ئایار 16, 2021

(سالار محمود) : " ئەو هونەرمەندانەی لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان دەستیان كردووە بە گۆرانی گوتن، ئەوانە هونەرمەندی زێڕی عەیارە24

هونەرمەندی گۆرانیبێژ (سالار محمود) یەكێكە لەو هونەرمەندە گۆرانیبێژانەی نزیكەی (33) ساڵە لەنێو كاری هونەری گۆرانی كوردیدا كار دەكات و بوونی هەیە، ئەو لە ئێستادا بە یەكجاری هەندەرانی بەجێهشتووەو لە كوردستان ژیان بەسەر دەبات، لەمیانەی دیدارێكی دا بۆ خوێنەرانی "هەولێر" ئاماژەی بۆ چەند لایەنێك لە كارە هونەرییەكانی خۆی كرد، بەتایبەتی ئەو بەرهەمەی لەگەڵ هونەرمەند (عەتا ئەحمەد)ـی هاوڕێی بەشێوەی (دوێت) تۆمار و كلیپی بكات، كە تا ئێستاكە لەگەڵ ئەو هونەرمەندە (10) گۆرانیان بەشێوەی دووانە تۆمار كردووە.

 

لەدەستپێكی قسەكانی دا هونەرمەند (سالار مەحمود) لەبارەی گەڕانەوەی بەیەكجاری بۆ كوردستان گوتی : "من بەر لە حەوت ساڵ كاتێك بڕیاڕی ئەوەمدا بەیكجاری بێمەوە بۆ كوردستان، هۆكارەكەی تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هەندەران بۆ ئێمەی هونەرمەندان ئەو تامو چێژەی جارنی نەماوە، نزیكی هونەرمەندان لە یەكتری وەكو جاران ئەو گەرمو گوڕییەی نەماوە!، بۆیە پێم وابوو هاتنەوەكەم باشتر بوو، بۆ ئەوەی كارە هونەرییەكانیشم لە كوردستان بە چاكی بە ئەنجام بگەینم، چونكە نەك هەر من، بەڵكو زۆرینەی هونەرمەندانی كورد ئەو بڕیاڕەیان داو گەڕانەوە، بە شێوەیەكی گشتی من پەشیمان نەبووم لە بڕیاری هاتنەوەكەم و، توانیم كارە هونەرییەكانم چالاكتر باشتر لە كوردستان بهێنمە بەرهەم!، جگە لەوانەش لە كوردستان چالاكتر بوون بەرهەمەكانم، پێم وایە چەندیین ساڵ مانەوەم لە هەندەران زەرەرێكی زۆری لە .“كارە هونەرییەكانم داوە!

 (سالار) دەربارەی دەركەوتنی زۆربەی گۆرانییەكانی لەگەڵ هونەرمەند (عەتا ئەحمەد) تا ئێستاكە (10) گۆرانیان بەشێوەی (دوێت) هۆكارەكەی بەم شێوەیە باسدەكات و دڵێت : "تاكە هۆكاری ئەوەی كە ئێمە بۆچی ئەو هەموو گۆرانییە بەیەكەوە تۆمار و كلیپ دەكەین و بەشێوەی (دوێت) بڵاویان دەكەینەوە، دیارە ستایلی كارەكانمان بەیەكەوە زۆر گونجاوە، بە چاكی لەیەكتری تێدەگەین بۆ گوتنی گۆرانییەكانمان، لە هەمان كاتدا جۆر و فۆرمی گۆرانییەكان هونەرمەند (عەتا ئەحمەد) دروستیان دەكات، لە هەمووی كاریگەرتریش لەوانە، ئێمە هاوڕێی چەندیین ساڵەین و، بەیەكەوە ساڵانێكی دوور و درێژمان بەڕێكردووە، بەتایبەتی ئەو سەردەمانەی كە لە هەندەران بووین، ئێستاكەش هەر بەیەكەوە لە كوردستانین واتە هاتنەوەكەشمان هەر بەیەكەوە بووە، تا ئێستاكەش (10) گۆرنییمان بەشێوەی (دوێت) تۆمار كردووەو واتە زۆرترین رێژەی گۆرانی دووانەیە، كە لە نێوان دوو هونەرمەندی كورد تۆمار كرابێت، بیرمان نەچێت ئەو هونەرمەندانەی لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكان دەستیان كردووە بە گۆرانی گوتن، ئەوانە هونەرمەندی زێڕی عەیارە 24 ن، ئەوە نەك هەر بۆ هونەرمەندانی گۆرانیبێژ بەڵكو بۆ هونەرمەندانی .“شانۆكار و میوزیكژەن دراماكاریش هەر ڕاستە!

هونەرمەندی گۆرانیبێژ (سالار مەحمود) لەبارەی ئەو بەشداریكردنەی لە ئاهەنگەكان، لە شوێنە گشتیەكان و رێستۆرانتەكان پێشكەشی دەكات لەگەڵ گروپە میوزیكییەكان روونی كردەوەو گوتی : "ئەگەرچی لە ساڵی پارەوە بە هۆی هاتنی شەپۆلی ڤایرۆسی كۆرۆنا بابەتی "لایڤ میوزیك" هەر نەما، بەڵام لە كۆتایی مانگەكانی ساڵی (2020)ـو لە ئێستاشدا كە لە سەرەتای ساڵی (2021)، هیواداریین ئەو بەشداریكردنەی من و چەند هونەرمەندێكی دیكەی كورد بەردەوامی هەبێت، چونكە دوو سودی زۆر كاریگەری هەیە بۆ ئێمە، یەكەمیان بۆ ئەوەیە لەكاری هونەریی دانەبڕێیت و بەردەوام بیت لەكارەكەت و، هەروەها لە نزیكەوەش گۆرانی بۆ گوێگران و هەوادارنت بڵێت، دیارە بۆ گوێگران و ئەوانەی لەو شوێنە گشتیانە دانیشتوون تام لەزەتی خۆی هەیە، ئامانجی دووەمیش بۆ ئەوەیە داهاتێكمان دەست بكەوێت، بۆ ئەوەی بژێوی ژیان و هەروەها بتوانین بەشێك لەو پارەیە بۆ بەرهەم هێنانی كارە هونەرییەكانت سوودی لێ ببینیت، كە ئەوەیان سوودێكی زۆر باشی هەیە بۆ ئەوەی جموجۆڵە هونەرییەكان نەوەستێ و كار و .“بەرهەمی هونەرمەندانیش گڕو تینێكی باشی دەبێت!

 (سالار مەحمود) ئەو هونەرمەندە هەر لەو دیدارەدا ئەوەشی ئاشكرا كرد، چەند خانمە هونەرمەندێك داویان كردووە، گۆرانی دووانە "دوێت"ـی لەگەڵ تۆمار بكەن و لەمبارەیەوەش وەها دێتە ئاخاوتن : "ئەگەرچی من گۆرانییەكانم تا ئێستاكە بە شێوەی دوێت تەنها لەگەڵ هونەرمەند (عەتا) بووە، تا ئێستاكە لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، كە ئەویش ئافرەتە گۆرانی "دوێت"ـم یا دووانەم نەچڕیووە، ئەگەرچی هەندێك خانمە هونەرمەند داوایان كردووە، بەڵام ستایل و جۆری گۆرانییەكان رێگر بوون بۆ ئەوەی ئەو كارە .“ئەنجام بدەم

لە كۆتایی دا هونەرمەند (سالار مەحمود) لەبارەی ئەو گۆرانییەی بە نیازە لە ئێستادا كاری كلیپی بۆ بكات گوتی : "چەند بەرهەمێكی تازەم بەدەستەوەیە، بەتایبەتی ئەوەی لەگەڵ هونەرمەندی ئازیز (عەتا ئەحمەد) بەنیازین لە داهاتوویەكی نزیكدا تۆمار و كلیپی بكەین، هەروەها چەند بەرهەمێكی خۆم ئامادەن، بەڵام .“نازانم كەی و چۆن كاتی تۆمار كردن و بڵاوكردنەوەی دەچێتە بواری جێ بەجێكردنەوە

 

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا - هەولێر

 

© 2017 Hawler