کانونی یەکەم 11, 2018

لەودیو دەرگـــــــای جەهەنەمەوە


بەشی دووەم و کۆتایی

دڵێکی گەرم و عەقڵێکی سارد:
فەیلەسوف و نوسەری فەڕەنسی (دینیس دیدرۆ ١٧١٣_١٧٨٤ز) ھەمیشە داوا لە ئەکتەر دەکات کە کارەکتەری خۆی لەسەر شانۆ وون نەکات و کارەکتەری شانۆییەکە جێگەی نەگرێتەوە وەک ئەوەی ستانسلافسکی داوای دەکات، ئەو پێیوایە ئەکتەر پێویستی بەوە نییە تەقەموسی کارەکتەر بکات و بەتەواوی بچێتە بەرگی کارەکتەرو ئامادەیی ئەکتەر بسڕێتەوەو تەنھا کارەکتەر لەسەر شانۆ دەربکەوێت، بۆیە ھەمیشە داوای لە ئەکتەر کردووە کە بەدڵێکی گەرم و عەقلێکی ساردی سەردەستە مامەڵە بکات، بە ھەمانشێوە ئەکتەری فەڕەنسی (کۆنستان کۆکلان ١٨٤١-١٩٠٩ ز) داوای لە ئەکتەر کردووە خۆی گەورەو فەرمانڕەوای خۆی بێت لە کاتێکدا لە نێو جەرگەی رووداوە بەھێزەکان و سۆزە ھەڵچووەکاندایەو کارەکتەری خۆی وەک ئەکتەر وون نەکات و تەسلیمی ھەست و سۆزو جیھانبینی سۆزداری کارەکتەر نەبێت، زۆرێکیش پێیانوایە برێخت لە داڕشتنەوەی تیۆری نامۆبوون سوودی لە بۆچوونی ئەو دوو کەسەو کەسانی وەک ئەکتەری فەڕەنسی جۆزیف تالما(١٧٦٣_١٨٢٦ ز) کە پێیوایە ئەکتەر دەبێ لە ھەمانکاتتدا پشت بە زەین و دڵ، عەقل و سۆز ببەستێت وبە تەنیا تەسلیمی یەکێکیان نەبێت، ھەروەھا ئەکتەری ئینگلیزی ئەدمۆند کین (١٧٨٧_١٨٣٣ز) کە پێیوایە زاڵبوونی سۆز لێکەوتەی نێگەتیڤی دەبێت و دەبێ ھاوسەنگییەک ھەبێ لەنێوان کۆنتڕۆڵی عەقڵ و کۆنتڕۆڵی سۆزدا.
من پێموایە نمایشی لەبەردەرگای جەھەنەم، ئەگەرچی وەک ستایل و شێواز وەک نمایشێکی ریالیستی دەردەکەوێت، بەڵام لەرووی نواندنەوە ھەوڵێک ھەیە کە ئەکتەر بە تەواوی تەسلیمی میتۆدەکانی ستانسلافسکی نەبێت و جۆرێک لە ھاوسەنگی لە ئەداییدا ھەبێت کە ھەمیشە ئاگایی خۆی و بینەرەکەشی لەدەست نەدات کە ئەوەی روودەدات نمایشێکی شانۆییە، بۆیە دەرھێنەر بەشێوەیەکی گشتی ئەکتەرەکانی پاراستووە لەوەی تەقەموسی کارەکتەر بکەن و بوونی خۆیان وەک ئەکتەر فەرامۆش بکەن، ئەمەشی نەوەکو تەنھا لە نواندن، بەڵکو لە داڕشتنی فەزای نمایش پیادەکراوە، بەشێوەیەک دیکۆری کارەکەی ئەندازە کردووە کە ھەم گوزارشت لە ماڵ و فەزای ماڵ بکات، ھەمیش وەک فەنتازیا رووبەرێکی لۆژیکی ھەبێت لەنێوان ماڵ بەشێوە واقیعییەکەی و ئەو واقیعە ھونەری و فەنتازییەی کە نمایشەکە ماڵی تیا بونیادناوە.
لەم نمایشە مامەڵەی ئەکتەر لە زۆرێک لە دیمەنەکان لەگەل سینۆگرافیا و ئێکسسوارە بەکاربرداوەکان، مامەڵەیەکی واقیعی ھونەری فەنتازییە، نەوەکو مامەلەیەکی واقیعی ژیانی، بۆ نمونە کاتێ (دەرسیم_زەریا سامی) داوا لە (سیما+ئالا سلێمان) دەکات کە ژوورەکەی و کتێبخانەکەی بۆ رێکبخاتەوە، ئێمە لە ژوورەکەی دەرسیم ھیچ کتێبخانەیەک نابینین تا رێکبخرێتەوە، تەنانەت کۆمەڵێک کتێبیش نابینین، یا ئەو کاتەی کۆمار بەدوای سیما دەگەڕێـت و لە ژووری خاڵە برایمەو بینەر دەیبینێت و ئەکتەر وا نیشاندەدات کە نایبینێت، ئەمە مامەڵەیەکی فەنتازییە لەگەل ماڵ،دەنا ماڵێک بەشێوە واقیعییە ژیانییەکەی بوونی نییە، ئەوەی ھەیە ئەو ماڵەیە کە ھزرو فەنتازیای ئەکتەر ئەو بۆشاییانە پڕدەکاتەوە کە لە دیوارە کراوەکانی ژوورەکاندا ھەیە، لەگەل ئەوەش نابێ ئەوەش لە یاد بکەین کە دەرھێنەر بە ئەنقەست بێت یا مەبەستی تر، لەنێو ئەو ماڵە فانتازییە کۆمەڵێک ئێکسسوارو کردەی ژیانی سادە پیادە دەکات کە بەلای منەوە زەروورەتییان نییە و رەنگدانەوەی ئیجابییان بەسەر نمایشەوە نییە، وەک خواردنی یاپراخ لە ئێوارە و نان و ماستی بەیانی.
ئاگایی ئەکتەر و تەرکیزکردن یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە رۆڵی گرنگییان ھەیە لە داڕشتنی کارەکتەر، ئەکتەر لە شانۆی واقیعییدا دەبێ ئاگایی و تەرکیزی تەواوی ھەبێت بۆ ھەموو ووردەکارییەکان، ھەموو جولەو دیالۆگەکان وا ببینێت کە بۆ یەکەمجار روودەدەن و یەکەمجارە دەیانبینێت و دەیانبیستێت، ئەمە یەکێکە لە بنەماکانی راستگۆیی لە نواندن، دەبێ ئەکتەر ئەو ھەستەوەرەمان پێبدات کە ئەوەی لەنێو نمایش روودەدات، ئێستا روودەدات و پێشتر ھەرگیز رووینەداوە، کارێکی دووبارەو دە بارە نییە کە ئەکتەر مەشقی لەسەر کردبێت و بەشێوەیەکی میکانیکی و ئامێرئاسا بە بینەری بگەیەنێت، ئەکتەر کاتێ دیالۆگ لەگەل ئەکتەری بەرامبەری دەکات دەبێ ئەوەندە ھەستیار بێت کە وامان لێبکات کە بڕوا بکەین ئەو دیالۆگانەی دەووترێن، دیالۆگی راستەقینەن و چەند دیرێکی لەبەرکراو نین، تەنانەت خودی کردارو جولەکانیش، دەبێ کارو کاردانەوەی نێو دراماکەو رەفتاری ئەکتەر دروستیان بکات و وا دەرکەوێت کە کارو کاردانەوەی عەفەویین و پێشتر پلانی بۆ دانەڕێژراوە، ئەگەر وا نەبێت کاردانەوەی ئەکتەر بەرامبەر دیالۆگ و کردارەکانی نێو نمایش کاردانەوەیەکی بێ گیان و ساختە دەبێت و بینەر ھەر زوو ھەست بەوە دەکات راستگۆیی لەو دیمەنەدا نییە.
لەم نمایشە بەداخەوە ئەمە کێشەی زۆرێک لە ئەکتەرەکان بوو، رەنگە تاکە ئەکتەر کە ئەو ھەستەوەرەی پێدەداین کە بەڕاستی کاردانەوەکانی بەرامبەر ئەوانی تر راستگۆیەو لێکەوتەی دیالۆگ و کردارو ھەست و ھەڵچوونی ناخی خۆی و دەرەنجامی کارو کرداری ئەوانی ترە، تەنیا زەریا سامی بوو لە کارەکتەری دەرسیم، زەریا ھەمیشە ئەو ھەستەی لا دروستدەکرین کە ئەو دیمەنەی تیاییدا دەردەکەوێت بۆ ئەو تازەیەو یەکەمجارە روودەدات، ئیحساسەکانی فرێش و عەفەویی بوون و رەنگدانەوەی ئەو کردارە ناوەکییە بوون کە فۆرم و شێوە بە جەستەو جولەو گوزارشت و دەربڕینەکانی ئەکتەر دەبەخشێت، کێشەی ئەکتەری ئێمە ئەوەیە کاتێ لە نمایشێکی واقیعی بەشداری دەکات، زۆر بە ئاگانییە لە ووردەکارییەکانی ئەو میتۆدەو تەنھا پشت بە بەھرەی خۆی و سەرنج و تێبینییەکانی دەرھێنەر دەبەستێت، لە کاتێکدا ستانسلافسکی پێیوایە دەبێ ئەکتەر ھەمیشە بخوێنێتەوەو ئەو ئەکتەرەی ناخوێنێتەوە ھیچ بەھایەکی نییە، خوێندنەوە پەیوەندی بەھێزی بە (ئاگایی) ئەکتەر ھەیە کە وا لە ئەکتەر دەکات چۆن بتوانێت کەرەستەکانی بەشێوەیەکی زانستی و لەسەر بنەمای میتۆدی گونجاو لەگەل بنەمای نمایش، بەڕاستگۆیی بەکار بێنێت، تا بە راستگۆیی بە بینەر بگات.
ئەکتەر بۆ ئەوەی قەناعەت بە بینەر بکات، دەبێ سەرەتا قەناعەت بە خۆی بکات و بڕوای بەو راستگۆییە ھەبێت کە لەبینەری داوا دەکات، بۆیە پێویستە ھەموو جولەو رەفتارو کارو کاردانەوە ناوەکی و دەرەکییەکانی لە قەناعەتەوە بێت و خۆی تا ئەو پەڕی قەناعەت و بڕوا پێی کاریگەر بێت، ئەکتەر ناتوانێت شتێک ببەخشێت کە لە خۆییدا نییەو بڕوای پێی نەھێناوە، بۆیە ئەکتەر دەبێ زۆر بە چاکی توانای خۆی بزانێت و قوڕساییەک نەخاتە سەرشانی کە توانای گەیاندنی نییە، ھەمیشە دەبێ تەرکیزی تەواوی لەلای جەستەی خۆی و جەستەی ئەکتەرەکانی تر بێت و بە ئاگایی بیانبینێت و گوێیان لێبگرێت و ھەستیان پێبکات، تا کارو کاردانەوەکانی فرێش و تازەو راستەقینە بێت و دروستکراو نەبێت، زەریا لەم نمایشە ئەگەرچی فۆرمێکی کۆمیدی بە کارەکتەرەکە بەخشیوە کە من پێموایە پەیوەستە بە خودی زەریا وەک ئەکتەر، نەوەکو سیمای کارەکتەرەکەی بێت، ئەمەش ئەو ئامادەییەیە کە پێویستە لە ئەکتەردا ھەبێت کاتێ ئەدای کارەکتەرێک دەکات و کارەکتەری خۆی وەک ئەکتەر بەزیندوویی بھێلێتەوە.
ئەگەر ئەکتەرێکی وەک سۆزیار وەربگرم لە کارەکتەری پەسار کە دووانەیەکی گرنگییان لەگەل زەریا لەنێو نمایشەکە دروستکردبوو، بەڵام لەرووی کاروکاردانەوە سۆزیار نەیدەتوانی ئەو ئیحساسە ببەخشێت کە ئەو جولەو دیالۆگانە یەکەمجارە لەبەردەمی روودەدەن، بۆیە لەرووی ھەست و تەرکیزەوە ئەو رووبەرەی پێنەدەبەخشین و ھەمیشە تەرکیزو خەیاڵی لای جولەو دیالۆگی خۆی بوو، وەک ئەوەی ئەوە تاکە وەزیفەی ئەو بێت لەو نمایشە.
ھەمان پێوەریش بۆ ساوان خالید لە کارەکتەری خەزاڵ راستە، ساوان کە مامەڵەی لەگەل کۆمارو کاردانەوەکانی دەکرد، ھەستمان نەدەکرد کە ساوان یەکەمجارە بەر ئەو کاردانەوەیە دەکەوێت، بەڵکو پێش کارو جولەو دیالۆگەکانی خۆی، ئاشنای کاردانەوەی کۆمار بوو، ئەمەش ھەموو ئیحساسەکانی راستگۆیی لای ساوان کاڵدەکردەوە، ئەگەرچی ساوان ئەکتەرێکی زۆر باشە و دەنگ و ئیحساسێکی زۆر نایاب و ھاوسەنگی ھەیەو لەسەر تەختەی شانۆ دەزانێت چۆن کارەکتەری خۆی وەک ئەکتەر زاڵ و سەردەستە بکات و کۆنتڕۆڵی دەوروبەری بکات، بەڵام ئەمە ھەمووی بەس نییە، چونکە راستگۆیی بنەمایەکی سەرەکی نواندنە لە شانۆی ریالیستی و سەختە بەسەرییدا باز بدرێت، ئەمە جگە لەوەی زۆرینەی کات ئەدای ساوان بریتییە لە نواندن لەنێو نواندن، واتە شانۆ لەنێو شانۆ، ئەمەش فاکتەرێکە کە بینەر ھەموو کاروکردەوەکانی ئەم کارەکتەرە بە ساختە ببینێت و واھەستبکات ھەموو دەربڕینەکانی ئامادەکراوو مەشق لەسەرکراوە بۆ ئەوەی فریوی خەڵک بدات.
لەلایەکی تر دەبێ ئەو پەیوەندییە واقیعییانەی نێو نمایشەکە بەشێوەیەکی ئاسایی و بێ گرێ بە بینەر بگات، بۆ نمونە زەریا و سۆزیار زۆر بە شێنەیی و متمانەوە ئەو وێنەیان بە بینەر گەیاند کە ئەوان ژن و مێردن و ھیچ جۆرە گرێیەک لەو پەیوەندییە نەدەبینرا، گەیاندنی ئەم پەیوەندییانە بەشێوەیەکی سادەو ئاسان، بێ ئەوەی زیادەرۆیی و موبالەغەی تێدا بێت، پەیوەندی بەوە ھەیە کە دەبێ ئەکتەر پێش ھەموو کەسێک وەڵامی ئەو چوار پرسیارەی پێشوو بداتەوە،(لەکوێ، کەی، بۆ، چۆن)، لە ھەمانکاتتدا ئاشنای تەواوی کارەکتەرەکەی خۆی و کارەکتەرەکانی تری نمایشەکە بێت لە رووی زەمان و شوێن و کردارو ماھیەت، ئەم ھەڵکۆڵینانە کاری ئەکتەر ئاسان دەکات و وادەکات خۆی وێنای بۆ کارەکتەرەکەی خۆی ھەبێت و دروستی بکات، لەژێر رۆشنایی ئەو دیدگا ھونەرییەی کە دەرھێنەر بۆ تەواوی نمایشەکەو فەزاکەی ھەیەتی.
پویوەندییەکانی تری نێو ئەو نمایشە پەیوەندی ئالۆزن و تاڕادەیەک جێگەی پرسیارن، بۆ نمونە بوونی (خەزاڵ_ساوان خاڵید) لەنێو ئەم خێزانەو سنگفراوانی ئەم خێزانە بەرامبەر بوونی ئەو کارەکتەرە لەنێو خێزانەکەدا، لە کاتێکدا لە دیمەنێکی پێشووی ھەمان خێزان، ھەموو خێزانەکە رەفزی ئەوە دەکەن کە مەستورەی خوشکیان بگەڕێتەوە نێو خێزانەکە.
ئەم دووفاقییە لە ھەڵوێست ھەموو ئەندامانی خێزانەکەی تیاییدا بەشدارن، ئەگەر بەھانە ئەوەیە کە خەزاڵ کێشەی لەگەل مێردەکەی ھەیەو ئەوان وەک پیاوەتی و مرۆڤدۆستی قەبوڵیان کردووە، ئایا مەستورەش ھەمان کێشەی نییە و بەدەست مێردەکەیەوە گیڕۆدە نەبووە، ئەی بۆ ئەوەندە مرۆڤانە لەگەڵ بێگانەیەک رەفتار دەکەن کەچی بۆ خوشکەکەی خۆیان کە ئەندامێکی خێزانەکەیە ھەموویان دژ و دڕندەن، بینەر وەڵامی ئەم پرسیارە لە کێ وەربگرێتەوە.
تەکنیکێکی تر کە لە شانۆی ریالیستی گرنگە و یارمەتی ئەکتەر دەدات، ئەو ھەماھەنگییەیە کە لەنێوان رەھەندەکانی ئەکتەرو کارەکتەر ھەیە، بەتایبەتی لە رووی سروشت و سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە، لەم نمایشە بەڕوونی ئەو ھارمۆنییە لە نێوان کارەکتەری (دەرسیم و زەریا) و (پەسار و سۆزیار) و لە ھەندێ کاتیش لەنێوان (خاڵە برایم و رزگار باھیر) دەبینرا، ھەر بۆیە من پێموایە ھەڵبژاردنی دەرھێنەر بۆ ئەو ئەکتەرانە کە ئەدای ئەو کارەکتەرانە بکەن، پشتی بەستووە بەو خەسڵەتە ھاوبەشانەی کە لەنێوان خودی ئەکتەرو کارەکتەرەکانیاندا ھەیە، بۆ نمونە زەریا لەرووی سروشت و بونیادو سایکۆلۆژییاوە زۆر نزیکە لە کارەکتەری دەرسیم، بە ھەمانشێوە سۆزیار سروشتێکی نزیکی لە کارەکتەری پەسار ھەیەو رەنگە لەڕووی سایکۆلۆژییەوەش جۆرێک لە ھاوتەریبی ھەبێت، بەھەمانشێوە کارەکتەری رزگار باھیر وەک ئەکتەر رەنگە لەرووی فۆرمەوە زۆرێک لە خەسڵەتەکانی خاڵە برایمی تێدابێت.
ئەم ھەڵبژاردنە وادەکات کە ئەو ئەکتەرە لەکاتی ئەداکردنی کارەکتەرەکەی تر پێویستی بە کورتکردنەوەی مەودایەکی زۆر نەبێت و خۆی لە خۆییدا وەک کارەکتەرو ئامادەیی رووبەرێکی زۆری ئەو کارەکتەرەی تێدایە کە ئەدای دەکات، بۆیە لەم نمایشە زۆرجار بینەر ئەوەندەی زەریا دەبینێت، رەنگە کەمتر دەرسیمی دی بێت، بە ھەمانشێوە سۆزیار وەک ئەکتەر ئامادەیی زیاتری ھەیە لە خودی کارەکتەری پەسار، رەنگە رزگار باھیر لەمبوارە لە ھەردوو ئەکتەرەکەی تر زیاتر ھاوبەشییەکانی لەگەل کارەکتەر یارمەتی دابێت کە کارەکتەری خاڵە برایم بەو فۆرمە ئیبداعییە رەسم بکات.
ئەم حاڵەتەی نزیکی ئەکتەرو کارەکتەر ئەگەر بە ئاگایی مامەڵەی لەگەل نەکرێت، رەنگە دەرەنجامی بۆ داھاتووی ئەکتەر باش نابێت، لەبەر ئەوەی بە دووبارە بوونەوەی کارەکتەری ھاوشێوە، ئەکتەر لە ھەموو توانا ئیبداعییەکانی دروستکردن و داھێنان بەتالدەکاتەوەو وادەکات ھەمیشە ئەوەی لەسەر شانۆکان دەردەکەوێت، خودی ئەکتەر بێت نەوەکو کارەکتەرە ئەداکراوەکان، ئەمەش ئەو نەخۆشییەیە کە لە شانۆ پێیدەووترێت کڵیشە و قاڵب، ھەرچەندە لە مێژووی نواندندا ئەم کڵیشەبوونە وەک تەکنیکێکی ئاسایی و باو کاری پێکراوەو ئەکتەرەکان بەو کلێشەیە ناوسراونەتەوە کە ئەدای کارەکتەرەکانیان پێکردووە وەک شانۆی دیلارتێ و ئێستاش لە شانۆی کڵاون و ھەندێ شانۆی تر پیادە دەکرێت و بەرچاوترین نمونەش ئەکتەری بەناوبانگی جیھانی تشاڕڵی شاپلن کە زۆر کات لە کلێشەیەک دەردەکەوێت و ئەمەش نەوەکو وەک خەوش و کێماسی بۆی تۆمارنەکراوە، بەڵکو بە یەکێک لە ئەکتەرە داھێنەرو بلیمەتەکانی جیھان دەناسرێت.
میران ئازاد لە کارەکتەری کۆمار لە دیمەنی یەکەم و دیمەنی کۆتایی نمایش بە تایبەتی بەر لە کوشتنی دەرسیم، ئەدایەکی زۆر جەنجاڵ و پڕکێشەو فەزای ھەیە، وەک ئەوەی دەرھێنەر بیەوێت بەو شێوەیە وێنای ئەو کارەکتەرە سەلەفییە بکات، ئەمەش تێروانینێکی ھەلەیە، چونکە ئەم چەمکە چەمکێکی زۆر ھزری و فکرییە و تەنانەت پەیوەندی بەخودی ئەو ریشەوەش نییە کە دەرھێنەر فۆرمی کارەکتەرەکەی تیا دروستکردبوو، رەنگە بە ھەزاران کەس ھەڵگری ھەمان ھزری کۆمار بن و ھیچێک لەو فۆرمەیان تێدا نەبێت کە لە نمایشەکە ھەیە، ئەمە مامەڵەیەکی زۆر رووکەشانەی دەرھێنەرە لەگەل ئەو چەمکەو ئەو کارەکتەرەی کە نمایندەی دەکات، ئەم ھاتواھاوارو غەڵبەغەڵبە پڕ لە زیادەڕۆیی و رووکەشە وایکردبوو ھەموو تواناکانی میران لە ئەاکردن بکوژێت و بینەر جگە لە ھاتوھاوار بەر ھیچ ئیحساسێکی ناوەکی ئەکتەر ناوەکەوێت و بەروونی دەردەکەوێت کە ھەموو ئەو وێنە قەڵەباڵغەی دەرەوە پاڵنەرێکی ناوەکی سایکۆلۆژی راستەقینەی نییە، ئەمەش کێشەیە بۆ ئەکتەر، بەڵام ئەگەر سەیری دیمەنەکانی تری نمایشەکە بکەین، دەبینین لە بەشێکی زۆری دیمەنەکان میران ئەدایەکی عەفەوی و راستگۆی ھەیە کە پاڵپشتە بە خەیاڵکردن و کارکردنی ناوەکی و تەرکیزو خاوکردنەوەی جەستە، کەواتە کێشەی سەرەکی لێرەدا زیاتر پەیوەستە بە بونیادی کارەکتەرو بونیادی درامی نمایش و دیدگای دەرھێنەر لە وێناکردنی ئەم کارەکتەرە کە زۆرجار دەبێت بە بارێکی قوڕس بەسەر شانی ئەکتەرەوە.
یەکێکی تر لەو ئەکتەرانەی کە کێشەی بونیادی کارەکتەری ھەیەو رەھەندە سایکۆلۆژییەکانی بۆ بینەر روون نین، کارەکتەری سیما، ئالا سلێمان لە ئەداکردنی ئەم کارەکتەرە بە تایبەتی لە دیمەنی یەکەمدا کە دەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، ئەدایەکی زۆر رووکەش و پڕھاتواوھاواری ھەیەو وەک ئەوەی وێنەیەکی تری کارەکتەری کۆمار بێت، ئەم ئەدا دەرەکییە کە پالپشت نییە بە بەکاربردنی یادەوەرییە ھەڵگیراوەکانی ئەکتەر، تیاییدا ئەکتەر بە کۆمەڵێک ھەستەوەرو ھەڵچوونی رووکەش باردەکرێت، بێ ئەوەی ئەو ھەڵچوون و جولانە وێنەی دەرەکی ئەو ئیحساس و ھەستە ناوەکییە بن کە ئەکتەر بە ئاگایی لە نەستییدا دروستییان دەکات و بەکاریدەبات لە ئەداکردنی حاڵەتی ھاوشێوە، بۆشاییەکی گەورەی لەنێوان ئەکتەرو کارەکتەر دروستدەکات، بەڵام ئەم بۆشاییە پەیوەست نییە بە ئامادەیی ئیجابی ئەکتەرو تەسلیم نەبوون بە سۆزو ھەڵچوونی کارەکتەر، ئەم بۆشاییە ئەو دوورییە ئیبداعییەیە کە ئەکتەر لە کارەکتەرەکەی جیادەکاتەوە، ھەرچەندە لە دیمەنەکانی تر کاتێ ئەم کارەکتەرە لەو ھەڵچوونە پڕ فەوزایە بەتاڵدەبێتەوە، ئێمە ئەکتەرێکی جیاواز دەبینین، ئەکتەرێک بە تەواوی ھەست بە ئامادەیی جەستەی خۆی دەکات و ھەماھەنگییەکی باشتر لەنێوان کردارە ناوەکی و دەرەکییەکانی بەدیدەکرێت و لەو ئەدا خودییە بەتاڵدەبێتەوە کە لە دیمەنی یەکەم لەرێگەی زاڵبوونی ساختەی ئیحساس و سۆزەوە دەبینرێت، لە دیمەنەکانی تر بە ئەکتەرێکی ئارام و خاوەن ئەدایەکی لۆژیکی ئاشنا دەبین، کە عەقل تیاییدا بە ساردییەوە کۆنتڕۆڵی دڵە گەرمەکەی دەکات و دەبێتە سیمایەکی جوانی ئەو نمایشە شانۆییەی کە ئەداو نواندنی ئەکتەر بڕبڕەی پشتی نمایش بوو.

 

حەمەسوار عەزیز

© 2017 Hawler