تشرینی دووەم 16, 2018

ئەو ئێوارەیەی (باكووری) هەموومانی کۆ کردەوە

*لە دەسپێشخەریەکی جوانی وەزارەتی رۆشبیری و لاوان، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەر و چەند هونەرمەند و نووسەر و راگەیاندکارێک، دوور لە ڕێوڕەسمی تەقلید و دووبارە، ئەمجارەیان لەماڵی خۆی، یادی داگیرسانی ٩١ یەمین مۆمی تەمەنی هونەرمەندی گەورە مامۆستا( باكووری ) کرایەوە، ڕێوڕەسمێکی جوان، یادەوەری و گۆرانی و رێزلێنان و وەبیرهێنانەوە، هارمۆنیەتێکی چێژبەخشی ئەو ئێوارەیەبوو کە هەموومان بەڵخۆشی و جوانی خۆمان تێدا دۆزیەوە .
*لەو یادە جوان و خنجیلانەیە، چەند خوێندنەوەیەک لە روانگەی هەریەکەمان دروست بوو، کە هەر هەریەکەو لە گۆشەنیگای خۆیەوە بە فرەڕەنگ خوێندنەوەی بۆ دەکرد، یەکێک لەو خوێندنەوانە بریتی بوو لوتکەی چرکەساتی خۆشی حاڵەتی دەروونیی مامۆستا باكووری، کە وێڕای کەیف خۆشی لە سیمای بەدی دەکرا، چەند جارێکیشئەو قسەیەی دوبارە کردەوە، دەیگووت ( من ساڵانێکە بەتەنیا دەژیم، تەنیایی زۆرناخۆشە، کات لەلام تێناپەڕێت، بەڵام ئەم ئێوارەیە ماڵم قەرەباڵغە و زۆر کامەرانم، بۆیە ئەمشەو لە خۆشیی ئێوە خەوم لێ ناکەوێ !!!) ئەو رازە جوان و پڕ لە راستگۆیانەی ( باكووری) لەدڵەوە هەموومانی کەیفخۆش کرد، کە ئەمڕۆ لە ساڵیادی لەدایکبوونیدا، هونەرمەندان و رۆشنبیران و راگەیاندکاران لەبیریانە و یادی دەکەنەوە، لەبەرامبەردا ئەو پیاوە مەزنە بەتەمەنە ئەمڕۆ هەست بەچێژی درەختی ژیان و تەمەن و دەوروبەر دەکات .
*ئەوەی ئێمە هەستمان پێ کرد و وەک لەوەڵامی پرسیارێکیشم لەبەرێزیان دەربارەی (ژیان و تەمەن ) ئەو گوتی : من ژیانم خۆش دەوێ، دەمەوێ بەخۆشی لەژیان بژیم و دەمەوێ بژیم !!!بێگومان ئەو وەڵامەی ( باكووری) چەندین مانا دەبەخشێت، کە هەموویان لە بازنەی چێژ بینی و چێژوەرگرتن لەژیان خۆدەدۆزنەوە، کە ئەو( ٩١) ساڵە دەژی، بەڵام هەمیشە حەزی لەبەردەوامی ژیانەو نایەوێ بمرێ، دەیەوێ لەنێو مۆسیقا و پەیوەندیە رۆحیەکەی لە گەڵ ئامێری( عود) چرکەکانی ژیانی لاخۆشەویست بێت، نەک رقی لەژیان و دەوروبەر بێتەوە .
*چەند جوانە مرۆڤ هەمیشە بە گەشبینی لەژیان بڕوانێت، پرۆژە و خەونی بەردەوامی هەبێت، هەروەک خۆی گوتی : ئێستا چەند دەستنووسێکم ئامادەیە بۆ چاپ کە رۆژانە خەریکیمە و لە داهاتوودا چاپی دەکەم، ئەمەش بەو مانایە دێت ئەو پیاوە جوان و قەڵەمدۆست و هونەرمەندە هەمیشە بە گەشبینی لە ژیان دەروانی و لە نێو بەرزی و نزمی ژیاندا ئەو هەمیشە بەهیوای خەونی نوێ و پرۆژەی نوێیە.
*ئەو یادکردنەوەیە بەمانای وەبیرهێنانەوەی هونەرمەند و نووسەر و ئەدیبانی وڵاتە، کە لەگەڵ خەمی قورسی نیشتمان بەڵام باكووری و باكووریەکان هەمیشە لەبیری وەزارەت و حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانن، بۆیە پێویستە بەپێ ی دەرفەت و کات تا بکرێ یادی ئەو مرۆڤە مەزنانە بکرێتەوە، تا نەوەکانی دادێ رابردووی پڕ لە پاکی و رەسەنایەتی و شانازی بخوێننەوە.
*بۆیە ئەم هەوڵە جوانانەی گشت لایەک، هەم وەک هەوڵی تاکەکەسی، هەم وەک وەزارەتی رۆشنبیری بەهەند وەردەگرین و دڵنیام ئەو پەیامە نامەیەکی پڕ لە یاد وەفا و رێزگرتنە لە رابردووی پاک و پڕ لەداهێنان و دەنگ و ئاواز و نووسین، جێگای خۆشحاڵیی گشت لایەکە و چێژبەخشین و شیرنترکردنی وێستگەکانی تەمەنی کەسە بە تەمەنەکان، هەموو لایەک لەدڵەوە کەیفخۆش دەکات.

© 2017 Hawler