نیسان 15, 2021

بەکر مەحمود: ئەو ڕێزو خۆشەویستی و سەروەت و سامانە مەعنەویەی خەلک هانیدام کە 35 ساڵ لە سەرتەختەی شانۆ بەردەوام بم

 

سەرکەوت بورهان

بەکرمەحمود شانۆکارو ڕۆژنامەنوس، شاعیرو نوسەر لە 1962 لەقەڵادزێ لەدایک بووە، دەرچوی پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی ڕانیە / 2003/ بەشی ئینگلیزی

35 ساڵ ئەزمونی کاری شانۆیی هەیە لەزۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکان نوسین و بەرهەمی هونەری و ڕەخنەیی بڵاوکردۆتەوە.
ئەندامی سەندیکای هونەرمەندان و ڕۆژنامەنوسانە.
سەرپەرشتیاری گروپی( شانۆی سەردەم ) ە لەقەڵادزێ بەڕێوەبەری نوسینی گۆڤاری ( چەپکەگوڵ ) ە لەقەڵادزێ.
بەکر مەحمود سەرەتای هەشتایەکان بە نوسینی شیعر و خوێندنەوە دەستی پێکردو دواتر لە شانۆ و نواندن گیرسایەوە.
لە 28.12.1984 شانۆیی (پیکەنین بە پێی یاسا) یەکەم بەرهەمە کە بەکر تییدا بەشداری کردوە و رۆڵی (مارپۆ) ی بینیوە.
دواتر شانۆیی فایلی 67، لە 30/ 3 / 1985 لەهەمان هۆڵ بۆ ماوەی چوار ڕۆژ نمایش کراوە، لەم شانۆیەدا ڕۆڵی کەسێکی نانەوای بینوە.

بەکر سەبارەت بەو بەرهەمە کە رووداوێکی ناخۆش تێیدا روودەدات بۆ ڕۆژنامەی هەولێر گووتی:-
لەم شانۆیەدا دوو کچەئەکتەر لەگەڵم ڕۆڵیان بینی،( نیهایەت مەحمود ئەحمەد و زریان مەحمود حاجی)، زۆر بەسەرکەوتوانە ڕۆڵەکەم بینی، ناوو ناوبانگم تەواوی شارەکەی گرتەوە، منێکی کوڕە هەژار، کەتایمێک دەمخوێند و تایمێک کرێکاریم دەکرد، بەدزی ماڵێ بەشێکی پارەکەم دەدا بەکتێب و گۆڤارو ڕۆژنامە، خۆم خۆم پێگەیاندو ئەو جەماوەرە دڵسۆزە هاوکارو پشتیوانم بوون،تادەمرم سوپاسیان دەکەم، چونکە باشترین فێرگەبوون بۆ من، جێی باسە لەم شانۆیەدا، مامۆستا مەحمودی باوکی زریان کەمامۆستای کوردی بوو، زۆر بەهەڵوێست بوو، لەقوتابخانە ئیمزای بەعسیەتی نەکردو دوریان خستەوە بۆ فاو، بەس نەچوو وازی لەقوتابخانە هێناو دوکانێکی خەیاتی جلوبەرگی دانا، زۆر حەزی دەکرد زریان لەسەر تەختەی شانۆ ببینێ، بەس بەداخەوە ئێمە لەجەنەڕاڵ پرۆڤەدا بووین بۆ نمایشکردن، بەڕوداوی ئۆتۆمبێل گیانی سپارد، کەچی زریانی کچی سوربوو لەسەر پێشکەشکردنی شانۆیەکە، دەیگوت، باوکم هیوایەتی ئەوەبوو من لەسەر شانۆ ببینێ، دوای سێڕۆژەی پرسە نمایشمان کرد، یادی بەخێر لەیەکەم بەرهەمی شانۆییمدا قاتێکی بەئێلەگەوە، بەپشتێنەوە بۆ دوریم، وەک دیاری سەرکەوتنم، تیپەکەشمان پێڵاو سەعات و گۆرەویان بۆ کڕیم .

بەکر لەگەڵ هونەرمەندانی رانیەو رۆڵیکی بەرچاوی هەبووەو جێپەنجەی دیار بووە لەو بارەیەوە بۆی باس کردین:
لەگەڵ شانۆکارانی ڕانیە تیپی ئاسۆسی کۆنمان گۆڕی بۆ تیپی شانۆی ڕۆشنبیر، لە 19 / 8 / 1986 کارم کرد بۆ دەرهێنانی شانۆیی سەرچاوەی ژانێکی خامۆشی مامۆستا ئەمینی میرزا کەریم بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەهۆڵی مەڵبەندی لاوانی ڕانیە نمایشمان کرد، گرفتی ئافرەتمان هەبوو، منداڵێکمان لەگەڵ بوو ناوی کارزان عەبدوڵا بوو، ماڵی پوریان لەسلێمانیەوە بەمیوانی هاتبونە ڕانیە، بۆ بەیانی کەچوینەوە هۆڵ کارزان لەگەڵ کچەپورەکەی هاتبوو، تا بەشداریمان بکات، ناوی پەروین حسێن ڕەشید بوو، ڕۆڵێکی زۆر جوانی بینی، دواتر کەڕۆیشتەوە سلێمانی پەیوەندی بە تیپی شانۆی سالارەوە کرد، بەرهەمەکەیان بردە بەغدا، ڕۆڵی( گوڵێ) ی دەبینی، لە شانۆیی کاتێک هەڵۆ بەرز دەفڕێ .
دواتر هەر لەهەمان هۆڵ و لەڕانیە شانۆیی.

بەکر باسی خزمەتکردن بە منداڵان دەکات و بەو جۆرە وەڵامی پرسیاری ئێمەی دایەوە :
سەرەتای ساڵی 2000 دا لە مەڵبەندی کازیوەی منداڵانی قەڵادزێ، چەندین ئۆپەرێت و کاری شانۆیم کردە دیاری منداڵە خنجیلانەکان، ئۆپەرێتی ( بەهارو نەورۆز ) لە 2000/3/21
(ژیان) نوسینی (عەباس عەبدلڕەزاق ) و دەرهێنانی خۆم بوو.
لە 2001/9/12 و ڕۆژانی دوایی لەڕانیەو قەڵادزێ نمایش کرا، لە فیستیڤاڵی مەڵبەندەکانی منداڵان، کەتوانیمان پلەی باشترین ئەکتەری کچ بەدەست بهێنین، کە (ژاڵە مەحمود ) ڕۆڵی ڕەنگاڵەی دەبینی،
لە ( 2002/9/27 ) ئۆپەرێتی (باران و خاک ) لە نوسین و دەرهێنانی خۆم بوو، هەروەها ( کوڕەکانی پاشا دەبن بەمەل ) نوسینی بەرزان ئەحمەدو دەرهێنانی خۆم، لەگەڵ شانۆیی خاڵخاڵی و دەنگ خۆش، چیرۆکی سیبیریاک و ئامادەکردنی هیدایەت عوسمان و دەرهێنانی خۆم، لە 2003/9/28 لەهۆڵی فەقێ ئەحمەدی دارەشمانە سێ ڕۆژ نمایش کرا. .

ڕۆڵی بەکر تەنها بۆ شانۆ نەبووە بەڵکو بۆ سینەما و دراماش ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە بۆ نمونە:
بەشداری کورتە فیلمی سینەمایی ( شەوێک لەژیانی پێشمەرگەیەک )، لە 2007 و ( ناسنامەی دۆزەخ ) لە 2008، ( فڕینی ڕوحەکان ) لە 2008 دا کردوون.

بەکر پەیامێکی هونەری دڵسۆزانەی هەیە:
شانۆ لای من پەیامێکی مرۆڤانەیە، پاکژبونەوەی ڕوحە، هۆشیاربونەوەو هەڵوێست وەرگرتن و هەڵوەستە کردنە لەسەر کۆی ئاریشەکانی کۆمەڵگا، شانۆی ڕاستەقینە ئەو شانۆیەیە کەوات لێدەکات بەر لەوە بەدوای ئەوانیتردا بگەڕێی، ناخی خۆت بدۆزیتەوە، دۆزینەوەی خودی خۆت، دۆزینەوەی ئەوانیترە.

 

© 2017 Hawler