ئازار 21, 2019

داڕشتن دەروازەیەکە بۆ ئەوەی قوتابی ببێ بە نووسەر

هەر وانەیەک لە قوتابخانە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە، چونکە قوتابخانە وەک باخچەیەک وایە هەر وانەو بابەتێک، بەپێ ی قۆناغ و تەمەن، سوود بە ئاستی بیرکردنەوە و فێربوون و تێگەیشتنی قوتابی دەگەیەنێت، بۆیە دەبێت هەمیشە بە گرنگیەوە لە هەموو وانەکان بڕوانین، یەکێک لەو بابەت و وانە گرنگانەی لە سەرەتای هاتنی قوتابی بۆ قوتابحانە، ئاشنای دەبێت و فێری پیت و وشەو ڕستە و ئامانجە گشتیەکەی دەبێت، بریتیە لە وانەی کوردی .
بێگومان وانەی کوردی لە پۆلی یەکەمی بنەرەتیەوە تاوەکو دواین قۆناغ و زانکۆ هەمیشە وەک بابەتێکی گرنگ لە تەک وانەکانی تر دەخوێنرێت، ئەوەی مەبەستە لەم وتارە پەروەردەییە ئاماژەی پێ بکەم بریتیە لە نووسینی (داڕشتن لە قۆناغەکانی خوێندن)، ئایا گرنگی و ئامانجی نووسینی دارشتن چی یە بۆ قوتابی؟.
لێرەدا دەتوانین بڵێین داڕشتن وەک ئاسۆیەکی فراوانی بواری نووسین و ڕۆشنبیری قوتابی پێناس دەکرێ، چونکە داڕشتن باشترین دەروازەیە بۆ خەیاڵفراوانی قوتابی، بەداخەوە لەزۆربەی زۆری قوتابخانەکان، لە بابەتی داڕشتن دا هەست دەکەین ئەو بایەخە ڕۆشنبیری و فراوانبینیەی پێ نادرێت، هەم لە لای بەشێک لەمامۆستایان، هەم لەلایەن قوتابیەوە، زۆرجار مامۆستا خۆی دارشتن بۆ قوتابی دەنووسێت و پێیان دەڵێت لە ماڵەوە ئەزبەری کەن! بەداخەوە ئەم شێوازە رێگایەکی خراپە بۆ خودی قوتابی، چونکە قوتابی ناتوانێت، یەک وشە دەربارەی ناونیشانی داڕشتنێک بنووسێت! کە مامۆستا بۆینووسیوەتەوەو ئەویش وەک ئەرکی ماڵەوە جێبەجێی دەکات، بۆیە ئەم شێوازە خراپترین شێوازی ئاشناکردن و فێربوونی قوتابیە بە جیهانی نووسین و فێربوون، کەواتە دەرەنجام سوودی ئەم داڕشتنە چیە؟ ئایا چ جیاوازیەکی هەیە لەگەڵ وانەیەکی تر و بابەتێکی تر؟
لێرەدا رەنگە کەسانێک بپرسن قوتابی نازانێ داڕشتن بنووسێ، گەر خۆیان بیان نووسیبوایە ئەی بۆ دەهاتن بۆ قوتابخانە ؟ بۆوەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین، ڕاستە قوتابی نازانێ داڕشتن و ناوەرۆکی داڕشتن بنووسێ، بەڵام دەبێت فێربکرێت، نەک فێڵی لێ بکرێت!، بۆیە دەبێت مامۆستا هەوڵ بدات قوتابی فێری داڕشتن بکات، فێرکردنێکی سەرەتایی و دروستکردنی وێنەیەک لەخەیاڵ و بیرکردنەوەی قوتابی دابێت، گرنگ نیە چۆن دەنووسی، گرنگ نیە چەند دەنووسی، بەڵکو ئەوەی گرنگ ئایا چی دەنووسی؟ ئەمە مەبەست و ئامانجی گشتی پەروەردەو فێرکردنە، بزانین ئاخۆ قوتابی چی لە خەیاڵ دایە؟ زمانی نووسینی چۆنە؟ شێوازی دەربڕین و گەیاندنی بە ئاراستەیەکە ؟ هەوێن و کەرەستەی نووسینەکانی لەکوێ خۆی دەدۆزێتەوە؟ ئەمانەو چەندین خاڵی تر کە لەگەڵ ئاستی تێگەیشتن و بیرکردنەوەو تەمەن و قۆناغی خوێندنی قوتابی بگونجێت، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین چەندین قوتابی بەم جۆرە بەردەوامی هەبوە، بەپێ ی ئەزمونی هەمیشەیی، ئەم جۆرە قوتابیانە بونەتە نووسەر و ئەدیب و رۆشنبیرێکی دیاری نێو دونیای ئەدەب و نووسین، بۆیە ناکرێ هەموو مەبەستەکان لەیەک گۆشەکۆبکەینەوەو قوتابی وەک دەرخکردن داڕشتن وەربگرێت و خۆی نەتوانێ چەند دێرێکی کورت لە ئامانج و پەیامی ناوەرۆکی دارشتن بگات . لەگەڵ ئەوەش دا چەند نووسەر و ئەدیبێکمان هەیە، توانیویانە بەو وێستگە گرنگ و ڕۆشنە دابڕۆن و خۆیان دروست بکەن، کە رۆژێ لەرۆژان لەو باخچە رەنگاو رەنگ و فرە زانستیە ئاشنای فێربوون و زانست و زانیاری بوینە، خەونی ئەوکاتیان ئەوەبوە، ڕۆژێ لە ڕۆژان ببنە ئەدیب و نووسەر و چیرۆک نووسێک، ئێستاش ئەو خەونەیان هاتۆتە دی، بۆیە لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین نووسینی داڕشتن باشترین دەروازەیە بۆ هاتنە نێو دونیای نووسین، بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئەم بوارە بەزمانەکانی خوێندن (کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) هەوڵی ئەوەبدەن ئەم بوارە بۆ قوتابی برەخسێنن کە فێری بنەماکان و نووسین و داڕێژی وشە سازی و ریزبەندی رستەکان بێت، چونکە هەموو قوتابیەک لەدوارۆژ نابێ بە (پزیشک، یاخوود ئەندازیار، یا پارێزەر !)، بەڵکو لەنێو بازنەی ژیاندا هەر تاکەو بەپێی ئاست و حەزو ویستی خۆی دەتوانێ خۆی لەو بوارە بدۆزێتەوە کەمەبەستیەتی، بۆیە نووسینی داڕشتنیش باشترین رێگایە بۆ دروستکردنی قوتابیی نووسەر و ئەدیب و ڕاگەیاندنکار .

© 2017 Hawler