیرازەی ژیانیان دەشێوێنێ تاکو بڕیار دەدەن ڕوو لە چۆلەوانیی تاقەتپڕوکێن بکەن کە کەسی تێدانەبێ جگە لە خۆیان بۆ ئەوەی لە گومانەکانیان داببڕێن و بتوانن بە ئاسوودەیی بژین ھەر خۆیان خاوەنی خۆیان بن کەچی گومانی ھاتن و نەھاتنی کەسێک دەیانھێنێتەوە خاڵی سفر.. دەبێ تاکەکان بڕوای تەواویان بە خۆیان و بەرامبەرکانیان ھەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر گومانە خراپەکان.
نووسەر لەم دەقەدا وەک شاعیرێک مامەڵە دەکات و ھەستە شاعیرانەی کەسایەتیەکان بەدەر دەخات لە کاتێکدا بوونی کەسێکی تر گومانەکانیان سەختر دەکەن. بەوەی خاوەنداریەتیی نێر بۆ مێ بە پێچەوانەشەوە لەدەست بدەن.
دواجار بە حیکمەتی مامەڵەکردنی مێ لەگەڵ دەوروبەردا دەگەنە ئەو ڕادەی کە بۆخۆیان بژین و گوێ بە بوونی کەسانی تر نەکەن..
نواندن و بوێری لە جووڵە و کرداردا.
چاوان خەلیل وەک نوێنەر
کردەی نواندن پێویستی بە توێژینەوەیەکی زانستی و سایکۆلوژیە بۆ کار ئەکتەری نواندن بۆ کراو بۆ ئەوەی ئەکتەر بتوانی ئەدای کەسایەتی نێو شانۆییەکە بکات و تێیدا سەرکەوتوو بێت. دەبێت بەدواداچوون بۆ رەفتارو ئاکاری کەسایەتی بکات لە رووی جەستەیی و کۆمەلایەتی و سایکۆلۆژیەتی کەسایەتی لەبەر چاو بگرێت ئەمەو ڕەچاوی وەرگر و کۆمەڵگا بکات و سایکۆلۆژیەتی بخوێنێتەوە بەوەی کە چی لا پەسندە و چی ڕەت دەکاتەوە، ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی بکات و بەرەو ئاستی باڵاتر دەستی بگرێ. بوێری ئەکتەر لەوە بەدەر دەکەوێت کە کارەکتەر چی پێویستە ئەوە بکرێت بە بێ ڕەچاو کردنی توانجی ھەندێ لە بینەری ناحاڵی. ئەوە لەسەرەوە باسمان کرد دەچەسپێتە سەر چاوان خەلیل کە بەوپەڕی بوێریەوە ئەرکی کارئەکتەرەکەی بەئەنجام گەیاند، بە ھەموو پێوەرەکانی نواندن ئەدایەکی سەرکەوتووانەی بۆ کەسایەتیی ئەوی مێ کرد. چاوان خەلیل دەرچووی پەیمانگەی ھونەر و کۆلیژی ھونەرە لە چەندین کاری ھونەری بەشداری کردوە و بەوە دەناسرێتەوە کە ڕەچەشکێنە بۆ ڕۆڵە سەختەکانی کارئەکتەرەکەی مێینە لە شانۆدا..چاوان خاوەن لەشولارێکی وەرزشیە ھەموو جووڵەیەک بە جوانکاریەوە دەنوێنێ. وخاوەن دەنگێکی موزیکی یە ئەگەر زۆر ئازاری ژێیەکانی دەنگی نەدات، زۆر جار وا رێک دەکەوێت بە ھۆی نەبوونی بوێری شانۆڤانی ئافرەت دەرھێنەرەکانمان ھەندێ دەق رەت دەکەنەوە کە پەیامێکی کۆمەڵایەتی پڕ کێشەی ئافرەت لەخۆ دەگرن. بوونی کەسانی وەک چاوان لە نێوەندە ھونەریەکە رێخۆشکەر دەبێت بۆ کچان و ئافرەتانی شانۆڤان تا خۆیان لە قەرەی کاری شانۆی وا بدەن و ئەرکی دەرھێنەر سوک بکەن لە گەڕان بەدوای بەدیلی جووڵە و ئاکاری تر بۆ کارئەکتەر کە رەنگە مەرامی خۆی نەگەینێ. ئەرکی ھونەرمەندانی شانۆڤانە کە ھاندەرو پاڵپشت بن بۆ چاوان ئاساکان.
دڵشاد
لەرۆڵی ئەوی نێردا! لەگەڵ چاوان سمفۆنیایەکی پڕیان پێشکەش کرد خۆگونجاندێکی بەرچاوی ھەبوو لەگەڵ کارەکتەرەکەی و دانووستانێکی پڕ ھەستی نواند..
ھەرچەندە لە ھەندێ ھەڵسوکەوتدا ھەستت دەکرد مەھدی حەسەن دەبینی لە ساتە گرژەکاندا.
یوسف عوسمان.
لە رۆڵی پیاوەکە... لە دەرکەوتنێکی چەند چرکەیی رۆڵێکی پڕ و چری نواند ھەستت دەکرد یاگۆی شکسبیر بوونی ھەیە لەسەر شانۆ کاریگەریی ئەو کەسایەتیە ورۆڵ نواندنەکەی مامۆستا یوسف گۆڕانکاری گەورەی کردە سەر ریتم و جۆری نواندن لای ئەوەی نێر ئەوەی مێ.. تەنیا جووڵەیەکی بچووک لە ھەڵسوکەوتدا ھەستی پێدەکرا کە دەشێ کارەساتێک بخوڵقێنێ یا رووداوەکان ئاوەژوو بکاتەوە زانستیانەی نواندن بۆ کارئەکتەر لای ئەو بە ئاسانی ھەستی پێ دەکرا کە حیسابی بۆ ورد ودرشتی جووڵە و ئاخاوتن کردبوو..
دەرھێنان
دەق تا ئەو کاتە دەقی نووسەرە تا دەگاتە دەستی دەرھێنەر، چونکە دەق پیرۆز نیە دەکرێ لەسەر بنیادی دەق دەقێکی تر بنیاد بنرێ. رێک (مەھدی حەسەن)ـی دەرھێنەر وای کرد، دەقێکی تری لە دەقی نووسەر دروست کرد. بە بینینێکی جیاواز لە بینینی نووسەر نمایشی دروست کرد ئەوەتا لە بری خانوو ھێلانەی باڵندەی ھێنایە سەر تەختەی شانۆ، کەسایەتیەکانی لێ کردین بە مەل و پەپولە. بە پاڵپشت بە ئەکتەرێکی بوێر بوێرانە پانتایی شانۆی بەکار ھێنا و ھەرچی خەیاڵی ئەو بڕی کرد لە جووڵەو ئاکاری کارئەکتەر بە جوانی نمایشی کرد. ئەوەی بینیمان لە بەکار ھێنانی سینۆگرافیا یەکی ساکار و بەکار ھێنانی کەرەستەکانی سینۆگرافیا سەرکەوتوو بوو. دروست بوونی ریتمی خێرا و ھەندێ کات لەسەرخۆ پەیامی فەلسەفی و ھونەری نمایشی بەرجەستەکرد وەرگر و بینەری پەیوەست کرد بە رووداوەکان. پێی وتین تاکەکان دەبێ باوەڕیان بە خۆیان ھەبێت و بۆ خۆیان ژیانی خۆیان بژین. گرنگی بە دەوروبەر نەدەن. نەخشەو پلانی نمایش لە سەرەتا تا کۆتایی بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو.

 

سلێمان گەڵاڵی

© 2017 Hawler