حوزەیران 24, 2019

(ماهیر ئەمین) : "بەرهەمی تازەم زۆرن بەڵام نازانم چۆن و بەچ شێوەیەك بیهێنمە بوون و بڵاویان بكەمەوە!"

هونەرمەند (ماهیر ئەمین) كۆتایی هێنا بە كاری بەرهەمهێنانی نوێترین بەرهەمی گۆرانیی خۆی، لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان نوێترین گۆرانیی بە ناوی (هەورامان) بڵاوكردەوە، ئەو گۆرانییە ئاوازی بەشێكی فۆلكلۆرە و بەشێكی خۆی دایناوە، هۆنراوەكەشی بە هەمان شێوە خۆی بەشێكی دایناوە و ئەوەی دیكەی لە فۆلكلۆر سوودی لێوەرگرتووە، لە لێدوانێكیدا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" تیشك دەخاتە سەر ئەو بەرهەمە تازەیەی و شێوازی بەرهەمهێنانەكەی و هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بەرهەمی تازەی زۆرە بەڵام نازانێ چۆن و بەچ شێوەیەك بڵاویان بكاتەوە.

لە دەستپێكی قسەكانیدا هونەرمەند (ماهیر ئەمین) لە بارەی بەرهەم هێنانی ئەو گۆرانییە تازەیەی گوتی : "گۆرانییە تازەكەم بە ناوی (هەورامان)ـە، بەشێوازێكی تازەو مۆدێرن ئامادەكاریم بۆ كردووە، بەتایبەتی لە رووی ئاواز و تێكستی بەرهەمەكەوە، ئەو گۆرانییە ئاواز و تێكستەكەی بە سوودوەرگرتن لە چەند بەرهەمێكی فۆلكلۆر كارم لەسەری كردووە، ئەگەرچی خۆم دەستكاری زۆرم كردووە، لەرووی داڕشتنەوەی بڕگەی تێكستەكەو هەروەها داڕشتنەوە میلۆدیەكە چەند گۆرانكارییەكم باشم بۆی ئەنجام داوە، لە رووی ریتم و جۆری دابەشكردنی میوزیكیشەوە بەرهەمێكی باشەو قەناعەتی زۆرم پێی هەیە لە رووی سەركەوتن و پێشوازی جەماوەرەوە سەركەوتنێكی باشی هەبێت".
هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانی دا ئەو هونەرمەندە ئەوەشی خستەروو : "كاری دابەشكردنی میوزیكی گۆرانییەكە، لەلایەن هەریەك لە هونەرمەندانی میوزیكژەن (هۆگر سەعید، زیرەك ئەمین، هۆگر عەزیز) جێ بەجێكراوە، سوپاس و ئەرك و ماندو بوونیان دەكەم، هەروەها كاری تۆمار كردنی دەنگی لە ستۆدیۆ (سۆڵۆ) كاری ماستیرنیگی لە توركیا ئەنجام دراوە، بەشیوەیەكی گشتی ئەو بەرهەمە تازەیەم پێم وایە كارێكی تازە دەبێت لەلای گوێگران و هونەردۆستان".
هونەرمەند (ماهیر) كە لە چەند رۆژی رابردوو كلیپی بەرهەمەكەی لە دەوربەری هاوینە هەواری دووكان بە ئەنجام گەیاند، گوتی : "ئەو بەرهەمە شێوازەكەی لە رووی ریتمەوە بابەتێكی شادە و واتە گۆرانییەكی خاو یا (سلۆ) نیە، بۆیە پێم باشبوو، سوود لە سرووشت وەربگرین، هەروەها سیناریۆیەكی جوان هەبێت تۆزێك جووڵەی تێدا بێت، بۆ ئەو مەبەستە بەهاوكاری ستافی (كۆرەك تیڤی) لە نوسینگەی سلێمانی توانیم، بگەم بەو ئەنجامەی لە دەڤەری هاوینە هەواری (دووكان) و دەوروبەری (ئەشكەوتی جاسەنە) ڤیدیۆ كلیپەكە بخەمە بواری جێبەجێكردنەوە، كاری دەرهێنانی لەلایەن (بڕیار فەتاح) ئەنجامدرا، بە بەشداری كاستێكی گەورە لە پشتی كامێرا و هەروەها چەند كوڕ و كچێكی گەنج، رۆڵیان بەرجەستە كردووە لە كاری بەرهەم هێنانی ڤیدیۆ كلیپەكەدا".
لەبارەی كاتی بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكەی (ماهیر) ئەوەشی راگەیاند : "من خۆم ئەركی بەرهەم هێنانی ئەو گۆرانییەم لە ئەستۆ گرتووە، هەر لە تۆمار كردنەوە تا دەگاتە كاری وێنەگرتن و بە هەموو پێداویستیەكانیەوە، ئەگەرچی هاوكاریی چەند هاوڕێیەك و دڵسۆزێك هەبووە بۆ ئەوەی توشی خەرجی زۆر نەبم، بەڵام مەبەستەمە بۆ ڤیدیۆ كلیپەكەم سپۆنسەرێك دەست بخەم، بۆ ئەوەی هەر نەبێت بەشێكی بچوكیش بێت لە خەرجی تێچووی بەرهەمەكەم بێتەوە دەستم، چونكە ناكرێ ئێمەی هونەرمەندانیش هەر لەسەر ئەرك و گیرفانی خۆمان خەریكی كاری بەرهەمهێنانی گۆرانییەكانمان بین و هەمیشە لەسەر زەرەر كار بكەین، بەرهەمەكشم بە بۆنەی هاتنی ساڵی تازەی (2019) لەو چەند رۆژەدا لە رێگەی كەناڵە راگەیاندنەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاو كردەوە، ئومێدم وایە كەناڵەكانیش بە بایەخەوە كاری بڵاوكردنەوەی بۆ ئەنجام بدەن".
لەبارەی هەبوونی بەرهەمی تازەی گۆرانیی (ماهیر) ئەوەشی خستەروو : "بەرهەمی تازەم زۆرن بەڵام نازانم چۆن و بەچ شێوەیەك بیهێنمە بوون و بڵاویان بكەمەوە، دیارە وەك زانراوە سەرجەم ئەركی بەرهەم هێنان لە ئەستۆی خۆمانە، ئیدی دەبێ چاوەڕێ بین تا شتێك پارە كۆ بكەینەوە ئینجا بەرهەمێكی تازەی گۆرانیی بهێنینە بوون".

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هه‌ولێر

© 2017 Hawler