
دوای ئه‌وه‌ی هاوڕێی به‌ڕێزم «مه‌ریوان قه‌فتان» كتێبی (خوێندنه‌وه له زه‌مه‌نی شێوه‌كاریدا)ی به‌دیاری بۆناردم، كه له نووسین و لێكۆڵێنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندو ڕه‌خنه‌گری كورد «وه‌هبی ڕه‌سوڵ»ـه منیش به‌خۆشحاڵییه‌وه یه‌كسه‌ر ده‌ستمكرد به خوێندنه‌وه‌ی، كه له‌لایه‌ن چاپخانه‌ی پیره‌مێرده‌وه، وه‌ك (پڕۆژه‌ی قه‌فتان) به‌چاپ گه‌یه‌نراوه. ئه‌م كتێبه له (336) لاپه‌ڕه‌ی قه‌باره چوارگۆشه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگ پێكدێت و به چاپێكی جوان و پوخت له ساڵی (2019) خراوه‌ته به‌رده‌ست. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی هه‌ر یه‌ك له به‌ڕێزان «دكتۆر نه‌به‌ز بابان» و «دكتۆر محمد كنانی» پێشه‌كییان بۆ نووسیوه‌و كرۆكی بابه‌تی نێو كتێبه‌كه‌یان به‌رچاوخستووه.
ناوه‌رۆكی ئه‌م كتێبه له چه‌ند ڕاڤه‌و ڕه‌خنه‌و به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ورد بۆ چه‌ند كارێكی هونه‌رمه‌ندانی كورد كراوه‌و له‌ڕێگه‌ی ئه‌م خوێندنه‌وه ڕه‌خنه ئامێزانه‌وه «وه‌هبی ڕه‌سوڵ» توانیوییه‌تی په‌ی به چه‌ندین دیدی هونه‌رمه‌نده‌كان به‌رێت و له چه‌ندین وێستگه‌وه له‌سه‌ر كاره‌كانیان ڕابووه‌ستێت، هه‌رچه‌نده پێشتر به‌شێكی زۆری ئه‌م بابه‌تانه‌ی نووسه‌ر له‌نێو گۆڤار‌و بڵاوكراوه كوردییه‌كاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه سێ بابه‌تی یه‌كه‌می نێو كتێبه‌كه‌یه، كه بۆ خوێنه‌ر نوێن و زانیارییه‌كانیش جێگه‌ی لێوردبونه‌وه‌و تێڕامانی زیاترن، چونكه ناوهێنانی هونه‌رمه‌ندێكی كورد به‌نێوی «به‌هرام كرماشانی» تازه‌یه له‌نێو كایه‌ی مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردیدا، هه‌ربۆیه دۆزینه‌وه‌و خستنه‌ڕووی زانیاری نوێ له‌باره‌یه‌وه هه‌م له‌ڕووی تابلۆكانی و هه‌م له‌ڕووی بایۆگرافییه‌وه جێگه‌ی ستاییش و پێزانینه، كه نووسه‌رو لێكۆڵه‌ر په‌ی پێ بردووه‌و له‌نێو مۆزه جیهانییه‌كاندا تابلۆكانی چنگ خستووه‌و دواتریش به‌دوای نهێنی ژیان و شێوازی كاركردنی كه‌وتووه، كه ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌مڕۆی مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی جێگه‌ی دڵخۆشییه، هه‌ر وه‌ك بۆخۆشمان ده‌زانین به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ ئه‌م مێژووه فه‌رامۆش و بێ به‌ها كراوه‌و كه‌مترین توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر كراوه.
شایانی باسه، وێڕای بوونی چه‌ندین ئاسته‌نگ، به‌ڵام بزاوتی هونه‌ری شێوه‌كاری له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی پێشڕه‌وی خۆی نه‌وه‌ستاوه‌و كاری ئافراندن و پێشوه‌چوون به‌رده‌وامبووه، به‌ڵام له‌هه‌ر وێستگه‌یه‌ك و زه‌مه‌نێكدا دیدو تێڕوانینی خۆی بۆ كاتی ئه‌نجامدانه‌كه‌ی خۆی خوێندۆته‌وه‌و هه‌ژموونی هونه‌رمه‌ندیش له‌و سات و كاته‌دا به‌ڕوونی دیار‌و درهوشاوهبووه، هه‌ر وه‌ك چۆن هونه‌رمه‌ند و ڕه‌خنه‌گری به‌ناوبانگی عێڕاقی «د.محمد كنانی» له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێت: ((بزاوتی شێوه‌كاری هاوچه‌رخ له كوردستانی عێراق، له‌و كاركردن و ئهزموونانهیدا وه‌رچه‌رخانی گه‌وره‌ی پێكهێناوه، كه پێودان و ڕێكخستنه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی ڕێچكهوه به‌ره و ئاستی پانتایی بردووه.)) بێگومان ئه‌م بۆچوونه ئه‌وه دهسهلمنێنێت، كه ئه‌م بزاوته هونه‌رییه نه‌وه‌ستاوه‌و نه‌وه له‌دوای نه‌وه گواستراوه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌و به‌تام و بۆی خۆی.
گومانی تێدانییه، ئه‌م كتێبه چه‌ندین وێستگه‌و ده‌لاقه‌ی تاریكی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی ڕۆشن كردۆته‌وه‌و ئه‌و گومان و دڕدۆنگهیهی له‌لای خوێنه‌ر نه‌هێشتووه. هه‌ر وه‌ك خستنه‌ڕووی كاره‌كانی هونه‌رمه‌ند «به‌هرام كرماشانی» و دواتریش چه‌ند زانیارییه‌كی نوێ له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كانی «ئه‌مین زه‌كی به‌گ» ده‌خاته‌ڕوو. له‌هه‌مانكاتیشدا به‌راوردكارییه‌ك ده‌كات له‌نێو كات و ساتی كاركردنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند «عه‌بدوڵا به‌گی میصباح دیوان»دا، كه ئه‌م به‌راوردكارییه ئه‌وه‌مان بۆ یهكلادهكاته، كه كامیان پێشتر كاری هونه‌ری ئه‌نجامداوه‌و دواتریش به وردی له‌سه‌ر كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند «فه‌لاح حه‌سن» وه‌ستاوه‌و زۆر به‌وردی و كۆمه‌ڵێك زانیاری نه‌بیستراوی خستۆته‌ڕوو.
له كۆتاییدا بوونی ئه‌م كتێبه له‌نێو خانه‌ی كتێبخانه‌ی كوردیدا ده‌توانێت مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری كوردی ڕۆشن بكاته‌وه‌و لاپه‌ڕه ون و فه‌رامۆشكراوه‌كانی بخاته‌وه به‌ر كڵاوڕۆژنهی هونه‌ری شێوه‌كاری، كه به‌داخه‌وه زۆرجار جه‌نگ و بێ ده‌وڵه‌تی و بێ ده‌زگایی وایكردووه هونه‌رمه‌نده‌كانی خۆمان له‌یاد بكه‌ین و دواتریش فه‌رامۆشیان بكه‌ین. ئه‌گینا چۆن ده‌بێت خاوه‌نی سێ كۆڵیجی هونه‌رو نۆ په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌جوانه‌كان و دوو به‌شی په‌روه‌رده‌ی هونهربین و ئه‌مه‌ش حاڵی كار‌و نووسینی هونه‌ری شێوه‌كاری بێت له كوردستاندا، كه ده‌بوو تا ئێسته چه‌ندین توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی پڕ به‌ها له‌سه‌ر مێژووی هونه‌ری شێوه‌كاری (به‌سه‌رجه‌م به‌شه‌كانییه‌وه) ئهنجامدراباو كتێبخانه‌ی كوردی‌یان پێده‌وڵه‌مه‌ند كردبا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریش به‌شێك له‌م كه‌مته‌رخه‌مییه‌ی به‌رده‌كه‌وێت، چونكه وه‌ك ئاشكرایه چاپكردنی كتێبی هونه‌ری ڕه‌نگاوڕه‌نگ تێچووی زۆره‌و كه‌س ناتوانێت بچێته ژێربارییهوه، بۆیه زۆربه‌ی كتێبه هونه‌رییه‌كانیش ڕه‌نگاوڕه‌نگن و له‌به‌ر تێچووی چاپكردنی كه‌س ناچێته ژێر بهرپرسیاییهتی و ئیدی ئه‌م كتێبانه‌ش له‌نێو ڕه‌فه‌كاندا تۆزییان لێدهنیشن. جا بۆیه ئه‌ركی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیرییه ئه‌و ئه‌ركه له پڕۆژه‌یه‌كی نیشتیمانیدا بخاته سه‌رشانی و جێبه‌جێی بكات. له كۆتاییشدا ده‌ستخۆشی له «وه‌هبی ڕه‌سوڵ»ـی هونه‌رمه‌ند ده‌كه‌م و ستاییشی «پڕۆژه‌ی قه‌فتان»یش ده‌كه‌م، كه ئه‌ركی چاپكردنی ئه‌م كتێبه‌یان خستۆته سه‌رشانی خۆیان. هیوادارم هونه‌رمه‌ندانی شێوه‌كار ئه‌م كتێبه بخوێننه‌وه‌و به‌م سه‌رچاوه هونه‌رییه زانیارییه‌كانیان نوێ بكه‌نه‌وه.
خه‌لیل عه‌لی