کانونی دووەم 18, 2019

رەوا جەمال: تا ئێستا بەشێكی زۆری داهاتی كاری پزیشكیم بۆ كارە هونەرییەكانم بەكار هێناوە!

هونەرمەندی گۆرنیبێژ (رەوا جەمال) لە میانەی دیدارێكی دا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژە بۆ نوێترین كاری هونەریی خۆی دەكات، كە دیارترینیان پێكهاتووە لە ئەلبوومێكی تازەی گۆرانی، هەروەها ئەوەش رادەگەینێت ئامادەكارییەكانی بۆ چەند ڤیدیۆ كلیپێك دەكات بۆ كاری داهاتووی، كە بەنیازە ئەلبوومەكەی لەمانگی شوباتی ئەم ساڵ و بەتایبەتی لە رۆژی "ڤاڵانتاین"، كە رۆژی خۆشەویستیە لەهەموو جیهاندا، ئەلبوومەكەی لەژێر ناوی (بێ تۆیی) بڵاو بكاتەوەو ناوەرۆكەكەی پێك هاتووە لە (15) گۆرانی.

لەدەستپێكی قسەكانی دا هونەرمەند (رەوا جەمال) لەبارەی هەبوونی ئەلبوومێكی تازەی گۆرانی، كە لە ئێستادا كارەكانی تەواو بووە لەبارەی ناوەرۆكی كارەكانی گوتی: "ئێستا كاری تۆماركردنی گۆرانییەكانی نێو سیدیە تازەكەم تەواو بووە، هەوڵێكی زۆرم داوە سەرجەم كارەكانی نێو ئەلبوومەكە فۆرمێكی تازە بێت، بەتایبەتی لە رووی (ئاواز و تێكست)ـەوە، هەروەها لەرووی میوزیكەوە هەوڵێكی زۆرباشم داوە كارەكانم ببێتە بابەتی تازەی گۆرانی، جگە لەوانەش من سروشتی كارەكانم واێبووە هەمیشە ویستوومە بەرهەم دوای بەرهەم جیاوازییەك دروست بكەم بۆ گوێگرانم".
ئەو هونەرمەندە لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەشی راگەیاند: "نامەوێ گۆرانییەكانم بەشێوەی "سینگل" تاك بڵاوی بكەمەوە، بەڵكو من هەمیشە لەگەڵ ئەوەم هونەرمەند لەرێگەی سیدیەوە بەرهەمەكانی بخانە بەردەستی گوێگرانی، ئەگەرچی بەداخەوە لە ئێستادا ئەو كارە بۆ هەموو هونەرمەندێك ئەستەمە، چونكە بارودۆخەكە بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی رابردوو، بە هیچ شێوەیەك پاڵپشت نەبووە بۆ هونەرمەندان! بۆیە ئێستا زیاتر هونەرمەندان بیر لەكاری "سینگل" تاك دەكەنەوە، پاشان بەشێوەی كلیپ بڵاوی دەكەنەوە!".
لەبارەی كاتی بڵاوكردنەوەی ئەلبوومە تازەكەی (رەوا) ئاشكرای كرد: "بەنیازم ئەم ساڵ لە مانگی شوبات، لە رۆژی خۆشەویستی "ڤانتاین" (14-2-2019)، ئەو سیدیە تازەیەم بڵاو بكەمەوە، كە پێكهاتووە لە (15) گۆرانی تازە، لە ژێر ناوی (بێ تۆیی) كاری چاپ و بەرهەم هێنانی ئەلبوومەكەم بە ئەنجام گەیاندووە، هیوادارم لەو رێكەوتەدا بتوانم ئەو سیدیە تازەیەم بگەینمە دەستی هەوادارن و گوێگرانم".
هونەرمەند (رەوا جەمال) لەبارەی هەبوونی گۆرانییەكی تازە، كە لەلایەن هونەرمەندی ناودار (زیاد ئەسعەد)ـی وەرگرتووە گوتی: "بێگومان من دەمێكە ویستوومە گۆرانییەك لەو هونەرمەندە گەورەیە وەربگرم، چونكە (زیاد ئەسعەد) لە مێژووی كارە هونەرییەكانیدا بەتەنها كاری بۆ خۆی نەكردووە، بەڵكو بەدەیان هونەرمەند ئاواز و تێكستیان لەو هونەرمەندە ئاست بەرزە وەرگرتووە، ئەوەشیان بووە بە بەشێك لە مێژووییەكی جوانی ئەو هونەرمەندە، منیش بەر لەچەند مانگێك قسەم لەگەڵی كردووە، بۆ ئەوەی گۆرانییەكم بۆ ئامادە بكات، ئەویش لای خۆیەوە بڕیاری دا گۆرانیەكی جوانم بۆ دروست بكات، هیوادارم لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو گۆرانییەش ببێتە یەكێك لە بەرهەمە تازەكانم".
لە كۆتاییدا هونەرمەند (رەوا جەمال) كە جگە لە كاری هونەریی كاری پزییشكی ئەنجام دەدات، ئایا كاری پزیشكی بووە بە پاڵپشت بۆ كارە هونەرییەكانی ؟ لە وەڵامدا گوتی: "بە پاڵپشتی تەنها خودی خۆم سەرجەم كارە هونەرییەكانم بەرهەم هێناوە، كاری پزیشكیم كە وەك پیشەی منە، هەردەم بووە بە پاڵپشت بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبوومەكانم و كلیپی گۆرانییەكانم، بەدڵنیایەوە كاری پزیكشیم هەمیشە بەشێكی زۆر داهاتەكەیم بۆ كارە هونەرییەكانم بووە!".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هه‌ولێر

© 2017 Hawler