ئازار 06, 2021

دەمێكە رووی نەداوە لە زنجیرە درامایەكی ئاوادا نەبووە ئەو هەموو هونەرمەندە لە یەكتر كۆببنەوە!

زنجیرە درامای (ئاسەوار) یەكێكە لە تازەترین بەرهەمی درامی تەلەفزیۆنی، كە لە ئێستادا كاری وێنەگرتنی بۆ ئەنجام دەدرێت، وابڕیارە لە مانگی رەمەزانی پیرۆز لە رێگەی كەناڵی سپێدە نیشانی بینەران بدرێت، ئەو زنجیرە درامایە لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەند (ئومێد كەمال)ـە، بە بەشداری پۆلێك لە هونەرمەندانی بە ئەزموون و گەنجی شارەكانی (هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە) كاری بەرهەم هێنانی بۆ دەكرێت.

 

لە میانەی ریپۆرتاژێكدا لە بارەی ناوەرۆكی ئەو زنجیرە درامایە لە بەشداربووانی ئەو كارە بەم شێوەیە بۆ "هەولێر" هاتنە ئاخاوتن.

لە دەستپێكی قسەكانیاندا نووسەر و دەرهێنەری زنجیرە درامای (ئاسەوار) دەڵێت : "ئەو زنجیرە درامایە زادەی چیرۆكێكی فرە چەشنە، كە هەردوو چەمكی كۆمێدیاو تراژیدیای لە خۆی گرتووە، لەگەڵ ئەوانەشدا چەند لایەنێكی كۆمەڵایەتی لە خۆ گرتووە، بە شێوەیەكی گشتی بەرهەمەكەم بەو شێوەیە داڕشتووە پێداویستییەكانی درامای لە ئامێز گرتووە، هەروەها بە شێوازێكی سەردەمیانە كاری وێنەگرتن و .“رووناكی و دەنگی بۆ ئەنجام دەدرێت

لەبارەی بە شداریكردنی ئەو پۆلە لە هونەرمەندان لەو زنجیرە درامایە هونەرمەند (ئومێد كەمال) دەڵێت :"سوپاس بۆ خوای گەورە پۆلێك لە هونەرمەندە گەورەكانی (هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە) لەو بەرهەمەدا كۆبوونەتەوە، كە ئەوەیان دەبێتە مایەی شانازییەكی گەورە بۆ زنجیرە دراماكە، كە پێم وایە دەمێكە رووی نەداوە لە زنجیرە درامایەكی ئاوادا نەبووە ئەو هەموو هونەرمەندە لە یەكتر كۆببنەوە، هەروەها ئەو پۆلە هونەرمەندە بوون بە هاندەر و پاڵپشتییەكی گەورە بۆ كارەكەی .“من پێم وایە ئەوان توانیان ببن بە هەوێنی سەركەوتنی كارەكەی من

ئەگەرچی (ئومێد كەمال) زیاتر وەك نووسەر و سینارست ناسراوە، بەڵام لە بارەی ئەزموونی كاری دەرهێنانی كە پێشینیەكی نەبووە لەگەڵ ئەم كارە؟ لەمبارەیەوەش دەڵێت : "ئەزموونی كاری من وەك نووسین دەمێكە، بەڵام وەك دەرهێنە ئەم درامایە یەكەمین ئەزموونی كاری بەرهەم هێنانی منە، دیارە هۆكارەكەشی تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە من ئەو سیناریۆیەم كە نووسی پێم باشبوو خۆم لە نزیكەوە چاودێری ناوەرۆكی كارە بكەم، بۆیە ناچاربووم خۆم شان بدەمە بەر ئەو كارەو ئەزموونێكی لەو شێوەیە تاقی بكەمەوە، بەڵام پێم خۆشە رۆڵی هەریەك لە (ئاودێر عومەر) یاریدەدەری دەرهێنەر هەرگیز لە یاد نەكەم، كە ئەو پاڵپشتێكی باشی كارەكەیە، هەروەها كاری وێنەگرتنی (هەڤاڵ دلێر) رۆڵێكی باڵای هەیە لە كارەكەو، (رامیار سەڵاح) وەك بەڕێوەبەری بەرهەم زۆر بە چاكی و دڵسۆزی هاوڕێ لەگەڵ سەرجەم كاستی پشتی كامێرا توانیومانە دەست لەناو دەست ئەو .“كارە بەرەو هەنگاوێكی باش ببەین

لە بەشێكی دیكەی قسەكانی دا هونەرمەند (ئومێد كەمال) لەبارەی كاتی نمایشی زنجیرە درامای (ئاسەوار) گوتی : ئەو بەرهەمە لە مانگی رەمەزانی پیرۆز نمایشدەكرێت، بەرهەمی كەناڵی سپێدەیە بەشێوەیەكی باشی كاری ئامادەكارییان كردووە بۆ سەرجەم ئەكتەرەكان، سەرجەم هونەرمەندەكان بە سنگێكی فروانەوە بەشدارییان كردووە، كە بەبێ ئەوەی هیچ ئەكتەرێك بە بڕێكی زۆر پارە رازی كرا بێت ئینجا هاتبێ، بابەتی لەو شێوەیە رووی نەداوە، بەڵكو ئەو زنجیرە درامایە بە پارەیەكی زۆر دیاری كراو كاری بەرهەم هێنانی بۆ كراوە، لەگەڵ رێز مەرج نیە .“هەموو كارێك بە پارەیەكی زۆر بەرهەم هاتبێ وابزانین كارەكە گەورەیە!

لە كۆتایی دا دەرهێنەری زنجیرە درامای (ئاسەوار) لەبارەی ئەو ئەكتەرانەی بەشدارییان كردووە لەو درامایە ئەوەشی گوت : "ئەو هونەرمەندانەی كە رۆڵێكی بەرچاویان هەیە لەو زنجیرە درامایە، هەریەك لە هونەرمەندانی گەورەو بە ئەزموون (مامۆستا سەباح عەبدولرەحمان، مستەفا ئەحمەد، زاهیر عەبدوڵڵا، هادی مەحمود، حیكمەت هیندی، فەریدون حەمە ساڵح، عوسمان حاجی، بەیان عەلی، سیروان عوسمان، رزگار عەبدولرەزاق، ئیسماعیل ئەحمەد) ـو لەگەڵ پۆلێك لە هونەرمەندانی گەنج و بە ئەزموون. عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

 

© 2017 Hawler