
نوینەر هۆگر لە ماوەیەکی کەم توانی وەک ژەنیاری کەمان بێتە ناو گۆرەپانی هونەری و ببێتە دەنگێکی نوی و بە تواناو سەلیقەو رۆحیەتێکی پڕ هونەری و عاشقانە بۆ موزیکژەنین کاری هونەری بکات و لە چالاکیەکانی سەرئاستی کوردستان و ڤێستیڤاڵە هونەریەکان جێپەنجەی دیار بێت و کاریگەری خۆی هەبێت، بە سۆڵۆو ناسکی دەست پەنجەکانیەوە لە ئیستادا بێ رکابەرەو زۆرینەی گۆرانی بێژان دەخوازن نوێنەر سۆلیست و کەمان ژەنی ناو بەرهەمەکانیان بێت، زۆرن ئەو هونەرمەندە گۆرانی بێژانەی کە نوێنەر بە سۆڵۆیەکانی بەرهەمەکانیانی بۆ پڕچێژترو هونەری ترکردوون.
نوێنەر لە ساڵی 1995 لە تەق تەق لە دایک بووە .
لەوەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەی هەولێر دەڵێ : لە ساڵی ( ٢٠٠٩) موزیك دەناسم، بەڵام كە تەواو تێكەڵی زانستی موزیك بوم ساڵی ٢٠١٠ بوو لە سەنتەری گەنجانی كۆیە لەلایەن مامۆستا ( هەژار) وانەی موزیكم وەرگرتوە و، بەشداری چەندین چالاكی قوتابخانەكانم كردوە و بە پێی ئەوەی کە سەرەتا بووم توانام باش بوو ڕۆڵی باشم لە چالاکیەکان هەبوو، سەرەتایەکی باشم دەست پیکرد.
لە ٢٠١٢ لە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی شەهید جعفر لە كۆیە وەرگیرام و تا قۆناغی ٣ لەوێ بەردەوام بوم، دواتر خوەێندنم گواستەوە بۆ هونەرە جوانەكانی هەولێر لەوێ لە چەندین كاری كۆنسێرت و بەرهەمی موزیكی بەشداریم كردوە ئێستاش لە كۆلێژی هونەرە جوانەكان قوتابیم، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا بەشداری زۆر كاری هونەریم كردوە وەک تاکژەنین، سترینگ كلیپ هتد..
بە نزیكەیی زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆگرامی تەلەفیزیۆنی جۆراو جۆرم بەڕێوەبردووە .
بۆ ئێستاش ئەندامی (گروپی موزیكی ڕیكۆردەكانی ڕاگرینم) و جێگری بەڕێوەبەری كۆمپانیای ئاڕتین كڕاون پڕۆداكشنم.
نوێنەر بۆ کارو چالاکی داهاتووی ووتی : لە ئێستادا سەرقاڵی چەند بەرهەمێكم لە ئایندەیەكی نزیك بڵاویان دەكەمەوە.
سەبارەت بە ئێستای گۆرانی وو موزیکی کوردی نوێنەر بە پێی ئەو شارەزاییەی کە لەو بەرنامەو کارە هونەریانە پەیدای کردووە ووتی:
گۆرانی و موزیكی كوردی لە ئێستادا ئاڵۆزیەكی زۆری پێوە دیارە كە پێویستە هەمومان هەوڵی جوانتر كردنی بدەین نەك بە لادا ڕێبردن و شێواندنی، هەوڵی باش هەیە و گەنجی زۆر بە توانا هەیە و هێشتا پێویستمان بە هەوڵی زیاترە پێویستمان بە كەسی پسپۆرە لە بواری موزیك وەك و تاك ژەنین وئامادەكردن و تەواوی ئەو بەشانەی تر کە هونەرێک بۆ گوێگر دروست دەکەن .
ئا: بەشی هونەر