تشرینی دووەم 16, 2018

گرووپی شانۆی ھەوار بەرەو ئوردن بەڕێ کەوت

گرووپی شانۆی ھەوار دوای پێشکەشکردنی چەندین شانۆگەریی بەپێز لە ناوخۆی کوردستان، بە فەرمی بەشداری لە خولی ٢٥مینی فیستیڤاڵی شانۆیی ئوردن دەکات.

(گرووپی ھەوار)، کە تاکە تیپی ھونەری بەشدارە لەو فیستیڤاڵە بە شانۆگەریی (کورسی)، کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە ناوچەکانی کوردستان نیشان درا، ئەو بەرھەمە بوو بە جێی سەرنجی بینەرانی شانۆ، ئەمەش دەبێتە دەسپێکی جوانی گرووپی ھەوار لە نێو ئەو وڵاتەدا، ھونەرمەندانی بەشداربووش لە شانۆگەرییەکەدا بە ھیوایەکی زۆرەوە بەشدارن و دەیانەوێ کێبڕکێی بردنەوەی خەڵاتێک بکەن.
(ھەوار فارس)، یەکێکە لەو کارەکتەرە دیارانەی کە ھەمیشە وەک ھونەرمەندێکی بە سەلیقە لە نێو شانۆگەرییەکانی دڵی کوردستان دەبینرێت، لە بارەی گەشتەکەیانەوە بۆ ئەو وڵاتە بۆ (ھەولێر) دەڵێت: شانۆیی کورسییەکان وەک تاکە نوێنەری عێراق بەفەرمی بەشداریی فێستیڤاڵی شانۆی ئوردن دەکات.پاش ئەوەی فۆڕمی بەشداریکردنمان لە فێستیڤاڵەکە پڕکردەوە ڤیدیۆی نمایشەکەمان نارد بۆ لیژنەی بینین و وەرگرتنی بەرهەمەکان. بەرهەمەکەمان لەلایەن لیژنەی فێستیڤاڵەوە قبوڵکرا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە". هاوشانی گرووپەکانی وڵاتانی کوەیت و ئوردن و میسر و تونس و عەمان، گرووپەکەمان وەک تاکە نوێنەری عێراق و کوردستان بەشداریدەکەن. بەزمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی شانۆییەکە نمایشدەکەین شانۆیی کورسییەکان بەرهەمی "گرووپی شانۆی هەوار"ە لەکەرکوک، لە سینۆگرافیا و دەرھێنانی نەژاد نەجم، هەریەکە لە هەوار فارس و هونەر شەوقی و دارا عیزەدین و شاڵاو عەلی، رۆڵەکان بەرجەستەدەکەن.
سۆران بابان بەڕێوەبەری ئەم بەرهەمەیەو مەهدی شانۆ بەرێوەبەری شانۆییەکەیە.
بڕیارە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی شانۆی ئوردن لە رۆژی ١٢ی تشرینی دووەم کاتژمێر هەشتی شەو نمایش بکرێت، فێستیڤاڵەکە رۆژی (٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨) لە ئوردن دەستپێدەکات.
ناوەڕۆکی شانۆییەکە باس لە جیاوازی بۆچوون و کێشەی تاک دەکات لە کۆمەڵگەدا، هەموو ئەو ناشیرینی و قێزەونیانە دەخاتەڕوو کە بوونەتە هۆی نائارامی و بێهودەیی، لە دەقێکی جیهانییەوە وەرگیراوە و باس لە دوای جەنگی دووەمی جیھان دەکات، کە لەوکاتەدا ھیچ ئارامی نەماوە لە ژیان.

© 2017 Hawler