تشرینی دووەم 16, 2018

کاریکاتێر هونەرمەندانی باشوور و ڕۆژهەڵات کۆدەکاتەوە

لە ڕۆژانی 20-22 ئەم مانگە ناوەندی 7 ڕەنگە بە سەرپەرشتی (بەختیار سەعید) پێشانگایەکی هاوبەشی کاریکاتێریی بە ناونیشانی (ژینگە ژیانە) دەکاتەوە بۆ هونەرمەندانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گەلەری مۆزەخانەی نیشتیمانی (ئەمنە سوورەکە)، کە تێیدا 74 کارتۆنیست بە 174 تابلۆی کارتۆنی بەشداری دەکەن.

یەکێک لە بەشداربووانی ئەم پێشانگا کاریکاتێرییە هونەرمەندی شێوەکار و کاریکاتێریست (هەندرێن خۆشناو) بوو، لە بارەی ئەم چالاکییە بەرفراوانە بۆ (ھەولێر) گوتی: ئەمە چەندین جارە لەم پێشانگا هاوبەشییە کاریکاتێریی و کارتۆنیانەی کە ناوەندی 7 ڕەنگە رێکیدەخات لە شاری سلێمانی بەشداری بکەم، بەڕاستی لەم دوو سێ ساڵەی دوایی کاک بەختیار سەعید زۆر خەمخۆرانە و چالاکانە پشتگیریی ئێمەمانان دەکات لە کردنەوە پێشانگای بەرفراوان بە کۆکردنەوەی هونەرمەندانی ناوەوە و دەرەوە، و بەهۆی پەیوەندییەکانی و برادەرانەوە چەندین کەتەلۆگی کاریکاتێریی و کتێبیان بۆمان چاپکردووە و چەندین دیمانەی تەلەڤزیۆنی بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی کاریکاتێریی بۆ ئێمە و بۆ خۆی لەنێو خەڵکدا ئەنجامداوە، ئەمجارەش سەرنووسەری رۆژنامەی (کوردستان نوێ) ڕازیبوو لەسەر بڵاوکردنەوەی پاشکۆیەکی مانگانەی کاریکاتۆری بەناوی (کاری کاتۆر) بەسەرپەرشتی کاک بەختیار و دیزاینکردنی کاک پەروەر کەرکوکی، کە دەبێتە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی کار و بەرهەمەکانی هونەرمەندانی کاریکاتێر، دوای داخستنی هەموو ئەو گۆڤارانەی کە تایبەت بوون بە هونەری کاریکاتێر و ڕەخنەی گاڵتەجاڕی، پێشانگاکەی ئەمجارەشمان لە دوو تەوەر پێکدێت تەوەری ژینگە و تەوەری ئازاد.
 دواتریش پیێشانگاكه‌ ده‌به‌ینه‌ شاری سنه‌، چه‌ند رۆژێكیش له‌وێ به‌رده‌وام ده‌بێت، هیوادارم ئەم هەنگاوانە بۆ پشتگیریکردن و پەرەپێدانی هونەری کاریکاتێر لە شارەکانی تری کوردستانیشدا بنرێن، بە تایبەتی لە هەولێری پایتەختدا، بۆ نیشاندانی ڕوویەکی گەش و پێشکەوتووی بواری ڕاگەیاندن و رۆژنامەوانی، ئەمەش بەبێ هونەری کاریکاتێر ناکرێت.

 

شیڤان شێرزاد - هەولێر

© 2017 Hawler