ئەیلول 27, 2021

(مەریوان سەفادین و ئاریان كەریم) "كانی ئاشقان"ـیان بڵاو كردەوە

هونەرمەندانی گۆرانبێژ (مەریوان سەفائەدین و ئاریان كەریم) گۆرانی (كانی عاشقان)ـیان پێكەوە تۆمار كردووە و، لەسروشتی ناوچەی مێرگەپان لەشاری سلێمانی بە هاوكاری كۆمپانیای بابیلۆن میدیا كلیپیان بۆ ئەنجامداوە، ئەو دوو هونەرمەندە لە میانەی لێدوانێكی تایبەتدا بە خوێنەرانی "هەولێر"ـیان راگەیاند، ئەو گۆرانییە تازەیان دووەم كاری هاوبەشیانە، كە بەیەكەوە ئەنجامی دەدەن، ئەو گۆرانییە بەر لە هەفتەی رابردوو لە رێگەی شاشەی (كۆرەك تیڤی) بڵاو كردەوە، هەروەها (مەریوان سەفائەدین) ئەوەش رادەگەینێت بەنیازە لە داهاتووییەكی نزیكدا كۆنسێرتێكی جەماوەری لە شاری (هەڵەبجەی شەهید) ساز بكات.

لە دەستپێكدا هونەرمەند (مەریوان سەفائەدین) لە بارەی ئەو بەرهەمە تازەیە رایگەیاند :"ئەو گۆرانییە لە رووی ئاوازو داڕشتنەوەی چۆنیەتی گوتنی خۆم دروستم كردووە، بەڵام بەشێك لەهۆنراوەكەی لە فۆلكلۆر وەمگرتووە و لە وڵاتی ئێران موزیكی بۆ ئامادەكراوە و لە سویدیش میكس و ماستیرینگی بۆ ئەنجامداوە و لەگەڵ هونەرمەند (ئاریا كەریم) بە شێوەی دوێت تۆمارمان كردووە".
بۆ كلیپی گۆرانییەكە (مەریوان) ئەوەشی گوت : "دیارە ئەنجامدانی ڤیدیۆ كلیپ لەسەر ئەركی خۆمان كارێكی ئەستەمەوە ئاسان نیە، بەتایبەتی بۆ ئەو بارودۆخەی ئێستاكە لە كوردستان هەیە، بۆیە سوپاسی هاوكاری و پاڵپشتی كۆمپانیای بابیلۆن میدیا دەكەین بۆ ئەنجامدانی كلیپی گۆرانییەكە هاوكاریان باشیان كردین، بەتایبەتی لەرووی هونەریی و پێداویستیەكانی بەرهەم هێنان، دوای تەواو بوونی سەرجەم كارەكان بەر لە (2) رۆژ لە رێگەی شاشەی كۆرەك تیڤی بڵاومان كردەوە، دیارە كەناڵی كۆرەك تاكە كەناڵی هونەرییە بۆ هونەرمەندان بۆیە ویستمان بۆ یەكەمین جار لەو كەناڵە بڵاو بكرێتەوە".
پێشتریش ئەو دوو هونەرمەندە گۆرانی (هەناسە)ـیان لە وڵاتی سوید كلیپكرد و دەنگدانەوەیەكی باشی هەبوو، هونەرمەند (ئاریان كەریم) لەلای خۆیەوە رایگەیاند: " ئەمجارەش پێشبینی دەكەین ئەم گۆرانییەمان دەنگدانەوەیەكی باشی هەبێت لەبەرئەوەی كارەكە لە گۆرانی (هەناسە) نزیكەو جگە لەوەش دەنگی من و هونەرمەند (مەریوان سەفائەدین) تاڕادەیەكی باش بۆ ئەو جۆرە گۆرانییانە گونجاوی زۆری هەیە!".
سەبارەت بەدووبارەكردنەوەی دووەم گۆرانی بە شێوەی (دوێت) لەگەڵ هونەرمەند (ئاریان كەریم) هونەرمەند (مەریوان سەفائەدین) ئاماژەی بەوەكرد : "پێشتریش ویستویەتی ئەو گۆرانییە بەتەنها تۆمار بكات، بەڵام لەبەرئەوەی هەردووكیان خەڵكی پارێزگای هەڵەبجەی شەهیدن و گۆرانییەكەش لەو ناوچەیەوە نزیكە و دەنگیشیان لەیەكەوە نزیكە، هونەرمەند (ئاریان كەریم) داوایكردووە پێكەوە تۆماری بكەن و ئەویش پێی باش بووە".
هەر لەمیانەی ئەو لێدوانەی دا (مەریوان) لەبارەی سازدانی كۆنسێرت ئەوەشی گوت : "ئەگەرچی من سازدانی كۆنسێرتم لە كوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو نەبووە، بەڵام لە ئێستادا ئارەزوو دەكەم، كۆنسێرتی جەماوەری ساز بكەم بكەم، بۆ ئەو مەبەستەش پلانی ئەوەم هەیە یەكەم كۆنسێرتم لە شارەكەی خۆم بێت، كە ئەویش شاری (هەڵەبجەی شەهید)ـە، بۆ ئەو مەبەستەش بەدوای دەرفەتێكی باش و چاك بوونی بارودۆخی كوردستان دەكەم، هیوادارم ئەو پرۆژەیەم لە داهاتوویەكی نزیكدا بخەمە بواری جێ بەجێكردنەوە".
هونەرمەندی گۆرانیبێژ (مەریوان سەفادین) هەر لەو گەڕانەوەیدا بۆ كوردستان گۆرانی (گەڵا گەڵا)ـی بە شێوازی نوێ تۆماركردۆتەوە كە بەهەمانشێوە لە وڵاتی ئێران موزیكی بۆ ئامادەكراوە لە سویدیش كاری میكسی بۆ كردووە، لە ئەشكەوتی جاسەنە لەنزیك شاری سلێمانی كلیپیان بۆ كردووە، ئەو گۆرانییە لە مانگی رابردوودا لە رێكەی شاشەی كۆرەك تیڤی بەشێوەی ڤیدیۆ كلیپ بڵاوی كردەوە"

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هه‌ولێر

 

© 2017 Hawler