ئەیلول 19, 2018

بەزمی پێشکەشکاری کورد و ڕیکۆردی بێمەعریفەیی

پۆڵا قاسم نووری

 

لە کوردستان فەنتەڵۆسی پێشکەشکارانی کورد تەواو نابێ، ئەوەی دەبیندرێ نەک لە سنوورەکان تێپەڕیوە، بەڵکو سنوورەکانیشی شکاندووە، بەزمی ئەم پێشکەشکارانە ڕێکۆردی بێمەعریفەیی تۆمار کردووە.
لە ھەموو دنیا ئەو کەسانەی دەبنە پێشکەشکار چەند مەرجێکی خۆی ھەیە لەوانەیش ئاستی ڕۆشنبیری و زانیاری یەکێکە لە شتە زۆر گرنگەکان، بەوەیش کەسانی میدیاکار لە خەڵکی ئاسایی جیا دەکرێتەوە.
لە بەزمی بەناو پێشکەشکار دەبینم پێشکەشکار ھەیە لە پرسیاری ئەوەی کێ سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە؟ ھەرچی دەکات ناوەکەی نازانێ، ناوی چەندینی تر دەھێنی تا لە کۆتایی ناوەکەی دەڵێ، لەگەڵ ئەوەش ئەو کەسانەی لەگەڵین پێناسەی سەیری بۆ دەکەن، کە ئەوەیش لە ھیچ شوێنێکی ئەم دنیایە نەبووە نەک پێشکەشکار بێت کە لە ھەموو کەسی ئاسایی جیا دەکرێتەوە، بەڵکو لە منداڵێکیش پرسیار بکەی دەزانێ، ئەمە پێیدەگوترێ چی؟، باشە ئەمە حاڵی پێشکەشکارمان بێت!، لە ھەمووشی سەیرتر کەسانی بە ناو بەناوبانگمان ھەیە، ئەمڕۆ قسەیەک دەکات و دژیەتی، سبەی خۆی دەچێت ئەمە دەکات، وەکوو ئەوەیە قسەی دوێنی تەنیا بۆ رێکلام بوو تا خۆی بکاتە بابەت و خەڵک زیاتر بیناسی، ئەگەر لە نەزانیشە ئەوە شتێکی ترە، کەسانی لێھاتوو و بە توانا بە بیرکردنەوەیەکی تەواو قسەدەکەن و بڕیار دەدەن، نەک دوێنێ بە ھەموو شێوەیەک لە دژ و ھەرچی قسەیە پێیان بڵێ، ئەمڕۆش پێچەوانەوەی ئەوە بکات.
بەشێک لەوانەی بە ناو پێشکەشکاران تەنیا بۆ مۆدێلن و بۆ مۆدێلی ھەندێک شیاون، ھێندەی وەکو مۆدێل لە سۆشیال میدیا دەردەکەون وەکو پێشکەشکار نین، وەرە با تاقی کردنەوەی ئاستی زانیاریان پێ بکرێت بزانین کامیان دەردەچن، وەرە با سەیری ستۆری و چالاکیی ئەمانە بکەین جگە لە ماکیاژ و ساڵۆن و کافێ و شەوە ئاھەنگەکان چی تر دەبینی، ھێندەی گرنگی بەم شتانە دەدەن گرنگی بە لایەنی ڕۆشنبیری بدەن زۆر گرنگترە، چونکە بەردەوام کارتان پێدەبێت.

© 2017 Hawler

Please publish modules in offcanvas position.