کانونی یەکەم 18, 2018

ئەردەڵان بەکر: تەمەنێکی کورت وداهێنانی بەرچاو

بارگەی ئەمجارەمان لە هەواری کەناریەکی دەنگ کاریگەر دەخەین، پشوێکی مەبەستدار دەکەین، ئەو گۆرانی بێژە خانە خوێ یە. ناوی ئەردەڵان بەکر(ئەردۆ)یە، بە قسە خۆشەکانی و دڵەگەورەکەی پێشوازیی لێکردین وماستاوێکی سەربەکەفی هەولێرێی بۆهیناین وئێمەش سوپاسگوزاری خۆمان بۆی دەربڕی، پێم گوت، نازانم بەخۆت باسی خۆت دەکەی،! یان پرسیارت لێبکەم، تۆش وەڵام دەدەیتەوە! یان من بە شێوازی خۆم دەست پێبکەم، نەخۆشیە لەعنەتیەکە شپرزەی کردبوو، وای بە باش زانی من لەسەری بنووسم، هێزی پەیڤینی نەبوو
دەنگ:
ئەردەڵان بەکر، خاوەن دەنگێکی یەکجار هەستبزوێن و سۆزدار بوو، هەست بە حوزنێکی شاراوە لە ناواخنی دەنگی دەکرا، بە تایبەتی لە گۆرانیە ڕۆمانسیەکانی، گەر لە گۆرانی (کێ وەفای عیشقی بینیوە) ڕابمێنین، ئەو سۆزناکیە هەست پێدەکرێ لە ژێیەکانی دەنگی، چینی دەنگی دەکرێ لە باریتۆن هەژمار بکرێ، لە جەوابی جەوابەکان خۆی لە تینۆری مامناوەندی دەدا، کە چڕین بەوجۆرە ئاسان نیە،لەهەولێر حەیدەر بەقاڵ و چەلال حەردان، لەکوردستانی رۆژهەڵات مامۆستا عەزیز شاهرۆخی، لەسلێمانی رەشۆل خاوەنی ئەو دەنگە تیژە بوون،بەڵام ئەردەڵان دەنگی سەد دەرسەد لەدەنگە تینۆرەکان هەژمار ناکرێ، ئەو حەزی دەکرد لە تەبەقەی بەرز گۆرانیەکانی بچڕێ، هەتا زۆر لە گوێگرانی کە چێژ لە تەبەقەی بەرز ناکەن ڕەخنەیان لێدەگرت کە هەر هاوار هاواریەتی؟، هەندێ لە هاوڕێیە هونەرمەندەکانی کە ئێرەییان لە درەوشاوەیی کەسایەتیە هونەریەکەی دەکرد دەیانگوت :زیدەڕۆیی دەکا لە یاری کردن بە ژێیەکانی دەنگی، زەخرەفەو ئیستاتیکای دەنگی کەم دەکاتەوە. گۆرانیەکانی ئەردەڵانی هەموو موئەدیەک ناتوانێ بیڵێتەوەو ئەدای بکات، لە جەوابی جەواب لێزان وکارامە بوو ئەگەر بە دیقەت گوێبیستی بین بە ئاشکرا هەست پێدەکرێ، لە بەرنامەیەکی پێشبرکێی کوردسات بۆ کلیپ ودەنگ، کە مەزهەری خالقی دادوەربوو، سەرسامی خۆی بە توانایەکانی ئەردەڵانی جوانەمەرگ دەربڕی.
*ئەردەڵان لەخۆڕا پێڕانەگەیشت وبێتە سەر سفرەی حازری هونەر، هەولی دا، تێکۆشا، زۆر دڕکی هونەرمەندە دەنگ زیقنەکانی لە پێی ڕاچوو، ویستیان ساردی کەنەوە، بەڵام چونکە شێتانە عەشقی گۆرانی گوتن ببوو!، بووە ئەو ئەستێرە درەوشاوەی کە هەر بە نەمری لە یادەوەریمان دەمینێتەوە.
لە زۆر لە بۆنەکان گۆرانیەکانی عەزیز شارۆخی دەگوتەوە بۆ ئەوەی بە شارەزایانی هونەر بڵێ، بەڵێ من هەم، خودان دەنگێکی کەم وێنەم،حەزی لە بەرەو پێش چوون بوو، ئەوە بوو هاتە تاراوگە درێژەی بە کاروانە هونەریەکەیدا، چەند ئەلبوومێکی بەرهەم هێنا کە ئەردەڵانی لە قۆناغەک بۆ قۆناغێکی تر گواستەوە، بۆتۆمارکردنی بەرهەمەکانی بە باشترین جۆر، لە تورکیا بۆیان تۆمار دەکرد، ئەو داهاتەی کە لە ئاهەنگەکانی تاراوگە دەستی دەکەوت، هەمووی لە بەرهەمهێنانی پڕۆژە هونەریەکانی خەرج دەکردن، هەتا دڵی گوێگرانی ڕازی بکا.
.
*ئەردەڵان گۆرانیەکانی وەکو پارچەیەک لە ئەندامی جەستەی خۆشدەویست بۆیە بە باشترین شێوازوتەکنیک تۆماری دەکردن، هەربەوەش نەدەوەستا باشترین كلیپی بۆ دەکردن، بێ گوێدانە تێچووی بەرهەمەکان، هەر لەبەر ئەم هۆیەیە هەرچەند جارێ گوێبیست دەبین و دەیانبینین وادەزانین یەکەمجارە.
*تێکستی گۆرانی و بابەت دەورێکی کاریگەریان هەبووە لە بەرهەمەکانی، بابەتەکان گوزارشتیان لە خۆی دەکرد، زۆر جاران بە زمانی کەسانی دیکە، بۆ موعاناتی ئەوان گۆرانی دەگۆت، نمونە(بێزاریە. بێزاریە) کە لەوانەیە کەسانێک بەوە سەرزەنشتیان کردبێ کە ئەو گۆرانیە لوتکەی بێهودەیی وڕەشبینیە،لەڕووی تێکستەوە، یەکێتی بابەتی لێبەدی ناکرێ، لە کۆپلەی سەرەتا باسی لێکدابڕان دەکا، لە کۆپلەکانی تر باسی دەردی ئاوارەیی دەکا، گوێگر لم لەمەبەستی ناگات، وزەیەکی نەرێنی بە گوێگر دەبەخشێ، بەڵام کام لە عاشقەکان لەکاتی نەگەیشتن بە مراز لەشکری بێزاری خاکی دڵی داگیر ناکات، ئەردەڵانیش تاکەک بووە لەو کۆیە، (کچی گاور) یەکێکە لە گۆرانیە هەستەوەرەکانی کە کەس نیە لەئێمە لەناو مۆخمان بیرمان لە ناوەرۆکی گۆرانیەکە نەکردبێتەوە، کێ دەڵێ ئەو گۆرانیەی بۆ خۆی نەگوتوە؟ گۆرانی (وەفای عیشق) سەرەڕای گۆرانیەکە،شەیدایانی دەنگی وتەی پێش گۆرانیەکەشیان لەئەزبەرکردوە، کە دەڵێ(ئەردەڵان وەرە گەلەفۆنە) نیشانەی گەیاندنی پەیامەکەیەتی، لە هەمووی سەرنج ڕاکێشتر گۆرانی (زۆر دەترسم) کە دەڵێی هەستی کردوە زوو بارگەی خۆی دەپێچێتەوە، بە جێمان دێڵێ، ئەو قەلەقیە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێ،
ئەردەڵان هەر لە گۆرانیی رۆمانسی باڵا دەست نەبووە، کێ هەیە لەئێمە لە هەموو تەمەنەکان گۆرانیی (بەینۆ بەینۆ) لە گوێچکەی نەزرنگێتەوە،؟ ئەدی گۆرانیی( هەورەمان هەورەمان پڕ لە کیژۆڵەی جوان) بەبێ گوێدانی جوغزی تەسکی ناوچەگەری، زۆر جوان وبوێرانە حەیرانی دەگوت بە تەبەقەی بەرز بێ ئەوەی لە قالبی باوی حەیران لابدا.
*شیعری زۆرەک لە شاعیرەکانی کردبووە گۆرانی، عەبدوڵا پەشێو(زستانی پار لە گەڵما بووی)لەئەلبوومی کۆتایی کارێکی زۆرباشی کرد کە زۆربەی تێکستەکانی هی شاعیری هەولێری هەست ناسک (جەبار حەبیب) بوو، (بۆ نایەی بتبینم.... هتد)
چونکە هەندێ لە تێکستەکانی بەخۆی دەیبنووسین، جاری وا هەبوو نەختێ کەم و کوڕی هەبوو، قافیەکان هاوجوت نەبون، وێنەی شیعری کەمی لێبەدی دەکرا، جاری وا هەموو پیتی قوت دەکرد لەبەر کێشی تێکستەکە، نمونە:
گۆرانی بۆنایەی بتبینم مەلێکی کورماوم... راستیەکەی(مەلێکی هەڵکورماوم)،گۆرانی بخوێنە بولبول بخوێنە، لەگەڵ ئەوەی فۆنەتیك لەو گۆرانیە وەکو پێویست نیە، لەکۆپڵەیەک دەڵێ (کوژاندت شەمعی عومری من) راستیەکە (کوژاندتەوە) لەبەر کێشەکە وشەکەی قوت کردەە.، لە گۆرانی کچی گاور دەڵێ (کەس وەک من خۆشتی ناوێ) راستیەکەی، (خۆشی ناوێی)، ئەو سەرنجانەم بە خودی خۆی گوتبوو کە زوو زوو بە تەلەفۆنی قسەمان دەکرد، زۆر بەسینگێکی فراوان قەبولی سەرنجەکانمی دە کرد،ئەو سەرنجانەم بەهیچ شێوەک لە گەورەیی هونەرمەند، کەمناکاتەوە.
ئەردەڵان ئەوەی لەو تەمەنە کورتە ئەنجامی دا لە داهێنانی هونەری، کەسانێک بە هەموو عومری خۆیان نیوەیان، پێ نەکرا.
*هەر بە قسە کوردایەتیی نەدەکرد، بەڵکو خۆی پێشمەرگەی دێرین بوو، زۆر قسە لەڕوو حەقگۆ بوو، ئەگەر بیزانیبایە ئەو حەقگۆییە زیانی خودی خۆشی تێدایە، لە زۆربەی چاوپێکەتنەکانی هەستی پێدەکرا.
*ئەردەڵان کەسێکی یەك ڕووبوو، موجامەلەونیفاق وماستاوچیاتی نەدەزانی، هەتا مردیش بێ ماسکەودەمامک ژیا، لە چاوپێکەتنەکانی هەستیان پێدەکرێ، لە بیرمە بەرنامەیێ بوو لە یەکێ لە تەلەفزیۆنەکان، کە ئەو بەرنامە بەوەی بەناوبانگ بوو، مێوانەکانی بەس هی شارێکی دیاری کرای بوو، تەلەفۆنی بۆ پێشکەشکاری بەرنامەکە کرد، گلەیی لێکرد، گوتی باشە ئێوە بۆ هونەرمەندی شارەکانی تر بانگهێشت ناکەن، ئەوانیش هونەرمەندن، کە مەبەستی خودی خۆی نەبوو. زۆر نمونەی زیندوی تر، خۆشەویستیەکی کەموێنەی بۆ کوردستان بە گشتی و هەولێر، لەهەولێرێش گەڕەکی خانەقا بە تایبەت هەبوو.
*کەسایەتیەکی بەرچاوی هەبوو لە ناو خزم و دۆست و برادەران، سەخی تەبیعەت بوو، ئەوەی ئێرەیی بوو لە فەرهەنگی ئەو بوونی نەبوو، یارمەتی زۆر کەسی دەدا ئەگەر پێویستیان پێی هەبوایە.
*گۆرانیی گۆرانیبێژانی تری دوبارە چڕیوە بە شێوازی ئەدای خۆی، چێژێکی تایبەتی داوەتێ، لەوانە گۆرانی(هەردەمێک لەسەر چڵێکدا مەنیشە)کە هی جەلال سەعید ی خوالێخۆشبوو بوو، تێکستی جەبار حەبیبە،
*لە ناسین و گۆتنی جۆری مەقامەکان شارەزابووە، بەیات وسێگای بێبەش نەکردوە لە چڕینی، لە هەڵبژاردنی ڕیتمی گۆرانیەکانی مەبەستەکەی پێکاوە،زانیویەتی فلان گۆرانی پێویستە بەکامە ڕیتم ئەدا بکرێ، فیسار گۆرانی بە کامە؟ .
*لە کۆتاییدا ئەردەڵان زۆر لەوە زیاترهەڵدەگرێ کە لەسەری ببنووسرێ، بەس لەبەر درێژدادڕێ بابەتەکە زۆر ناچمە کون وکەلەبەرو بنج وبناوانی بەرهەمەکانی، لەکیسەلیان پرسی بۆ ئەوها لەسەرەخۆ دەرۆی،گوتی،سوڕدەزانم زۆر دەژیم بۆیە لەسەرە خۆ دەرۆم، لە کەروێشکیان پرسی ئەو غاردان غاردانەت لەچیە،؟ کوتی :،چونکە دەزانم زوو دەمرم، ئەردەڵانی ڕەحمەتیش دەتگوت هەستی پێکردوە وەکو کەروێشکەکە وپەپولەو گوڵە نێرگزی تەمەن کورت دەبێ، بۆیە ئەو بەرهەمە ناوازانەی بۆ جێهێشتین وتەمبەڵی ورەزیلی نەدەکرد لە بەرهەمهینانی ئەو گۆرانیە خۆشانەی کە هەموو کات لە گوێچکەمان دەزرنگێنەوە، هەی قەبرەکەت پڕ لە نوور بێ جوانەمەرگی لەبیرنەکراو،،قەبرەکەت نوقمی رەحمەت بێت ئەردەڵان بەکر بولبولی خۆش ئاواز.

 

کەمال ڕێناس

© 2017 Hawler