تشرینی دووەم 16, 2018

حەیرانبێژ هێمن سارمەمی: لایه‌نه‌ هونه‌رییه‌كان بەرپرسیارن لە پشتگوێخستنی حەیران

 هێمن مەغدید ڕەحمان لە لەدایکبووی ساڵی 1979 ی هەولێرە و لەگەڕەکی تەعجیل لە دایك بووە. خۆی دەڵێت: ساڵی 2010 بەشداری پێشبڕکێی حەیرانم کرد لە بنکەی مەقام کە سەر بەوەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانە و لەو پێشبڕکێیەدا توانیم پلەی یەکەم بەدەست بێنم. هەروەها خاوەنی 5 کلیپم و بەشداری چەندین ڤیستیڤاڵم کردووە لەناوەو دەرەوەی کوردستان. هێمن سارمەمی بۆ ڕۆژنامەی هەولێر سەبارەت بە پشتگوێستنی فۆڵکلر و هونەری حەیران گوتی: بەداخەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەتەواوی هونەری هونەری حەیرانیان پشت گوێ خستووە. دەشڵێت چەندین کار و چالاکیان ئەنجامداوە ڕێزلێنانیان بۆ هەندێک هونەرمەند کردووە، بەڵام لەهیچیان حەیران و حەیرانبێژیان تێدا نەبووە. هەروەها دەڵێت: ڕێزم بۆ هەموو کەلتورێکی گەلان هەیە، بەڵام مخابن لێرە لە کوردستان و لەشاری هەولێر کەخاوەنی هونەری ڕەسەنی حەیرانە پشت گوێیان خستووە و دێن کەلتوری گەلێکی تر لەسەر ئەم هونەرە ڕەسەنە کوردییە زاڵ دەکەن. لەکۆنەوە شۆرشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد هەروابووە کورد بەردەوام قوربانیی داوە شەهیدی داوە کەچی کەسانێکی تر دێن کەڕۆژێک لەڕۆژان قوربانییان بۆ ئەو گەلە ستەمدیدەیە نەداوە و دێن فەڕزیان دەکەن لەسەر ئێمە لەهەموو بوارێک پێشیان دەخەن. سارمەمی گوتی: هەولێر واتا حەیران، ڕاستە نەتەوەکانی تریش ژیاون کلتوری خۆیان هەیە بۆ نموونە هونەری تورکمانەکان (قۆریات)یان هەیە، چەندین هونەرمەندی تایبەت بەخۆیان هەبوەو هەیە خزمەت بەو هونەرە دەکەن، بەڵام ئەوە نابێ تۆ بێی فەرزی کەی بەسەر حەیران و هونەری میللەتێکی دیکە، کە هونەرێک گەورەی گەلێکی گەورەی وەکو کوردە من لەگەڵ ئەوە نیم هونەرەکانی تر پشتگوێ بخرێن. من هونەرم بەگشتی خۆش دەوێ... بەڵام ناکرێ هونەری ڕەسەنی حەیران بەتەواوی پشتگویێ بخەن و باوەش بۆ هونەری بێگانە بکەنەوە، حەیران بەرەو نەمان دەچێت، ئەگەر بەهۆی خۆشەویستی چەند هونەر دۆست و فۆڵکلۆر دۆستێک نەبووایە دەمێک بوو ئەم هونەرە خراپترەبوو،زۆر لەمێژە دەمەوێ بابەتەک بنوسم لەسەر حەیران و ئەوکەسانەی کەبەزۆر خۆیان بەو هونەرە شۆڕ کردۆتەوە لێرەدا نامەوێ باسی ئەوە بکەم کە حەیران سەر بە چ ناوچەیەكە، یان لە کوێ سەری هەڵداوە، گرینگ ئەوەیە کە هونەری ڕەسەنی حەیران موڵکی کوردە و لەباب و باپیرانمانەوە گوتراوە و پشتاوپشت بۆ نەوەی ئێستا هاتووە و جێگای شانازیی هەموو تاکێکی کوردە. بەڵام بەداخەوە کۆمەڵێک کەس هەن ئێستا ئەو هونەرەیان بە تەواوی شێواندووە و چەند دەنگێکی نەشاز هەن کە گوێگر بێزار دەکەن لە بیستنی حەیران و وا دەکەن هیچ چێژێک لە تێکستەکەش وەرنەگری. هەروەها نەشارەزایی لەئەدای حەیران هۆکارێکی ترە بەداخەوە هەندێک لەوکەسانەی ئێستا حەیران دەچڕن بەهیچ شێوەک حەق بە حەیران نادەن و ئەدایەکی زۆر نەشاز دەکەن و هیچ زانیاریەکیان لەسەر حەیران و گوتنی نییە، نازانن بۆ یەک خولەک لەسەر حەیران بدوێن و شیی بکەنەوە. هەروەها نەشارەزایی لە میوزیک و مەقامات ئەوەش بڕگەکی یەکجار گرینگە بۆ حەیرانبێژان، چونکە هەندێک لەو گەنجانەی ئێستا کە حەیران دەچڕن بەداخەوە هیچ شارەزایەکیان لە تۆن و مقاماتەکان نییە و هەڕەمەکی بەناو دەکەون. من زۆر جار باسی ئەوەم کردووە پێشنیارم کردووە بۆ ناوەندی حەیرانبێژان کە لەڕێگای وەزارەتی ڕۆشنبیری لێژنەک پێک بێنن بۆ ئەوەی پۆلێنێک بکەن و چاک و خراپ لێک جیا بکرێتەوە. لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە ئەو کەسەی نازانێ حەیران بڵێ واز بینێ، نەخێر با زیاتر بخوێننەوە گوێ لە حەیرانبێژە کۆنەکان بگرن بازیاتر گوێ لەمیوزیک بگرن و پرسیاربکەن دەربارەی حەیران بۆ ئەوەی حەیران بە ئەکادیمی بکرێ لەو هەڕەمەکییە ڕزگاریبێ. بەڵام من تەنها خەتا لەوکەسانە ناگرم کە ئەوهونەرە ڕەسەنەی حەیرانیان شێواندووە، لێرەدا ڕووی ڕەخنەم دەکەمە وەزارەتی ڕۆشنبیری چونکە وەکو لایەنی پەیوەندیدار ئەوە ئەرکی ئەوانە پاشان تیڤیەکان بەڕاستی تا چەند دەوریان هەبووە لەبوژاندنەوەی فۆلکلۆرو کەلتووری باب و باپیران سەد ئەوەندەش لایەنی نەرێنیان هەیە لەشێواندنی ئەو هونەرە. چونکە ئەوەی هات گوتی من حەیران دەڵێم بەبێ ئەوەی هەڵسەنگاندنی بۆ بکا لەڕووی دەنگ و ئەدای حەیران یەکسەر دەیان هێننە سەر شاشەو حەیرانیان پێ دەڵێن چەند جاریش ئەو پێشنیارەم بۆ تیڤیەکان کردیە بەڵام بەداخەوە بەهەندیان وەرنەگرتووە، ناوەندی حەیرانبێژانی کوردستانیش دەورێکی خراپیان گێڕاوە لەچەندین بۆنەو فیستیڤاڵ کەسی نەشارەزایان پێشخستووە و نیشانی بینەرو جەماوەریان داوە هیچ هەنگاوێکیان بۆ ئەو کارە نەناوە. چەندین جاریش لەکۆبونەوەو دانیشتنەکان ئەو پێش نیارەم بۆ سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کردووە کەپێویستە ئەوکەسانە تۆنیان خاوێن بکرێتەوەو زیاتر شارەزابن لەبواری حەیران گوتن، یاخود خولێکیان بۆ بکرێتەوە، بەڵام ئەوانیش بەتەواوی پشت گوێیان خستووە و بێ دەنگن !!!! لەکۆتایی دەڵێم ئەگەر ئەو لایەنانەی کە پەیوەندیدارن بەو هونەرە خەمێکی لێ نەخۆن ئەوا بە یەکجاری ئەو هونەرە ناشیرن و لەناوچوون دەچێت.

 

 عەبدولقەهارهەولێری ــ هۆڵەندا

© 2017 Hawler