تشرینی یەکەم 16, 2018

بەرهەم و داهێنانی دانسقە دەکەوێتە سەر توانا و ڕوئیای خاوەن بەرهەمەکە، چەندە ڕوئیایەکە جوان و قووڵ بێت، ئەندێشە و فەنتازیای هونەری تێدا بێت، نهێنیی ڕاکێشانی خوێنەر یان بینەری تێدابێت، ئەوەندە بەرزتر و نەمرتر دەمێنێتەوە.
ڕەنگە زۆر کەس هونەرمەند یان نووسەر بێت و بەرهەمیشی هەبێت، بەڵام کارەکەی سەرپێیانە و راگوزەرانە بێت و بە دونیابینییەکی قووڵەوە نەچووبێتە بنەوانی بابەتەکە، بۆیە بەرهەمەکەیشی ئەگەرچی بچێتە خانەی ئەدەبی یان هونەری، بەڵام وەک داهێنان و شاکارێکی نەمر نامێنێتەوە و سەردەمێکە ناو و باسی دێت و دەڕوا
لەناو کورددا ئەدیبان و شاعیرانی باڵا، هونەرمەندانی خۆڕسک و رەسەن، نووسەران و تەنانەت پیشەگەرانیش لە بواری خۆیاندا، ئەوەندە بە کارامەیی و روئیای جوانەوە کار و بەرهەمی خۆیان پێشکەش کردووە و هۆگر و ئاشقی کارەکانی خۆیان بوونە، دواجار بوونەتە شانامە و شاکاری بەرز و تا ئێستاش هەر بە ناوازەیی ماونەتەوە. تۆ وەرە گوزەرێک بە ناو دیوانی نالی و مەحوی، بەناو گەشتی هەورامانی گۆران، بەناو ناڵەی جودایی مام هێمن، بە ناو شەو نییە خەونتان پێوە نەبینمی عەبدوڵا پەشێو، بە ناو لاوکەکانی کاوێس و حەیرانەکانی حەسەن حەیران و هۆرە و مەقامەکانی عەلی مەردان و بەستە و گۆرانیەکانی حەسەن زیرەک و هۆرە و سیاچەمانەی عوسمان هەورامی، دەروێش عەبدوڵا و قاڵەمەڕە، سەمفۆنیا و ئاوازە رەسەنەکانی موجتەبا، وریا، دڵشاد، سەیدەحمەد…، بە ناو شانۆ و دراما و زنجیرە تەمسیلیەکانی ژیان، ژاڵە، هەبوو نەبوو، بووکی ژێر دەواری رەش، بەهاری دزراو و گەردەلوول و کارە هونەرییەکانی خوالێخۆشبوو عەلیە فەندی، کیسەڵەکانیش دەفڕن و فیلمە سینەماییەکانی دیکەی بەهمەنی قوبادیدا بکە، سەرێک لەناو چیرۆک و رۆمانەکانی شار، بەفر، حەسار و سەگەکانی باوکم، قەڵای دمدم، حەمەدۆک و کوێرئۆغلی و شاکارەکانی دیکەی یەشار کەمال و دەیان چیرۆک و رۆمانی دیکەدا بکە، بە ناو تابلۆ تەشکیلی و فۆتۆگرافەریەکاندا و بە ناو سەدان و هەزاران کاری دانسقەی بەرهەمی عەقڵی کورددا بکە و تەماشای ئەو سەلیقە و فەنتازیا هونەرییە بکە، ئەوسا تێدەگەی کە ئەدیب و شاعیر و هونەرمەندانی کورد نەک هیچیان لە خەڵکی بیانی کەمتر نییە، بەڵکو ئەگەر لەوان تێنەپڕیبن ئەوا بەجێش نەماون، بەڵام لەبەر ئەوەی کە کوردن و مەحکومی ژیانی ژێردەستەیی و داگیرکاری هاتوون، بۆیە بەرهەمەکانیان بەجیهانی نەکراون، مەگەر چەند کەسێکی وەک یەشار کەمالی لێ دەربچێت، ئەویش بەداخەوە تورک لە کورد زیاتر بە شاکارەکانییەوە دەنازێ.
ئێستا کە تەکنەلۆجیا لەوپەڕی پێشکەوتندایە و هەموو ئامراز و هۆکارێکی فێربوونیش بە ئاسانی لەبەردەستدان، دەیان دامەزراوەی ئەکادیمی لە زانکۆ و پەیمانگا و ناوەند و رێکخراو و دەزگای جۆراوجۆر لە هەموو بوارێکدا لە سەرتاسەری دونیا و لە کوردستانیشدا هەن و بەرهەمەکانیشان لە رێی تۆڕی ئینتەرنێت و تیڤییەوە بە ئاسانی دەست دەکەون، لەگەڵ ئەوەی کە مامۆستای بە ئەزموون و فێرکاری بەتواناش هەن، لەگەڵ ئەوەی کە کەرەستەی بەرهەم و شاکاری مەزن لە کوردستان و ناوچەکەدا ئەوەندە زۆرن کە لە بڕان نایەن، بەڵام بەداخەوە بەرهەمەکان نەک لە ئاست گەورەیی مەرگەساتەکان و لە ئاست بێ گەردیی سروشت و داخوازییە هونەری و ئەدەبیەکاندا نین. ئێستا بە بەراورد بە رابردوو کاری دانسقە و بەپێز لە هەموو بوارەکاندا زۆر لە پاشەکشێدایە، کە رەنگە زۆر هۆکار هەبن بۆ ئەو پاشاگەردانییە، بەڵام نەبوونی روئیا و دونیابینییەکی جوان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لەدایکنەبوونی شاکار و داهێنانی نەمر. بۆیە پێویستە لەسەر هەموو ئەوانەی توانایەک، هونەرێک، بەهرەیەک، ئەزموونێک لەخۆیاندا شک دەبەن، بە سەلیقە و روئیایەکی روونەوە کار بۆ داهێنانی جوانتر و داهێنانیش بۆ جوانترکردنی ژیان بکەن.


 

فەرهەنگ غەفوور

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.