ئەیلول 27, 2021

یڵماز گونای كۆچكردوو ناوی لە مۆزەخانە هەرە گەورەکەی سینەمای توركیادا نییە

یڵماز گونای دەرهێنەری بەناوبانگی توركیا و جیهان، بە رەگەز كورد، ٣٧ ساڵە كۆچی دوایی كردووە، بەڵام كاریگەری فیلمەكانی و ئەدای وەكو دەرهێنەر لە توركیادا تاوەكو ئێستا قسەی لەبارەوە دەكرێت و وەكو ترۆپكی سینەمای توركیا ناوی دەهێنرێت. هەموو ساڵێك میدیاكانی توركیا و جیهان، لە ساڵیادی كۆچی دوایی ئەو سینەماكارە كوردەدا یادی دەكەنەوە و، فیلمەکانی شرۆڤەی جیاجیا هەڵدەگرێت.

بۆ ٢٠٢١ و لە نۆیەم رۆژی مانگی ٩دا کە ساڵیادی كۆچی دواییەتی، بە هەمان شێوە بووەوە بە باسوخواسی میدیاكانی توركیا. گونای تەمەنی كورت بوو، بەڵام لەو ماوەیەدا توانیی بنەمای سینەمای توركیا دابنێت و، دەیان ئەكتەریشی پێگەیاند، ئەمەش بە گوێرەی گوتەی زۆربەی ئەكتەر و سینەماكارە توركەكان. تاریق ئاكن ئەكتەری دیاری توركیا، كە بەردەوام لە ترۆپكدا بووە و بە قۆزترین ئەكتەری سینەمای توركیای دەزانن و چوار ساڵ لەمەوبەر كۆچی دوایی كرد، لە دیمانەیەكدا باس لە كاریگەری گونای دەكات لەسەری. ئاكن لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (CNN)ی توركی، گوتی بۆ یەكەمجارە ئەو نهێنییە ئاشكرا دەكەم، كە ئەوەی منی كردە ئەكتەر گونای بوو. ئاكن گوتی: ”هیچم لە سینەما نەدەزانی، بەڵام گونای دەستی گرتم و لە فیلمەكانیدا رۆڵی پێ دام و كردمی بەو ئەكتەرەی ئێستا“. بۆ ئەمساڵ زۆر بە جیاواز ساڵیادی كۆچی دوایی گونای كرایەوە، ئەویش مشتومڕی سیاسییەكان و هەروەها سینەماكارانی بەدوای خۆیدا هێنا. لە مۆزەخانەی سینەمای ئیستانبۆڵ، كە چەند مانگێك لەمەوبەر كرایەوە و وێنە و پرۆفایلی زۆربەی سینەماكارەكانی توركیای تێدایە، بەڵام وێنەی گونای لەو مۆزەخانەیەدا

نەبوو. بە هۆی ئەوەی وێنەی گونای لەو مۆزەخانەیەدا نییە، دەیان سینەماكار و نووسەر رەخنەی چڕیان گرت و داوایان كرد بە پەلە ئەو هەڵەیە راست بكەنەوە. ناگیهان ئاڵچی نووسەری دیاری توركیا، بە توندی رەخنەی لە وەزارەتی كولتووری توركیا گرت، بەوەی روونكردنەوە بدات ئایا تەنیا لەبەر ئەوەی گونای كوردە وێنەی لەو مۆزەخانەیەدا نییە؟
هەروەها چەند سینەماكارێكیش گوتیان، ئێمە لەسەر دەستی گونای بووین بە سینەماكار، كەچی وێنەی ئێمەی تێدایە، بەڵام ئەوی تێدا نییە. یەكێك لەو سینەماكارانە (نەباهەت چەهرە)یە، كە ناوبانگێكی گەورەی لە توركیادا هەیە. لە زانكۆكانی توركیا و، لە بەشی سینەما وانەیەكی تایبەت لەسەر سینەمای گونای هەیە و، هەركەسێك لەو بەشە بخوێنێت ناچارە كتێبێكی تایبەت لەسەر سینەمای گونای بخوێنێتەوە، چونكە شارەزایی گونای لە سینەما ئەوەندە گرنگە، ناتوانن فەرامۆشی بكەن.
یەكێك لە لایەنە گرنگەكانی گونای هەڵوێستی سیاسی بووە، زۆرجاریش لەسەر ئەو هەڵوێستانە باجی گەورەی داوە. گونای هەرگیز حاشای لە كوردبوونی خۆی نەكردووە، لە فیلمی (رێگا)ش ناوی كوردستانی هێناوە، ئەمەش بووەتە هۆكاری ئەوەی دەستگیر بكرێت و فیلمەكانیشی سانسۆر بكرێت. كاتێك توركیای بەرەو فەرەنسا بەجێ هێشت، لە لایەن حكوومەتی توركیاوە ناسنامەی توركیای لێ وەرگیرایەوە.

پاشخان
یڵماز گونای لە ساڵی ١٩٣٤ لە كەڕەتاش لە دایك بووە.
لە ١٩٨٤ لە پاریس كۆچی دوایی كردووە و هەر لەوێش لە گۆڕستانی كەسە گەورەكاندا نێژراوە.
گونای دەرهێنەر و، ئەكتەر و سیناریستش بووە. گونای وەكو دەرهێنەر كاری دەرهێنانی بۆ ٢٥ فیلمی سینەمایی و زنجیرەدراما كردووە.
سیناریۆی بۆ زیاتر لە ٥٠ فیلمی سینەمایی نووسیووە.
خاوەنی کۆمەڵێ خەڵاتی نێودەوڵەتییە، كە تاوەكو ئێستا هیچ دەرهێنەرێكی توركیا نەیتوانیوە ئەوەندە خەڵاتە بەدەست بهێنێت، دیارترینیان خەڵاتی كانە.

 

كارزان گلی - هه‌ولێر

 

© 2017 Hawler