کانونی دووەم 18, 2021

ژەنیار ئارام: دەبێ موزیک ژەنین لە شوێنە گشتیەکان بکەینە کەلتور

 ( ژەنیار ئارام عمر) لە 1 / 3 / 2000 لە شاری سلێمانی لە دایک بووە لە خێزانێکی هونەرمەند . دەرچووی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی بەشی موزیکە بە پلەی یەکەم، قوتابی کۆلیژی هونەرە جوانەکان بەشی موزیکە لە زانکۆی سلیمانی .

 

سەرەتای ئاشنا بوونی هونەریی لە باوک و دایکێکی هونەرمەندەوە بۆ دروست بووە لە تەمەنی 2 بۆ 3 ساڵیدا، کاتیک باوکی ڤایۆلینی دەژەنی و دایکیشی گۆرانی دەووت. ئیتر ژەنیار گوێی بە تۆن و دەنگە موزیکیەکان کرایەوەو لەو دونیایەدا ژیاو پەروەردە بوو .

ژەنیار بۆ ڕۆژنامەی هەولێر بەو جۆرە وەڵامی چەند پرسیارێکی داینەوە:

 سەرەتا لە تەمەنی 4 بۆ 5 ساڵی وانەی ڤایۆلینم لای باوکم و مامم، بەتایبەتی مامم خوێند کە ئەوکات خولێکی فێربوونی موزیکی هەبوو، دواتر هەوڵم دا خۆم فێری ئامێری گیتار بکەم، کاتێک تەمەنم 10 ساڵ بوو یەکەم وانەی پیانۆم لای مامۆستا (شەهرام جەسیم) خوێند و دواتر دابڕام تا ساڵی 2012 بەشداری خولێکی ئامێری پیانۆم کرد کە مامۆستا (گۆران محەممەد عەزیز) وانەی دەگوتەوە، منیش دووەم ئەزموونی ژیانم لە ئامێری پیانۆدا لەم خولە دەست پێکرد.

 لە 2013 یەکەم وانەی تیۆری و ئامێریم لە چالاکی قوتابخانەکان لای مامۆستا (دلێر حسێن) خوێند و بە ئێستاشەوە هەر قوتابی ئەوم و شانازی دەکەم کە مامۆستایەکی وام هەیە کە منی پێشخست و فێری بچووکترین شتی ناو هونەری کردم پێشتریش لە 2011 هەندێک وانەی فێرکردبووم کە بۆمن بووبونە وانەوی سەرەتایەکانی ژیانی موزیکیم و زۆر پێشکەوتم، بەڵام وەرگیرانم لە پەیمانگا بووە وەرچەرخانێکی نوێ بۆ من و حەزو خولیاکانم . بە پیی قۆناغەکانی خوێندنم لە پەیمانگا زۆر سوودم لەمامۆستا (ڕێبین سەڵاح)، مامۆستا (یوسف خەسرەو) وەرگرت بە تایبەت لە ژەنین و هەڵبژاردنی پارچە موزیکەکان، هەر لە قۆناغی یەکەمی پەیمانگا توانیم 2 سۆناتای سەردەمی بارۆک ئامادە بکەم کە هی دانەری ئیتاڵی (دۆمینیکۆ سکارلاتی) بوو، وە کارێکی تریشم هی دانەری ئەڵمانی (جۆرج فریدریک هاندڵ) بوو بەناوی (ئیمپەرتاینس)، دواتر سۆناتەی ژمارە 16 ی (مۆتزارت) جوڵەی یەکم ژەنی، ئیتر تا کۆتایی پەیمانگا من چەند پارچەیەکی نایاب و باشم ئامادە کردو ژەنی . لەساڵی 2016 وەک موزیک ژەنین بەشداریم کرد لە شانۆگەری (کچانی گەڕەک) کە دەرهێنانی (شۆڕش قادر) بوو، هەر هەمان ساڵ بەشداریم کرد لە (یەس ئاکادیمی لە هەولێر) کە ئەوکات تەمەنم 16 ساڵ بوو و لەوێ ژەنیارە ئەمریکیەکان وانەیان پێدەگوتین من لەوێ سۆناتەی (سکارلاتی)م ژەنی.

دەمەوێت سوپاسی (جۆهن فێرگسۆن) بکەم هەر لەو ساڵەوە تا ئێستاش زۆر دڵسۆزانە یارمەتیم دەدات لە چەند کڵاسێکی ئۆنلاین بەتایبەتی لەم سەردەمی خۆپارێژی کرۆنادا. لە ساڵی 2018 دووبارە بەشداریمان کردەوە لە (یەس ئەکادیمی) و پارچەیەکم ژەنی کە هی دانەری بەناوبانگی ئەرمەنی ( ئارام خاچادوریان) بوو، بەناوی (تۆکاتا) بۆ پیانۆ کە یەکێکە لەو پارچە قورسانەی وەکو تەکنیک و شێواز.

لە 2018 بۆ 2019 چەند شێوازێکی نوێ فێربووم بۆ ئەوە (رامتین لهۆنی ) توانی زۆر یارمەتیم بدات لە فێربوونی کۆردەکان و هارمۆنی دواتریش گرنگیم بەم خاسیەت و شێوازە دا تا زیاتر کار لەسەر ئەو کارانە بکەم کە هی خۆمن و دامناون.

 

ژەنیار سەبارەت بە دانانی موزیک ووتی:

 لە تەمەنی 15 ساڵیەوە جگە لە دەخوێنم هەوڵی فێربوونی کۆمپۆزیشنم (دانان) دەدا لە ساڵی 2016 یەکەم کاری خۆم نوسیەوە، دوای ئەویش ٢ دانراوی ترم نوسیەوە، ئەم ٣ کارەم بۆ ئامێری پیانۆ بوو، ئێستاش چەند کارێکم نوسیوە بۆ سۆڵۆی پیانۆ و ڤایۆلین و چەمبەر ئۆرکێسترا و تریۆ و فلوت و پیانۆ و هتد. پشت بەخوا زیاتر بەردەوامیش دەبم تا زیاتر فێربم و ئەزموون دەکەم تا کۆتای تەمەنم.

 

ژەنیار باس لە ژەنین دەکات لە شوێنە گشتیەکان:

 دوای 2018 توانیم لە زۆر شوێندا هاوشێوەی گەلەرییەکان و شەقامەکان و مۆڵەکان و شوێنە بانگێشتکراوەکان و کتێبخانە کاری موزیکی ئەنجام بدەم و کاربکەم و ئەزموونێکی باش و جوان بۆخۆم بنوسمەوە وە بە ئێستاشەوە بێت هەر بەشداری دەکەم .

 لەگەڵ هونەرمەند ڕێژوان کە گروپێکی هەیە بە ناوی (هاوڕێ گرووپ) خەریکی پێشکەش کردنی کارین لە کتێبخانە و هەندێک شوێنە کراوەکان، ڕێژوان خۆی کارەکان دەنووسێتەوە، منیش خەریکی نووسینەوەی چەند کاریکم بۆ ئەم گروپە، هیوام وایە بەردەوام بین و کاری جوان ئەنجام دەین. من سوپاسی هاوڕێیانم ( چۆڤان و پەیوەست و داریان و ژیار و ڕێژوان محەمەد نەوزاد) دەکەم کە دڵسۆزانە یارمەتیدەرم بوون و لە رێگای ئەوانەوە توانیم بەردەوام بم و زیاتر کارەکمم خۆشبوێت و گەرموگوڕ تر بم.

 بۆ دەرچوونی خوێندنی پەیمانگا پێشەش کردنی بەرهەمی گشتی بەرهەمێکی دانەری هەنگاری (فرانز لیست)م پێشکەش کرد بە ناوی کۆنسێرت ئێتیودی ژمارە ٣ ی لەسەر پەیژەی ڕێی نزمۆکی بچووک بوو پێیان نەگوت ئون سۆسپیرۆ واتە هەناسە.

وەک هاوشانی لەگەڵ ئۆرکێسترا و سۆلۆ بەشداریم کرد کە ئەوکات پارچەیەکی زۆر بەناوبانگی ڕووسیم ژەند بەناوی (راخمانینۆڤ) پریلیودی دۆدێزی بچووک بوو.

هەر لە هەمان بەرهەمی گشتی خوێندنمان جگە لە بەرهەمی خۆم ٢ پارچەی تریشم وەک هاوشانی ئەنجامدا لە دووەم رۆژدا .

سەرەتای مانگی 1 ی 2020 دەستبەکار بووم لە شوێنێکی نوێ و جوان ئەویش (ماڵی موزیک) بوو کە تا ئێستاش بەردەوامم لەم ماڵە جوانە.

 لە پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی ناحکومی وانەی مێژووی گشتی و وانەی ئامێری پیانۆ دەڵێمەوە، هاوکات زۆر کارمان کردووە لەگەڵ یەکێک لە ژەنیارە بەتواناکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاکە ( کەسرا) کە هەندێک کاری کوردیمان زیندوو کردۆتەوە بۆ ئامێری ڤایۆلین و پیانۆ لە ماڵی موزیک .

 

سەركەوت بوڕهان

 

© 2017 Hawler