تشرینی دووەم 16, 2018

بەرەو ساڵیادێکی شیرین

شاخەوان مستەفا

 

 

ھەموو ساڵێک یادێکی شیرین، کە بە یادی ھونەری نیشتمان ناو دەبرێت، بە دەیان چالاکیی ڕەزاوە دەبێت، ئەو یادەش دامەزراندنی ھونەری حەوتەمی سینەمایە، کە ھەموو جیھان لەسەرپێیە بۆ نیشاندانی جوانی وڵات، لە چاوی کامێراکانی دا کە ساڵانێکە سەرگەرمی بە دیکۆمێنت کردنی ئەو بەرھەمانەیە کە نیشتمانیان جوانتر کردووە، ھەروەھا شارستانیەتی ئەو وڵاتە تەنیا لە سینەمادا وەک خۆی دەبینرێت.
• کاتێک کە نزیک دەبینەوە لە ٢٨/١٢ ھەموو ساڵێکدا، وڵات ڕۆحی لەسەر دەست دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرزترین ئاستدا ئەو یادە مەزنە بکەینەوە.
• ئەگەر پرسیار لەوە بکرێت بۆچی وڵات ھێندە بە عەشقەوە دەڕوانێتە سینەما، وەڵامەکەی سانایە، چونکە ئەو ھونەرەیە کە ھەموو دەرگاکانی سەرکەوتنی لە باوەش گرتووە، یان بڵێین ئەو ھونەرەیە کە شۆڕش و بەخۆدان و کەلتوور و داب ونەریتی پاراستووە، بۆیە حەقێکی شەرعیە کە ڕێز سینەماکاری وڵاتیش بگیرێت.
• لە کوردستانی خۆماندا ساڵانێکە لەژێر کاری تەقلیدی دا ئەو یادە بەرز ڕادەگیرێت، تەنانەت بە پاساوی ھونەریش ھیچ چالاکیەکی بەرچاو نابینرێت، تەنیا دەسەڵاتی ئێمە ئەوەیە، کە ڕێگە نەدەین ئەو یادە بەبێدەنگی و بەبێ نازی تێپەڕێ.
• لەو چەند ساڵەی دوایشدا، قەیران باڵی بەسەر ئەو وڵاتە کێشاو بە تەواوەتی لە ھونەری سینەما دابڕاین، چونکە پێشکەش کردنی بەرھەمی نەمر پێویستی زۆری بە ئیمکانیاتی ماددی ھەیە، بەتایبەت ئەگەر بمانەوێ کارێک بکەین لە ڕووی کوالێتیەوە بەرز بێت، یان چیرۆکەکان جوانتر بکەین و جوانتر لەخۆی بیخەینە بەر چاوی بینەر، ئەوە دەبێت بە توانایەکی ماددی زۆرەوە کار بۆ بەرھەم ھێنانی فیلم بکەین، جێگەی خۆشحاڵیە کە ئێستا ھەنگاوەکانی حکوومەت بۆ سڕینەوەی ناوی قەیران تا دێ خێراتر دەبن، تەنانەت گەیشتە ئەو ئاستەی ئێستا فیستیڤاڵ و کەرتی بیناکاری دەستی کردووەتە بە جووڵە، لەو نێوەندەشدا ئێمە سینەماکار دەبێت دەست لە ملی ھونەرەکەمان بکەینەوە و بەردەوام بین لە داھێنانی خۆمان، لەم قۆناغەشدا کە ئێستا نزیکین لە ساڵیادێکی مەزن دەبێت دەست بکەین بە ئامادەسازیی، بەڵام ئەمساڵ بەشێوەیەکی جیاواز و دوورکەوتنەوە لە تەقلید.
• بۆ ئەو مەبەستەش پەیرەو و پڕۆگرامی نوێ لە نێو بەڕێوەبەرایەتی سینەمای ھەولێردا گوزەر دەکات، لە چەند ڕۆژی داھاتووشدا بەشێوەیەکی فەرمی کارەکان دەست پێدەکرێن، ڕەنگە ئەمجارەیان بۆ ھەموو ئامادەبووانی ھۆڵە سینەماییەکان بیسەلمێنین لەمەودوا کاری ئێمە تەواو جیاواز دەبێت لە تەقلید و ھونەری حەوتەم لە ھەولێر بە ڕاستگۆیی ھەموو ڕووەکانی خۆی نیشان دەدا.

© 2017 Hawler