حوزەیران 24, 2019

ھەڤاڵ قەرەچۆغی: تا دوا ھەناسە لە خزمەت ھونەری شانۆی کوردیدا دەبم!

• ھونەرمەند (ھەڤاڵ مەحموود مستەفا)، کە لە نێوەندی ھونەریدا بە (ھەڤاڵ قەرەچۆغی) ناسراوە، ساڵی 1971 لە مەخموور لەدایک بووە، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت توانیوویەتی بەشداری لە چەندین کاری درامی و شانۆیی دا بکات، کە ھەمیشە وەک ھونەرمەندێک بە سەلیقە لە ڕۆڵەکانی دا لەسەر تەختی شانۆدا دەردەکەوێت، جگە لە عەشقێکی گەورە بۆ ھونەر و بواری فۆتۆگرافی، کە ساڵانێکی زۆرە ئەلبوومی وێنەکانی، کە بە کامێراکەی خۆی دا پاراستووە و وەک خۆشی لەو دیمانەیەی (ھەولێر)ـدا ئاماژەی بۆ دەکات و دەڵێت: ھونەر لای من پێدانەوەی ھەناسەی ژیانە و بەبێ ھونەریش ناتوانم ھەڵبکەم، شانازیش بە ھەموو ئەو کارانە دەکەم، کە وەک ئەکتەرێک ڕۆڵم تێیدا بینیووە، بڕیاریشم داوە، کە کۆڵندەم لە بواری ھونەردا و تا یەک ھەناسەشم لە ژیان مابێت لە خزمەتی ھونەری شانۆی کوردیدا سڵ ناکەمەوە و مەگەر مەرگ لە شانۆ دوورم بخاتەوە.

• * بەر لە ھەموو شتێک دەمەوێ لەوەوە دەست پێبکەم، چۆن خۆت خزاندە نێو کاری ھونەری؟
•سەرەتای ساڵی 1991 وەک یەکێک لە کارەکتەرەکانی شانۆگەریی (خۆڵی سەربەستی) ھاتمە سەر تەختی شانۆ و ڕۆڵم لەو شانۆگەرییەدا بینی، کە ئەمەش بوو بە دەسپێکێکی جوان لە کاری ھونەری مندا.

• * دیارترین ئەو بەرھەمانەی تێیدا بەشداربوویت چی بوون؟
• درامای (خەجە گەرۆک)، لە نووسینی (جەوھەر ئەنوەر ڕەشد) و دەرھێنانی ھونەرمەند (ئەمیر تەھا) بوو، کە بوو بە ئەزموونێکی جوان لە کارە ھونەرییەکانی مندا و دەتوانم بڵێم، شانازی بەوە دەکەم، کە وەک ئەکتەرێک لەو درامایەدا بەشداربووم.
    
• * پێتوایە لە کارە ھونەرییەکانتدا سەرکەوتوو بوویت، یان ئەو وەڵامە بۆ بینەر بەجێ دەھێڵی؟
• بەش بە حاڵی خۆم لە کارەکانمدا پێموایە توانیوومە سەرکەوتووبم، بەڵام دەگەڕێمەوە سەر تێڕوانینی بینەر لە کارەکانی مندا ئەوەن باشترین بڕیاردەرن لەسەر سەرکەوتنی ھونەرمەند، کە ئایا توانیوویەتی بە گرتە و جووڵە شانۆییەکانی دڵی بینەر تێربکات یاخوود نا.
    
• * زۆرجار تۆ وەک فۆتۆگرافەرێک لە نێو کارە ھونەرییەکاندا دەبینرێت، ئایا حەزێکی دیاریکراوت بۆ فۆتۆگرافی ھەیە، یان لە پێناو ئەوەیە کە تەنیا بەشدارییەکت لە پڕۆژەھونەرییەکاندا ھەبێ؟
• دیارە حەزێکی تایبەتم بۆ دنیای فۆتۆگرافەری ھەیە و، لەو چوارچێوەیەشدا زۆرترین وێنەی دەگمەنم لە لای خۆم ئەرشیف کردووە، کە ھونەرمەندانی عەرەب و کورد و بیانیش لەخۆوە دەگرن، چونکە بە لای منەوە پاراستن و کۆکردنەوەی ئەو وێنانە دەبن بە گەورەترین ئەرشیف بۆ داھاتوو کە نەوەی دوای ئێمە لەوە تێبگات کە سەردەمانێک بە چ ئاستەنگێک توانراوە کاری شانۆیی و ھونەری لە کوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو ڕابردووش دەبێتە ھاندەرێکی باش بۆ ئەوەی نەوەی داھاتوو کاری جوانتر پێشکەش بکەن.
    
• * جگە لە شانۆ تۆ لە بواری درامیشدا ڕۆڵت بینیوە، وەک ھونەرمەندێک پێتوایە شانۆ یان دراما دەتوانێت ھونەرمەند بناسێنێت؟
• بە لای منەوە کاری شانۆیی و درامی عەشقێکە و لە ناخم دایە، بۆیە پێم گرنگ نیە، کامیان وەک ھونەرمەندێک دەمناسێنێت، تەنانەت ئەوەی من لە ژیان بە زیندووی دەھێڵێتەوە کارە ھونەرییەکانن، ھەر بۆیە دەرکەوتنیش لە تیڤی لای من نەبووەتە مەسەلەیەک.

• * بڕوات بەو دێڕە ھەیە، کە دەڵێت: ھونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە؟
• بێگومان، ئەوە دێڕێکی تا بڵێی جوان و شیرینە، پڕە لە ڕاستگۆیی و دەرخستنی ڕووی ڕاستی ژیانی ھونەرمەند لەم وڵاتەدا، بەڵێ ژیان خۆش بۆ ھونەرمەند مەحاڵە!، بەڵام ناکرێت بەو پاساوەش دەست لەو دنیا جوانە بەردەین و کەلێنێک لە نێو بوارەکەدا دروست بکەین.

• * کەواتە ئەوەی تۆی لە نێو ھونەردا ھێشتووەتەوە تەنیا عەشقێکە بۆ ھونەر و لە چاوەڕوانی ئەوەدانیت کە بیکەیت بە ڕێگەیەک بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیان؟
• خۆشەویستی و عەشقم بۆ ھونەر وایکردووە، کە نەتوانم لە ھونەر داببڕێم، جگە لەوەش خۆشەویستیەکی کەم وێنە لە نێو ھونەرمەندان دا ھەیە و ئەمەش وات لێدەکات کە نەتوانی بگەیتە ئەو بڕوایەی بە ئاسانی دەست لە کاری ھونەری بەردەیت، وەک خۆشم بڕیارمداوە، کە کۆڵندەم لە بواری ھونەردا و تا یەک ھەناسەشم لە ژیان مابێت لە خزمەتی ھونەری شانۆی کوردیدا سڵ ناکەمەوەو مەگەر مەرگ لە شانۆ دوورم بخاتەوە.

• * قەیرانی دارایی چ ئاستەنگێکی بۆ پڕۆژە ھونەرییەکان دروست کرد؟
• دەتوانم بڵێم، لە قەیرانی دارایی کوردستاندا، پشکی شێر بەر بواری ھونەر و چالاکییەکانی ئێمە کەوت، بەڵام وێڕای ئەو ھەموو ئاستەنگانە ئێمە ھەر لە خەمی شانۆدابووین بە زگی برسیشەوە و توانیمان چەندین پڕۆژەی خۆبەخشانە بکەین و نەھێڵین دڵی شانۆ لە لێدان بکەوێت.

• * بیرت لەوە کردووەتەوە کە وەک دەرھێنەرێک پڕۆژەیەکی شانۆیی پێشکەش بکەیت؟
• پڕ بە دڵ حەز دەکەم، کە ئەو قەیرانە تێپەڕێ، کارێکی شانۆیی پێشکەش بکەم، کە ئەمەش خەونێکی گەورەی منە وەک ھونەرمەندێک، چونکە شانۆ دنیایەکی ھێندە جوانە بە عەشقەوە دەڕوانمە کاری شانۆیی، بەڵام لە ئێستادا ھیچ شتێک ناکرێت، ھونەرمەندان تووشی گرفتێکی گەورە بوونەتەوە لەوەی کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەکانیان ناکرێت بە کاری جیدی.

* لە پڕۆژەیەکی ڕێکلامی مەزندا تۆ بینرای، کە لەوە دەچێت پارەیەکی خەیاڵی بۆ ئەو کارە بازرگانیە خەرج کرابێ، بەشداربوونی تۆ لەو کارەدا پڕکردنەوەی کارە ھونەرییەکانتە کە ئێستا وەستاوە یان دەستکەوتنی بڕێک پارەیە؟
• ئەو کارە بازرگانیە، لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکان کراوە، کە ئەویش (سان پڕۆدەکشن) و بەشداربوونی منیش وەک ھونەرمەندێک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ھونەرمەندی ئەو وڵاتە جگە لە مووچەیەکی فەرمانبەری زیاترھیچی دیکەی نیە، بۆیە پەنا بۆ کاری بازرگانی دەبات تا بتوانێت بژێوی ژیان دابین بکات، ئەم کارە بازرگانیەش کارێکی زۆر سەرکەوتووبوو، کە پێم وایە لە عێراقدا یەکەم جارە بەو پڕۆفیشناڵیەوە کارێکی ڕێکلامی لەم شێوەیە بکرێت، بۆیە دەستخۆشی گەرم لە دەرھێنەر (حەسەن عەلی) دەکەم، کە ھەمیشە لە ھەوڵی نوێگەرییە لە کارەکانیدا.
    
• * دوا پڕۆژەی تۆ چی دەبێت لە بواری ھونەردا؟
• پڕۆژەیەکی درامیمان لەبەر دەستە، بەڵام ئێستا ناتوانم ناوەڕۆک و تەواوی پڕۆژەکە لە میدیادا باس بکەم، چونکە نەچووەتە واری جێبەجی کردنەوە، بەڵام ھیوادارم ھونەرمەندان کۆڵنەدەن و ئەم قۆناغە سەختەی ئێستا تێپەڕێنین، کە کابووسێکی گەورەی لە دڵی ھەمووان دروست کردووە، بەھۆی سستی کاری ھونەری لە قەیراندا.

• * لەگەڵ کام لە دەرھێنەران ئاسوودەیت کە کاری ھونەریت لەگەڵدا کردوون؟
• ئەوەی ڕاستی بێت، من کارم لەگەڵ زۆربەی دەرھێنەرانی وەک (ئەمیر تەھا، سامی کاکە، عەدنان عوسمان، حەسەن عەلی) ھتد...کردووە، بەڵام ئەوەی کە ھەمیشە پێموایە لەگەڵ کارەکانی ئاسوودە دەبم، (حەسەن عەلی)ـیە، کە خاوەن سەلیقەیەکی جوانە و دەتوانێت لە بەرزترین ئاستدا کارەکانی پێشکەش بکات.

• * خۆت بە قەرزاری کێ دەزانیت؟
• من ئەوەی کە ھەمیشە خۆم بە قەرزاری دەزانم، ھونەرمەند (ھیوا سوعاد)ـی سەرۆکی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان و بەڕێوەبەری شانۆی ھەولێرە، کە بووە بە پاڵپشتێکی گەورە بۆ من و تەواوی ھونەرمەندانی شانۆکار، کە بەردەوام بە دوای دەرفەتێکدا دەگەڕێت کە ئێمە سەرکەوتنی خۆمان تێیدا ببینینەوە.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler