تشرینی دووەم 16, 2018

هەڵبژاردن و دیارکردنی نوێنەرانی گەل لە رێی دەنگی گەل خۆیەوە، بنەمای دیموکراسیی و بەهەند گرتنی را و ئیرادەی خەڵکە. بۆ گەلێکی وەک ئێمەی کورد، کە سەدەیەک زیاترە لەناو شۆڕش بۆ رزگاری لە بن دەستی داگیرکاریداین، زۆر گرنگ و واتادارە، کە ئێمە دوای ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانە نەبڕاوەیە، دەمانەوێ لە رێی دامەزراوە شەرعییەکانەوە وڵاتمان ئاوا بکەینەوە و هەنگاویش بەرەو گەیشستن بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بنێین. لە چوار خولی رابردووی پەرلەمان و بۆ ئەم خولەش، کە پارتی دیموکراتی کوردستان هێزی یەکەم و سەرەکییە تیایدا، ئەوە بۆ زۆرینەی خەڵک، بە تایبەتی بۆ هونەرمەندان دەرکەوتووە، کە پارتی بە رابەرایەتی سەرۆکە کوردپەروەرەکەی، جەنابی کاک (مەسعود بارزانی) و بەرنامە و دیدگای بۆ پێشخستنی کۆمەڵگای کوردستانی لەسەر هەموو ئاستە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و ...تد، رۆڵی هەرە مەزن و پێشەنگی هەبووە، سەرەڕای هەموو ئەو کەموکوڕیانەی کە هەن و سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و کێشانەی بۆیشی دروست کراون، بەڵام سەرۆک و پارتی لە مەبدەئو بەرنامەی کوردایەتی و دیموکراسی و ئاوەدانی هەر سوورتر بوونە، نموونەش تێپەڕاندنی هەموو ئەو دۆخە نەخوازراو و دوژمنکاریانەی بەسەر گەلەکەمان هاتن، هەروەها ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کە خەباتێکی مەدەنی و دیموکراسی گەلی کوردستان بوو بەرامبەر بە داگیرکەران و تەواوی دونیای نادیموکراسی و بەرژەوەندخواز. ئێمە وەک هونەرمەندان، ئەگەر تەنیا باسی لایەنی هونەری بکەین، کە لەناو بەرنامە و ئەجێندای پارتیدا جێگای گرتووە، دەبینین کە لەو چەند ساڵەی کە کوردستان خۆی حوکمڕانی خۆیەتی، پارتی لە رێی پەرلەمان و حکومەت و دامەزراوەکانەوە، بە بەرنامە و ئەجێندایەکی باش کاری بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی بواری هونەر بە گشتی کردووە، ئەویش بەپێی ئەو دەرفەت و توانایەی لەبەردەستیدا بووە، نەخاسمە کە وڵاتەکەمان بە شەڕ و قەیرانی سەختدا رەت بووە. پارتی لە رێی حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانەوە، بەهۆی کادیر و شارەزایانیەوە، بەرنامە و کاری بەردەوامی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هونەری لەگشت بوارەکاندا داوە، ئەنجامدانی ئەو هەموو فیستیڤاڵ و سمینار و پیشانگا و چالاکییە بەردەوامانە، بەڵگەی گرنگیپێدانی بەرنامە و پرۆگرامی پارتیە بەو کەرتە گرنگەی کۆمەڵگا. هونەرمەندانیش بە شێوەیەکی گشتی، بەو کار و چالاکییانە ئاسوودە و رەزامەندن، وە درک بەوە دەکەن کە زیاتر خۆیان لەناو ئەو چوارچێوەیەدا دەبیننەوە و لەوێوە گرنگی بە کار و داهێنان و خەونەکانیان دەدرێ، ئەگەرچی تموحی زۆر زیاتریشمان هەیە، بەڵام ئەو دۆخی شەڕ و قەیرانە ئابووری و سیاسییەی بەسەر کوردستان سەپێنران، تا ئاستێک زیانی لەو بەرەوپێشچوونەی هونەر دا، وەک چۆن زیانی لە تەواوی سێکتەرەکانی دیکەش دا. ئێستا و بۆ لەمەودواش، هونەرمەندان بە ئومێدەوە لە بەرنامە و کارنامەی پارتی دەڕوانن، کە لەداهاتووشدا زیاتر و باشتر خزمەت بەو بوارەو بە هونەرمەندان بکات، بۆیە بێ دوودڵی و بە دڵنییاییەوە ئەمجارەش دەنگ دەدەنەوە بەو هێزە بەهێزەی، کە هەم کوردستانی لە داگیرکارانی داعش و حەشدی شەعبیدا پاراست، هەم وڵات ئاوەدان دەکاتەوە و گرنگیی زیاتریش بە فەرهەنگ و هونەر و رۆشنبیری دەدات.

 

فەرهەنگ غەفوور

© 2017 Hawler